پەیامی کۆتایی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن
کوردستانیانی خۆشەویست…
لە دوایین ساتەکانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیک دەبینەوەو بە گڕوتینی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و ڕۆژانی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی کوردستان لە چنگی بەعسی داگیرکەر و بەرەنگاربوونەوەی تاریکپەرستانی داعش بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەچین.
ئەمڕۆ 8/10/2021 پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو، بە سوپاسێکی زۆرەوە پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزەکانی ناوخۆ بە گڕوتینەوە بەشداری پڕۆسەکە بوون و دەنگیان دا، ئومێدەوارین ئێمەش بە هەمان ڕۆحیەتی ئەوانەوە لە پرۆسەکە بەشداربین.
خەڵکی قارەمان و تێکۆشەری کوردستان…
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی ڕەسەنی خاوەن مێژوویەکی پاک و پڕشنگدار، پێشەنگ لە خەبات و قوربانیدان، داهێنەر لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمن و تێکشکێنەری پیلانەکان، بۆ ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڤاڵانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستان لە پڕۆسەکە بەشدارین، بە پشتیوانی و پاڵپشتی تێکۆشەرانی گەلەکەمان و خەڵکی دڵسۆزو قارەمانی کوردستان چاومان لە سەرکەوتنی گەورەیە، دەمانەوێ سەرکەوین و سەرکەوتنمان بکەینە دیاری بۆ ڕۆحی ڕابەرانمان مام جەلال و کاک نەوشیروان و سەرجەم تێکۆشەرانی گەلەکەمان.
وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئامانجمانە لە خانەقینەوە تا زاخۆ، لە سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری و شاری هەڵمەت و قوربانی، لە کەرکوووکی قودسی کوردستان، لە هەولێری قەڵاو منارەو لانەی شێران، لە دهۆکا ڕەنگین و هەڵەبجەی بەناهەق شەهیدکراو، لە گەرمیانی ئەنفالکراو و ڕاپەڕینی دەروازەی ڕاپەرینەوە، لە بەغدای پایتەختی عێراق و لە موسڵی بریندار، متمانەی خەڵکی کوردستان بەدەستبێنین و نوێنەرانمان لە بەغدا، لە چوارچێوەی ستراتیژی ڕوونی مام جەلال کاربکەن بۆ چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانمان و ببینە داکۆکیکاری سەرسەخت لە دابینکردن و پاراستنی قووتی خەڵکی کوردستان، خەبات بکەین لەپێناو زامنکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی دەستووری عێراق.
کوردستانیانی ئازیز…
بەشداریکردنتان لە پڕۆسەی دەنگدان مافێکی سەرەتایی خۆتانەو بە بەشداریکردنتان لە پرۆسەکە دەتوانن ببنە بەشێک لە ڕێڕەوی بڕیاردان لەم وڵاتە، دەنگدانتان بە کاندیدانی هاوپەیمانی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهێزترکردنی پێگەی کوردە لە بەغدا، یەکێتییەکی بەهێز لە بەغدا زامنی ژیانێکی سەقامگیرە لە هەرێمی کوردستان و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی بڕیاردانە لە بەرژەوەندی گەلەکەمان.
یەکێتییە خوێن سەوزەکان…
بە درێژایی مێژوو، یەکێتییەکەمان هەورازو نشێوی زۆری بینیوە، هەمیشە نەیارانمان خەونیان بە شکست و لەناوچوونی یەکێتی بینیوە، ئەوە ئێوەن نەتانهێشتووە خەونی نەیارانمان بێنەدی، ئەمجارەش بە بەشداری یەکێتیانەتان لە پڕۆسەکە و سەرخستنی کاندیدانمان دەتوانین بۆ یارو نەیاری بسەلمێنین کە یەکێتی هێزێکی ڕەسەنەو خاوەنی جەماوەرێکی پۆڵاینەو هەرگیز ناکەوێ، دەبێ ئەمجارە هەموومان پێکەوە بیسەلمێنین کە یەکێتی هێزێکە لەهەناوی خەڵکی کوردستانەوە هەڵقوڵاوە، هەر خەڵکی تێکۆشەرو بە شەرەفی کوردستانیشن یەکێتی سەردەخەن و دەیسەلمێنن کە مامی هەموومان مام جەلال ڕاستی فەرموو کە وتی سەفین لەبن بێ یەکێتی لەبن نایە.
داوا لە هەموو کادیرو ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان، کەسوکاری پێشمەرگە قارەمانەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر، خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان، بە تایبەت گەنجان و لاوان و ژنان، تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین دەنگ بدەن بە هاوپەیمانی کوردستان.
لەپێناو ئاسوودەکردنی ڕۆحی شەهیدانمان، لە پێناو سەرخستنی هاوپەیمانیەکەی مام جەلال و کاک نەوشیروان
لەپێناو دابینکردنی ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوو و زامنکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەنجان و لاوانمان
دەنگ بدەن بە هاوپەیمانی کوردستان
بەیەکەوە بەهێزترين
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان