لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو نزیکەی دوو هەزار و 500 قوتابی لە بەرنامەی تواناسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە خوێندن نێردراونەتە دەرەوەی وڵات. سێ لەو قوتابیانە کە لە دەرەوەی کوردستان خوێندوویانە، چیرۆکی سەرکەوتنی خۆیان بۆ ڕووداو دەگێڕنەوە.
ئەحمەد بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی ڕێگەیەکی دوورودرێژی بڕیووە، چاوەڕێ دەکات لەژێر سێبەری ماندووبونی بحەسێتەوە.
ئەو تەمەنی 22 ساڵە و دەرچووی قوتابخانەی شوەیفاتی نێودەوڵەتییە. چەند مانگێک دەبێت بەشی نەوتی لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی (TEXAS A&M)ی تەواوکردووە.
ئەو یەکێکە لەو دەیان قوتابییە کوردەی کە لە زانکۆ بەنێوبانگەکانی جیهان بەسەرکەوتووی خوێندنیان تەواوکردووە.
مینا نموونەیەکی دیکەی ئەو قوتابیانەیە کە خوێندنی لە دەرەوەی کوردستان تەواوکردووە، ساڵی 2013 لە پۆلی 12 دەرچووە و خوێندنەکەی لە زانکۆی (Bilkent) تورکیا درێژە پێداوە. ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیایەکی تایبەت بە بوارەکەی خۆی کاردەکات.
مینا توانا و لێهاتوویی خۆی لە بوارەکەیدا و هەروەها ئاستی زانستی زانکۆکەی بە هۆکاری سەرەکی متمانەی ئەم کۆمپانایە دەزانێت بۆ وەرگرتنی.
ئالان خەریکی دیزاینی پرۆژەیەکە، ئەو ئەندازیاری ئەلیکترۆنیکی لە زانکۆی ستارفۆرتی ئەمریکی تەواوکردووە. ئەگەرچی بوارەکەی خۆی ئەلیکترۆنییە، بەڵام لێهاتوویی باشی هەیە لە دیزاینی ماڵپەڕ.
ساڵانە زانکۆ ئاست بەرز و بەنێوبانگەکانی جیهان خواستێکی زۆریان لەسەرە، چانسی وەرگرتنی قوتابیانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان زیاترە بە بەراورد بە قوتابیانی قوتابخانەی ئاسایی بەهۆی بەرزی ئاستی زانستییان.
ژمارەی قوتابیانی بیانی لە هەندێک وڵات بەردەوام لە بەرزبوونەوەیە ئەمەش بەهۆی ئەستێرەبوونی زانکۆکانی و خواستیی بەردەوامی قوتابیانی جیهان لەسەر ئەو زانکۆیانە.
ئەمریکا بە پلەی یەکەم دێت لە ژمارەی قوتابیانی بیانی لە وڵاتەکەیدا کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیون و 44 هەزار قوتابی. هەروەها چین پلەی دووەمی هەیە کە نزیکەی 490 هەزار قوتابی بیانی لەو وڵاتە دەخوێنن.[1]
#10-03-2019#