31 ساڵ بەسەر تیرۆر کردنی قاسملودا تیدەپەڕێت، هەمو بەڵگەو لێکۆڵینەوەکان پەنجەی تاوانی تیرۆرکردنی د.عەبدولرەحمانی قاسملو لەڤێنا بۆ محەمەد جەعفەری سەحرارودی ڕادەکێشن، ئەو پاسدارەی کە لەماوەی 20 ساڵی ڕابردودا هەر کاتێک هاتبێتە هەرێمی کوردستان، سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی باوەشیان بۆ کردوەتەوە.
بەپێی گێڕانەوەی کرێس کۆچێرای گەورە مێژونوس و ڕۆژنامەنوسی ناوداری فەرەنسی و شارەزای کاروباری کوردستان، ڕۆژی 13ی تەموزی 1989، محەمەد جەعقەری سەحرارودی، جێگری فەرماندەی ئەوکاتی قەرارگەی ڕەمەزان، لێپرسراوی ئەو تیمە دەبێت کە بەناوی دانوستانەوە ئەرکی تیرۆر کردنی د.قاسملوو دو هاوڕێی پێدەسپێردرێت، پاش چەند خولەکێک لەدەستپێکی گفتوگۆکانیان لەباڵەخانەیەکی ڤێنای پایتەختی نەمسادا، کە قاسملو باسی پێویستی دەستەبەرکردنی خودموختاری بۆ کوردستان و بەدیهێنانی دیموکراسی بۆ ئێران دەکات، لەناکاو دەنگی بەریەککەوتنی مێزو کورسییەکان و دەنگی کپی هاویژرانی چوار گولە دەبیسترێ و ئیدی هیچ....
لەوەختی تەقەکردنەکەدا سەحرارودی بەڕێکەوت یان لەپەلە پەل و هەڵگەڕانەوەی گولە لەو ژورە بچوکەی کارەساتەکەی تیا دەقەومێ، گولەیەک بەر لاملی دەکەوێ و بریندار دەبێ و لەنەخۆشخانە دەخەوێندرێ، بەڵام پۆلیسی نەمسا ڕێگای دەدا لەنەخۆشخانە بچێتە دەرێ و پەنا بەرێتە بەر باڵیۆزخانەی ئێران لەڤێنا و پاش چەند ڕۆژێک بەدوای ئەوەدا لەئەنجامی مامەڵەیەکدا نەمسا بەرەو ئێران بەجێدەهێڵێ.
محمەمەد جەوادی، یان محەمەد جەعفەری سەحرارودی، کە ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی شورای ئیسلامی ئێرانە، تەمەنی 63 ساڵەو کوردێکی شیعەی خەڵکی قوروەی نێوان کرمانشان و هەمەدانە، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە بەرپرسێکی کارای سوپای پاسدران بووە لەقەرارگەی ڕەمەزان و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ #جەلال تاڵەبانی# و #مەسعود بارزانی# هەبوە.
لەدوای ڕاپەرشینەوە چەندین جار سەحرارودی ئەندامی ئەو وەفدانەی ئێران بوە کە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردوەو لەلایەن تاڵەبانی و بارزانییەوە پێشوازی لێکراوە، بەهەمانشێوە هەرجارێک کاربەدەستانی پارتی و یەکێتی سەردانی ئێرانیان کردبێت لەگەڵ سەحرارودی کۆبونەوەو دانیشتنیان هەبوە.
ساڵی 2007، ڕۆژێک بەر لەهێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر کونسولگەریی ئێران لەهەولێر کە پێنج کەسیان تیا دەستگیرکرد، سەحرارودی لەقەڵاچوالان و مەسیف چاوی بەهەریەک لەتاڵەبانی و بارزانی کەوت.
محەمەد جەعفەری سەحرارودی، کە پیاوی متمانەپێکراوی خامەنئی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە، هەمو سەرکردەی حزبەکان دەیناسن و دەشزانن کە ئەو تۆمەتبارە بەتیرۆر کردنی قاسملو. سەرکردەیەکی حیزبی دیموکرات سەبارەت بەو پێسوازە گەرمەی بەردەوام لە سەحرارودی کراوە لەهەریمی کوردستان دەلێت پێشوازی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان لەسەحرارودی بەهەمان ئەندازە ڕەوایە کە ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازیمان لەعەلی کیمیاویی بکردایەو باوەشمان بۆ بکردایەتەوە.[1]