ئەنجومەنی ژنانی #هەدەپە#ی #ئامەد# بە بۆنەی هەفتەی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر بالەخانەکەیان لە ناوچەی یەنیشەهیری ئامەد کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیان ڕێکخست. ڕەمزیە تۆسون پەرلەمانتاری هەدەپە، هولیا ئالوکمەن هاوسەرۆکی هەدەپەی ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر ژن بەشداریان لە چالاکیەکەدا کرد. باڵەخانەکە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی تورکەوە گەماڕۆدرا. ڕاگەیەنراوەکە بە تورکی لە لایەن توسون و کوردیەکەش لە لایەن ئویانکەوە خوێندرایەوە.
قەیرانێک هەیە کە هیج کاتێک نەبینراوە
توسون تەئکیدی کردەوە لە تورکیا لە ڕووی مافی مرۆڤەوە قەیرانێک هەیە کە هیچ کاتێک نەبینراوە و ئاماژەی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ کرد و وتی، ژنان و منداڵان لە ناو کۆمەڵگادا قوربانی سەرەکی پێشێلکردنی مافی مرۆڤن.
لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا 305 ژن کوژراون
توسون باسی ئەوەشی کرد لە ساڵی 2019 دا لە ڕووی زۆر بوارەوە ساڵێک بووە کە ژمارەیەکی زۆر ژن کوژراون و لە سەر ئاستێکی بەرز مافی مرۆڤ پێشێلکراوە، بە تەنها لە 11 مانگی ئەمساڵدا 305 ژن لە لایەن پیاوانەوە کوژراون، دەستدرێژی بەرامبەر 46 ژن کراوە، مافی 204 ژن پێشێل کراوە، 556 ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەنەتەوە. توسون وتیشی، بە پێی ئامارەکانیان بە دەیان هەزار ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەنەتەوە.
لە کۆتاییدا توسون وتیشی، مرۆڤ بە مافی خۆیەوە مرۆڤە. تێکۆشانمان لەم بوارەدا بەردەوام دەبێت.[1]