لە دوای ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە گشتی و لە پارێزگای #کەرکووک# بە تایبەت دەگوزەرێت، بۆشاییەکی ئەمنی گەورە دروستبووە، کە سەر و ماڵی هاووڵاتیان بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە و بەتایبەت هاووڵاتیانی کورد لە مەترسیدایە، و هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراق و میلیشیاکان بە هیچ جۆرێک توانای پاراستنی سەقامگیری ئەو ناوچانە و ژیانی هاوڵاتیانیان نییە.
لەگەڵ بەردەوامی هەڕەشەکان بۆ سەر جووتیارانی کورد و ئەو ستەمەی بەرامبەریان دەکرێت لە سووتاندن و ڕێگریکردن لە دوورینەوەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان، هەوڵدان بۆ چۆڵکردنی گوندە کوردنشینەکان و نیشتەجێکردنی عەرەبی هاوردە لە شوێنەکانیان، و ڕووخاندنی خانووی هاوڵاتیانی کورد لە ناوەندی شاری کەرکووک بە بیانووی جۆراوجۆر، بەداخەوە شەوی پێنج شەممە 30-5-2019 زنجیرەیەک تەقینەوە هاووڵاتیانی لە شاری کەرکووک کردە ئامانج و دەیان هاووڵاتی بوونە قوربانی.
پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، و وێڕای بە توندی ئیدانەکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییانە، داواکارین بە خێرایی کاربکرێت بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و گەیاندنیان بە سزای یاسایی.
ئێمە لە لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، هەموو ئەو ڕووداوانەی لەو ناوچانە دەگوزەرێن، بە پیادەکردنی شێوازێکی جیاواز لە تەعریبکردن دەبینین، کە سەرەڕای تێکدانی ڕەوشی سەقامگیری ئەو ناوچانە، ئاشتی کۆمەڵایەتی لە نێوان پێکهاتەکان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە داواکارین هەرچی زووترە کاربکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەم ناوچانە لە ڕێگای گرتنەبەری چەند هەنگاوێک، کە بریتیین لە:
- کۆتاییهێنان بە دۆخی عەسکەرتاریەت لەو ناوچانە.
- گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ شوێنەکانی پێشتر و پاراستنی کەرکووک بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق.
- ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی شارەکان بە پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
- گۆڕینی پارێزگاری بە وەکالەت و سەرجەم ئەو بەرپرسانەی لە یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای کەرکووک، کە بە بێ هەڵبژاردن و ویستی پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە، داسەپێنراون.
- کارکردنی جددی بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی (ماددەی 140) لە دەستووری عێراق، کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەرجەم کێشەکانی ئەو ناوچانە دەبێت.
لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
#31-05-2019#