بابەت: ئاین و ئاتەیزم
نووسین:#هوشیار ئەحمەدی#
کەسێ باوەڕی بە فەلسفەی ئیشراق هەبێ، ئەبێ زەربێکی سوور بە سەر عەقڵ و مێشکیا بێنێ.
(فەلسفەی ئیشراق) یانێ لە ڕێگای حای و حوی و ڕیازەتی مورتازی و هەڵبەز و دابەز و حەرامکردنی بڕێ قووتی لەش و ڕۆح لەخۆت، نوورێ ئەچێتە دڵ و دەروونتەوە و وەک جنۆکە و ساحیر و جادوگەر و شەیتانت لەتەکا بێ، هەموو شتێکت موعجیزەئاسا لە بەرچاو ڕۆشن ئەبێ و ڕاستییەکانت بۆ دەرئەکەفێ.[بەقسەی ئیشراقییەکان و شێخەکەیان]. بەڵام سەدان ساڵە دەروێش حای و حووی ئەکا و بێجگە لە مل ئێشە و دیسکی گەردەن لە پیرییا، بێجگە لە دەس ماچکردنی شێخ، بێجگە لە بردنی سواڵی بۆ تەکیە و خانەقا، هیچی پێ نەبڕاوە!
بەڵام فەلسفەی وڵاتانی پێشکەوتوو، ئیفلاتون ئاسا زیاتر لە 2500 ساڵ پێش، باسی کۆماری دیمۆکراتیک و ڕێبەریی زانا و بەکومەڵ ئەکات. هێگڵ ئاسا باس لە “تێز، ئەنتی تێز، سەنتێز” ئەکا، باس لە هۆکار و بەرهۆ ئەکا، باس لە مەنتیقی کردار و عەقڵانییەتی وتار ئەکات. باس لە کرانەوەی عەقڵ و مێشک ئەکات، باس لە بونیاتنان و گەشەی مادی و مەعنەوی ئەکات.
ئەوان هەر لە سەردەمی مەنتیقی ئەرەستوییەوە، بڕوای کۆنەپەرستانەی ئیشراقی و دەروێشییان فڕێدا. بۆیەش لە ئەنجاما ئەوان بوونە خاوەن سەروەریی یاسا، زانست، پیشەسازی و لە هەموو بوارەکانا گەییشتنە بەرزترین ئاستی گەشەی مرۆیی، دونیایی.
بەکورتی دوکتۆر خەلیقی وتەنی: ئێمەش لە سایەی سەری بەناو فەلسفەی ئیشراقی و شێخ و مەشایەخ و تەکیە و خانەقاکانەوە تەنیا ژێردەستەیی، نەخوێنەواری، کۆمەڵگایەکی کاول و وێران و داتەپیو لە بواری ژێرخان و سەرخانی مادی و مەعنەویمان بۆ ماوەتەوە و هیچیتر.
با بۆ هەمیشە ئەم باوڕە کۆنەپەرستانانە لەگۆڕ بنێین و لە هەرکوێش کەسێ بە هەر مەبەستێ ویستی پڕوپاگاندا بۆ باوڕ و بیرۆکەی پاشکەوتووخوازانە بکات، پەردەی لەسەر هەڵدەینەوە و پەتەی بخەینە سەرئاو.
_ تێبینی: وێنەکە گەرچی دەروێشێکی دەورانی قاجارە لە ئێران، بەڵام سیمایەکی هاوشێوەی ئەو مرۆڤەیە کەلە مەخیلەی جەماعەتی ئیشراقی و تەرێقەت باز و شێخ و خانەقاخوازدایە.
ئەوان لە هەوڵان میلەتی کورد بەرەو باوڕە کۆنەپەرستانە و بێ بنەما و خورافی و نهیلیستانەکانی سەفسەتەی ئیشراقی پەلکێش بکەن وبەم جۆرەش کۆمەڵگای کوردستان بۆ سەردەمی تەکیەو خانەقا و دەروێشایەتی و عەقڵ و خو و سروشتی تەسلیم خوازانەی دەروێشایەتی بگێڕنەوە بۆ شێخەکان، ئەو شێخانەی کە خۆیان هەمیشە دەروێشی ئەڵقەلەگوێی دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بوون.
لەکورتیدا ئەوە وێنەی ئەو تاکە کوردەیە کە ئەوان بۆ داهاتوو لە باوڕیاندایە.
بۆی دیسان قسەکەی حاجی قادر وەبیردێنمەوە کە ئەفەرموێ:
بە ڕیشی پان و پرچی پڕ لە ئەسپێ
بناغەی کاری کوردان چۆن ئەچەسپێ؟!
[1]