عەدێ و مەدێ 76
وەختەکی لانگرۆزەرەک بە تووندی ئیستاپی کرد و لە نووسینگەکەی تەنیشتەمە ڕایگرت، سێ چار چەکدار لێی دابەزین و چوونە ناو نووسینگەکەی، کابرای برادەرم گۆتی: قەوما! گۆتم: خێر؟ گۆتی: هەونکە بە چاوی خۆت دەبینی!
هەندەی نەبرد چەکدارەکان هاتنە دەرێ و زەلامەکیان لەگە خۆ هینا دەرێ و کەتنە سەری بە شەق و شوللاقان، وەی بابە چیان لێکرد، هەر شاپی لێیان دەدا، نیو مەتریان برند دەکرد، عەدێ و مەدێش لەو سەری ڕا غاریان داو وەرگەڕانە کابرای، نە پێلەقەک نە دوو نە سێ! ئەوان هەر کابرایان نەهێشت، خەرک خڕبۆوە، بەران کەس نەدەوێرا لێیان نێزیک بیتەوە، چونکە هەر کەسەک چووبا، ئەوها تۆپانێیان پێدەکرد، وەلحاسر کابرایان فڕێ دا ناو لانگرۆزەری و سواربوون و لێیاندا ڕۆیشتن، ئەمن هەر چاوم زەق بۆوە، لە هەمووی سەیر تریش سێ چار پۆلیس لەو ناوەی بوون، ئێکیان نەوێران بچنە پێش و کابرای لەبە دەستی ئەو زەلامانە دەرینن!
وەختەکی عەدێ و مەدێ هاتنەوە، گۆتم: ئەرێ ئەوە چبوو؟ گۆتیان: وەڵلا نازانین! گۆتم: کوو نازانن؟ گۆتیان: وەڵلا نازانین! گۆتم: ئەدی مادام نازانن، لۆ لەگەر ئەو چەکدارانە وەرگەڕانە ئەو زەلامەی؟ عەدێ گۆتی: ئاخر چەکدارەکان سەر بە عیزبی خۆمان بوون، مادام ئی عیزبی خۆمان بن، مەعنای وەیە لە سەر عەقن و ئەمەش دەبی دەستباریان بکەین! گۆتم: ئەوە ئەنگۆ بە ڕاستیتانە؟ مەدێ گۆتی: ئەرێوەڵلا، لە کنەمە عیزب لە سەرەوەی هەموو چشتیە، برێ ماست ڕەشە، دەرێین ڕەشە! گۆتم: توخوا ئەنگۆ بەشەرن؟ باشە ئەنگۆ مێشکتان نیە، فکر ناکەنەوە؟ لە خوای ناترسێن؟ باشە کێ دەرێ ئەو پیاوە بێ تاوان نیە؟ عەدێ گۆتی: واز لەو چشتانە بینە، عیزب بیلبیلەی هەر دوو چاومانە، برێ بمرن، دەمرین!
برادەرەکەم گۆتی: وەرە واز لەو کۆیلانە بینە، ئەوانە پێدەچی لە باتی مێشکی، کەرپووچیان(خشت) لە ناو سەری بی! لەگەر کابرای چوومەوە نووسینگەی، چایەکی لۆ تێکردم و دایە دەستم، چایەکەم لێ وەرگرت، شەکری لۆ ڕاگرتم، گۆتم: ئەمن بێ شەکر دەخۆمەوە، بەس ئەتوو تێم بگەینە ئەو هەرایە چبوو؟ گۆتی: ئەو زەلامە بایع شاریە(کڕیار و فرۆشیاری زەوی)، بەینێدی عاردەکی لە مەسوولەکی کڕیە بە سی (30) دەفتەری، ئێستا ئەو عاردە حەفتا دەفتەری دەکا، مەسوولەکە پێی زانیە، خەبەری لۆ ئەو کابرایەی ناردیە، یان چل دەفتەری دیم دەدەیێ یان دەتکوژم، کابراش کردیە عەکسی و گۆتی: ناتدەمێ، ئەمن عاردم لە توو کڕیە و بە ناوی خۆم کردیە، هەرچی نەتکردیە بیکە! دیارە مەسوولەکە ئەوڕۆ هاتە سەری و بردی و لوولی دا، دوعای بکە مەیتەکەی بدەنەوە کەس و کاری!
مایتی.[1]
دەستبار: لەکاتی هەرگرتنی فەردەی گەنمی دوو زەلام دەستیان تێک دەگرت و فەردەیان دەهاویشتە سەر دەستیان و برندیان دەکرد، ئەوە پێی دەرێن دەستبار.