بۆ شەهیدی سەرکردە #حەمە غەفور ئاغجەلەری#
سلێمانی 2019
کتێبێک لەسەر شەهیدی سەرکردە حەمە غەفور ئاغجەلەری دەتوانێت بەشێکی ئەدگاری ئەو تێکۆشەرەی شۆڕشی نوێمان بۆ وێنا بکات کە لە وێستگەیەکی هەستیاری دەستپێکردنەوەی خەباتدا خوێنی خۆی بە ڕزگاری کوردستان بەخشی، بەڵام هێشتا ناتوانێت وێنەیەکی شایان و هەمەلایەنەی ئەومان بۆ بەرجەستە بکات. کتێبی تریشمان دوێت، بەڵام بنەماڵە بەڕێزەکەیان چاکیان کرد کە کۆششی تا ئێستا هەبوویان لەسەر کتێبی خۆزگە پەکنەخست. بۆیە ئەم بەرهەمە دەشێ مژدەیەک بێت لەڕێی کتێبێکی تێروتەسەلی تردا. ئەم کتێبە شەهادەت و بیرهێنانی چەندین ساڵەی هەڤاڵ و دۆستەکان و هەروەها ئەمەکدارانی یادی شەهیدە کە لە بیرەوەریی شەهیدبوونی و هەندێک بیرەوەریی تر، لە کوردستانی نوێ بڵاوکراونەتەوە.
باشی ئەم کتێبە ئەوەیە سەرنج و بیرەوەری و شەهادەتی ساتەوەختی خۆیەتی وەک لە ڕۆژنامەدا دەشێ بنووسرێ و دەکرێ ڕێی هەبێت. کەموکوڕییەکەشی وەکو وتمان ئەوەیە کۆی دیمەنی کاروانی شۆڕشی نوێ و ئەو خوێنەی ڕژاوە وەک لە چیرۆکی شەهادەتی هەقە هەبێت، نیشان نادات.
سەرکردە و فەرماندەیەک لە دامێنی شکست و شەوەزەنگی موقاوەمەتەوە لەگەڵ کاروانی شۆڕشی نوێ و تێکۆشانی سەرەتاوە بەڕێدەکەوێت هەر بەوەوە ناوەستێ فرمێسک و ئارەقی هیلاکی بڕێژێت، بەڵکو خوێنی خۆشی دەکاتە خەڵات تا دەربکەوێت ئەوی هەقە ناکەوێت و ئەوی کوردە نانەوێت و ئەوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستانە نابەزێت، چونکە نوێنەرایەتی مەسەلەیەکی ڕەوا دەکات.
زۆر سەرکردە و فەرماندە شەهیدبوون و زۆر پێشمەرگەش خوێنیان وەک لە ئەدەبیاتی شیعری شۆڕشدا دەوترێ بووە گوڵاڵە سوورەی سەر چیا و دەشتەکانی کوردستان، بەڵام شەهادەتی سەرەتا و سەردەق شکێنانی ئەوەلین کە ڕێگا دەکەنەوە و دەبنە، وەک بە هەق ناونیشانی ئەم کتێبەی لێنراوە، (ئاوی ئاشی شۆڕش)، مژدەی گەورەن. نووسینەوەی چیرۆکی شەهادەتیان هەر پاداشتێکی مەعنەوی نییە بۆ یاد و یادەوەرییان، بەڵکو بۆنەی دەرس و دەورە بۆ تێگەیشتن لە چییەتی و ماهیەتی خەباتی گەل لەپێناوی مافەکانی و ڕێوشوێنی سەرخستنی ئەو خەباتە تا وەکو لە شوێنێک کە دەستیپێکرد لە هیچ شوێنێک پەکی نەکەوێت، تا بە یەکجاریی سەردەکەوێت.
ئەم پێشەکییەش دەکەمە دەرفەتێک تا بڵێم لە ڕاگەیاندنی خۆمان و دەزگاکانی پەیوەستن بە مێژووی شانازییەکانی یەکێتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان ئەرکی زۆرمان لەسەرشانە بەرامبەر بە کەیسی سەروەرکردنی شەهیدان و شەهادەتی سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگە و هەڤاڵە قارەمانەکانی خۆمان، لە نەبەردییەکان تا زیندانەکان و کۆڕی دیکەی خەبات کە دەبێ جێبەجێیان بکەین، نەک هەر بۆ پێدانەوەی قەرزی وان. کەس ناتوانێ خوێن بە حیبر و قەڵەم بداتەوە و کەسیش ئیدعای وای نەکردووە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو کەیسە سەرمایەیەکی گەورەیە بۆ یەکێتی و شۆڕشی نوێ و دەکرێ و پێویستە توێشوو و زادی خەباتی داهاتووش بێت.
سەروەرکردنی شەهیدان لەبەر خۆیان و ناوبانگیان و وەفاداری بەرامبەریان نییە، بەڵکو لەبەر خۆمانە، لەبەر زیندووەکانی ئەمڕۆی تێکۆشانە کە سەرخستنی خەباتی داهاتوومان سەرمایەیەکی ڕەمزیی گەورەیان پێویستە. لەم کایەدا هەر وتاری ڕۆژنامەکان و کتێبی ڕەفەکان و بەرنامەی دیکۆمێنتاری بەس نییە.
گەرەکە دەزگاکانی یەکێتی شێوازی تەکنیکی نوێ و ئامرازی هاوچەرخ لە فیلم و دراماوە تا ئەدەبیات و هونەری گێڕانەوە پەرەپێبدەن. هیوام وایە لەمەودوای بیناکردنەوەی دامودەزگاکانی یەکێتی دا ئەم ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەییە لەبەرچاو بگیرێت و بە تینوتاوێکی نوێوە بۆی بێینە کایەوە. دیارە لە دۆخێکی واشدا بەشی شەهیدی سەرکردە حەمە غەفور ئاغجەلەری زیاتر لە کتێبێک و زیاتر لە دیکۆمێنتاری و درامایەک دەبێت. چونکە وەک ئاماژەم پێدا باوکە دامەزرێنەرەکانی شەهادەت و شەهید بوون مژدەن بۆ ئاسۆی لەمەودوا، وەکو لە دەستپێک (ئاوی ئاشی شۆڕش) بوون.
شەهید ئاغجەلەری بە ئاواتی بەرزەوە ژیا و شەهید بوو. با ئێمەی هەڤاڵانی یەکێتیش بە ئاواتی بەرزی واوە ئەرکی سەرشان لە سەروەرکردنیان ڕاپەڕێنین.
سوپاس بۆ بنەماڵەی شەهیدی سەرکردە کە شەرەفی ئەم پێشەکییەیان بە بەندە سپارد و دەستخۆشی لە چاپدانی ئەم کتێبەشیان لەوان و لە ماڵباتی کوردستانی نوێ دەکەم.
#ستران عەبدوڵڵا# لە جیاتی ماڵباتی کوردستانی نوێ [1]