ماوەی نزیکەی سێ مانگە قەیرانی کەمبوونەوەی خانووی کرێ لەشاری هەولێر سەریهەڵداوە کەبەشێک لە هۆکاری ئه و قەیرانی چوونی گەشتیار و هاوڵاتیانی عەرەبە بۆ ئەوشارە.
سەهەند نازم گەنجێکی دانیشتووی شاری هەولێره و لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا پرۆسە مارەبڕینی ئەنجامداوە و بڕیاربوو بەر لە جەژنی قوربان ئاهەنگی گواستنەوە ئەنجامبدات، بەڵام بەهۆی نەبوونی خانووی کرێ نەیتوانیووە ئه و پرۆسەیە ئەنجامبدات.
سەهەند: پارەی شوقەم نیە و ناتوانم بەکرێی بگرم، چونکە هیچ شوقەیەک لە 500 بۆ 600 دۆلار کەمتر نیە ئەوە جگە لە پارەی پاسەوان و خزمەتگوزاری.
هەرچەندە وا چاوەرواندەکرا بەهۆی نەمانی پاشەکەوتی موچە و قەیرانی دارایی، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، خەڵک ڕوو لەخانوو دروستکردن بکات و بازاڕی خانووبەرە ببوژێتەوە بەڵام ئەوە تەنیا چەند ڕۆژێکی کەمی خایاندووە و ئیستا دۆخەکە چەقبەستووە، نە خەڵک خانوو دروستدەکات و نە پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبونیش هەیە کە خانووی کرێ بە چۆڵبوون بدات تا کرێچی تر سوودی لێ ببینێت.
دلاوەر ڕەسوڵ، خاوەن نووسینگەی هۆنیا بۆ کرین و فرۆشتنی خانوبەرە لە هەولێر بۆ دواڕۆژ وتی:بڕیاری ڕێگریکردن لە دابەشکردنی زەوی بۆ نیوە، دروستکردنی خانووی بەڕێژەی سەدا 70 کەمکردووەتەوە، چونکە پێشتر خەڵک خانووی لەسەر 200 مەتر یان 150زەوی هەبوو یان تێکی دەدا و دەیکرد بە دوو خانوو یەکێک بۆ خۆی ئەوەی تریش یا بۆ کرێ یا بۆفرۆشتن ئەوەش ڕێژەی خانووی زیا دەکرد، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە.
وتیشی:ئێستا قەیرانی نەبوونی خانوی کرێ ڕووی لە هەولێر کردوە و ڕۆژانە بەدەیان کەس داوای دەکەن، بەڵام دەستناکەوێت، چونکە عەرەبێکی زۆر هاتووه و و خەڵکیش خانووی نوێ دروستناکات و کرێی شوقەش زۆرە کە لە نێوان 450 تاوەکو 900 دۆلاردایە.
هاوکات سەردار ئازاد، خاوەن نووسینگەی ئەملاک بۆ بەکرێدان و کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی بۆ دواڕۆژ دەڵێت: ئەگەر گەنجێک شوقەیەک بەکرێ بگرێت 85 مەتربێت، دەبێت 400 دۆلار کرێ و 100 دۆلار ئاو کارەبا و 100 دۆلاریش خزمەتگوزاری و سکورێتی بدات، ئەوەش لەتوانای زۆربەی گەنجاندا نیە مانگانە نزیکەی 750 هەزار دینار بدات لەکاتێکدا خانوو هەرچۆنێک بێن کرێکەی لە نێوان 200 بۆ 350 هەزار دیناردایە.
وتیشی: هاتنی عەرەبەکانی خواروو و ناوەراست بۆ هەولێر و تاکۆتایی هاتنی وەرزی گەرما و بوونی ئاوارەی تر لە هەولێر و هاتنی خەڵکی دەرەوە شارەکە لە قەزا و ناحیەکانەوە ئه و قەیرانەی دروستکردووە.
ئابوریناسێک بۆ دواڕۆژ باس لەوە دەکات کە ئەستەمە بۆ چەندین ساڵی تر قەیرانی کەمی خانووی کرێ چارەسەر ببێت.
دکتۆر ئازاد، ڕەشید مامۆستای زانکۆ و پسپۆری ئابوری بۆ دواڕۆژ وتی: وەبەرهێنەرەکان هیچ ئاسانکارییەک ناکەن، لەبەرژەوەندی گشتی و بەڵکو ئامانجیان زیاتر قازانجە لە دروستکردنی خانوو و شوقە، بۆیە قەیرانەکە تادێت قوڵتر دەبێتەوە، لەسەدا 10 خەڵکیش بترازێت خەڵکی تر توانای کڕینی خانووی نیە.
وتیشی:ئه و هۆکارانەی وایانکردووە ئه و قەیرانە دروستببێت، دروستنەکردنی خانووی نوێ، نەمانی زەوی لەناوشارەکان، زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، گرانی نرخی کرێی شوقەکان و هاتنی خەڵکی دەرەوەی هەولێر لەشارەکانی تری عێراق و کوردستان و سوود وەرنەگرتن لە زەوی بۆ دروستکردنی خانوو هۆکاری کەمبوونەوەی خانوی کرێن.[1]