کوردستان لە مەترسییدایە
خەڵکی کوردستان و بەڕێوەبەرانی سیاسیی کوردستان، داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان لە پلەی زەنگی سوور دایە
پێویست ناکات بە تایبەتیی باس لە سیاسەتی کۆمەڵکوژانەی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر خەڵکی کوردستان بکەین. ئەم دەوڵەتە دڕندە داگیرکەرە لە سەر تەختی فەرمیی خۆی و لە چواردەوری تەختەکەی بە ئاشکرا باس لە مەبەست و خواست و ئومێدی خۆی دژ بە خەڵکی کوردستان دەکات. ڕاستیەکی ڕوونە هێشتا بە داخەوە زۆرینەی هێزەکانی کوردستان وەڵامێکی دروستحیسابی و گەرماوگەرم و بە دەستوبرد بەم دەستدرێژییکاریی و داگیرکەرییە نادەنەوە. هەڵوێستێکی لەم جۆرە جێی پرسیارە و نیگەرانییە. لەبەرئەوەیە ئێمە وەکوو کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک بە ڕۆشنیی دەیڵێین و دەمانەوێت کە سەرنجێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی بخرێتە سەر ئەم مژارە جیددیە.
با ئەو قسەیە دووابرە بکەینەوە کە هەمووان بە گشتیی دەڵێن: لە ڕۆژی ئەو ڕۆدا دەوڵەتی تورکیا و ئێران دژ بە دەستکەوتی کورد و کوردستان لە ناو بزاڤێکی گەلێک دوژمنانەدان و هەموو هەوڵێک دەدەن کە ڕێگا لە کوردان بگرن بۆ ئەوەی تا بتوانن هەناسە لە کوردستانیان ببڕن. هەر ئێستا لە پیادەکردنی ئەم کارەدان. ئەم دوژمانیەتیە خوێنخوارییە لە باکوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەبینرێت.
لە سەرەتادا لە باشوور بە دامەزراندنی مۆڵگۆکەی کۆنترۆڵکردن دەستی پێ کرد. پاشان دەستدرێژییان کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. بە ئامانجی لەیەک پچڕاندنی جوگرافیایی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێگاگرتن لەوەی کە کوردان دەستڕەسیی بە دەریای سپی بگات پارچەیەکی گەورەی ڕۆژئاوایان لە جەرابلوس و عەزازەوە هەتا #عەفرین# داگیر کرد و سپایەکی بەئەژمار و کۆمەڵێک چەتەی تیادا کۆکردووەتەوە.
لەم دوواییەشدا لە ستراتیژیەکی هەرە نوێی خۆیدا دەوڵەتی تورک لە هەڵپەی ئەوەدایە کە مۆڵگا سپایی و سیخوڕییەکانی خۆی مەزنتر بکات و لە ڕووی سەربازیی و تەمکنیکییەوە پێکەوە گرێیان دەدا و هاوکات ناوچەی زیاتر و زیاتر لە باشووری کوردستان بە مەبەستیی خۆمۆڵکردنێکی درێژخایان داگیر دەکات. ئامانجی سەرەکیی لەم هەوڵە داگیرکەرییە نوێییە هەر ئەوە نییە کە باشوور کۆنترۆڵ بکات، بەڵکو هەروەها ئەوەیش کە دەستی بە ڕۆژهەڵات و باکووریش بگات و لەیەکەیان داببڕێت.
هێرشی سەر خاکورک هەر دژ بە هێزی گەریلا نییە بەڵکو دژ بە هەموو خەڵکی کوردستانە و بۆ داگیرکردنی سەرانسەری کوردستانە. دەبێت لەم ڕاستییە تێ بگەین و هەموو لایەک لە سەر بنەمای ئەم ڕاستییە تێکۆشان و بەرخۆدان بکات.
هێزی گەریلا و خەڵکی ئەو ناوچانە دژ بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورکیا بە گەرمیی تێ دەکۆشن و ڕێی پێ نادەن بە پێی مەبەست و هیوای خۆی پێش بکەوێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەو شیاوە هەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە دەڤەری جززێوە لە باکوور بەرەو دێرک لە ڕۆژئاوای کوردستان دەست بە داگیرکەریی بکات و بەو شێوەیە ڕحژئاوای کوردستان بکات بە سێ کوتەوە و ڕۆژئاوا لە یەک داببڕێت. نیەتیی دەوڵەتی تورکیا تەواو داگیرکەرانە و دوژمنانەیە و بۆ ئەوەیە کە بە تەواوی کوردستان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. دیارە ئەمە هەڕەشەیە لە سەر تەواوی کوردستان، نەک هەر بە تەنیا پارچەیەک و بۆ تێکدان و وێرانکردنی تەواوی کوردستانە.
ئەگەر ڕێگا لە دەوڵەتی تورک نەگرین ئەوا بکوژیی و دزیی و تاڵانیی دەوڵەتی تورک کە تا ئێستا لە باکوور و ڕۆژئاوا و هەندێک شوێنی باشوور دیتوومانە لە سەر هەموو کوردستان دەبێت بە ڕاستییەک.
ئێستا دەبێت چی بکرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ڕوونە. هەر کار و خەبات و تێکۆشانێک کە ڕێ لە دەوڵەتی داگیرکەر بگرێت دەبێت بێ دوودڵیی و گومان بکرێت. ئەم کارەیەش بە یەکیەتییەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی شیاوە. یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانییە کە دەتوانێت ئەو ورە و هێزەمان پێ ببەخشێت کە بۆ وەڵامدانەوەی داگیرکەریی پێویستمانە.
دیارە بێدەنگیی و بێهەڵوێستیی چواردەور و دونیاش جێی مەترسیە. بە داخەوە، تا ئێستا و لە پێش هەر لایەکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و زۆرینەی هێزەکانی باشووری کوردستان بێ دەنگ و بێ کردارن.ئەم بێدەنگییە جەسارەت و غیرەت بە داگیرکەران دەدات، دڵی دۆستان دەشکێنێت و دڵی نەتەوەکەمان خەمگین دەکات.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک زۆر بە گرینگییەوە دەخوازێت سەرنجی هەموو هێزە جۆراوجۆرە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی کوردستان بۆ ئەم مژارە گرینگە ڕابکێشێت کە پێکەوە وەڵامێکی دروست بە داگیرکەریی تورکیا بدەینەوە، کە بزانن بە ڕاستیی خەڵکی کوردستان و هێزەکانی دەتوانن بەرامبەر بە داگیرکەریی بووەستن و ڕایبگرن و بەروە دواوە پاشەکشێی پێ بکەن.
ئەمە ئەرکێکی بڵندی نەتەوەیی و نیشتیمانییە و دەبێت دەستبەجێ بکرێت، دەنا سبەی درەنگ دەبێت!
کۆنسەی بەڕیوەبەرایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک
#12-06-2019#