یادی 29هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندی ڕۆشنبیریی میزۆپۆتامیا (نەچەمە - NÇM) لە بینای نوێیان لە ناوچەی تەقیسمی ئیستەنبول پیرۆز کرا. وەقفی لێکۆڵینەوەی هونەر، ڕۆشنبیری، ستاتیک (جوانیناسی)، پەروەردە و زانست (بێکساڤ - BEKSAV)، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی سیبەر، ئیدیل ئۆگیورلو هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (HDK)، ئەندامانی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی، کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوان لە هەرێمی مەڕمەڕە (MATUHAY-DER)، کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کورد، کۆمەڵەی عەلەویانی دیموکرات (داد - DAD) و چەندین کەسی تر بەشداری چالاکیی پیرۆزکردنی ساڵیادی دامەزراندنی نەچەمە بوون.
لە پیرۆزباییەکەدا گەنم ئیلدان هونەرمەندی نەچەمە وتەیەکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، لە ماوەی 29 ساڵی کارکردنیاندا هەموو جۆرە توندوتیژی و هێرشێکیان بەرامبەرمان ئەنجامدراوە. ئەو بینایە، کە ماوەی 18 ساڵ بوو بەکارمان دەهێنا دەستیان بەسەرداگرت، بەڵام سەرباری ئەوەش بینایەکی نوێمان دروستکردووە بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوامی بە کار و چالاکییەکانمان بدەین.
شەفیق بەیاز دامەزرێنەری ئەنستیتۆی کورد لە ئیستەنبول 29هەمین ساڵیادی دامەزراندنی نەچەمەی پیرۆز کرد و سەرکەوتنی لە کار و خەباتەکەیاندا بۆ خواستن.
ئیدیل ئوگیورلو هاووتەبێژی هەدەکە ڕایگەیاند: نەچەمە بە نوێکردنەوەی خۆی بەردەوامبوو لە تێکۆشان و بەو هۆیەشەوە خۆی بە ئەمڕۆ گەیاندووە. سەرباری هەموو سیاسەتەکانی تواندنەوە و سڕینەوە لە دژی ڕۆشنبیری و هونەری گەلی کورد، نەچەمە کار بۆ زیندوراگرتنی ڕۆشبنیری و هونەری کورد دەکات، بۆیە من بە ڕێز و حورمەتەوە سڵاویان لێدەکەم.
ئەرداڵ ئاڤجیی هەدەپەیی هەڵوێستی لە دژی دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی بینای نەچەمە لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپەوە خستەڕوو و ڕایگەیاند: نەچەمە بۆ خستنەڕوو و گێڕانەوە و گەیاندنی ڕۆشنبیری و هونەر و کەلەپوری چەند هەزار ساڵەی گەلێک تێدکۆشێت، بۆیە دەڵێم، ڕێگایان ڕوون و بەردەوام و کراوە بێت.
ئەیوب سوباشی هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کورد-یش وتی: پێویستە ئێمە ڕێکخراوەکان و خەباتی خۆمان زیاتر بەهێزتر بکەین. نەچەمە لەوەشدا مێژوو و هێزی هەیە و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
بەدیعە گۆکگۆز ئەندامی دەستپێشخەریی دایکانی ئاشتی لە ئیستەنبول ڕایگەیاند، نەچەمە هەستی دایکان و گەل دەهێنێتە زمان و وتی: نەچەمە خەون و تامەزرۆیی، ژان و چارەنووسێک، کە ئێمە ناتوانین بیانهێنینە سەر زمان، ئەوان بە هونەر دەیانهێننە سەر زمان.[1]