ناو: عەلی
ناوی باوک: محەمەد
نازناو: عەلی بەندی
نوسینی: #نەجمەدین عەزیز سمایل#
ناو: عەلی
ناوی باوک: محەمەد
نازناو: عەلی بەندی
نووسینی: نەجمەدین عەزیز سمایل
ناوی تەواوی (عەلی محەمەد عەلی بەندی) یە، لە ناوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری بە عەلی بەندی یان عەلی ئەنفال ناسراوە، لە ساڵی 1965 لە گوندی (بەندا) ی دەڤەری دۆسکیان لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی هەر لەو گوندە تەواوکردووە و خوێندنی ناوەندی و ئامادەیشی لە شاری دهۆک تەواوکردووە، لە ساڵی 1987 لەلایەن دائیرەی ئەمنی پاڕێزگای دهۆک دەستگیرکراوە لە (هیئة خاصة) دادگاکراوە و حوکمی (5) ساڵیان داوە، لە ساڵی 1988 بەر لێبووردنی گشتی کەوتووە و ئازادکراوە، هەر لە هەمان ساڵ جارێکی دیکە بۆ ماوەی (3) مانگ گیراوە و بە خۆی و کەسوکارەکەشی ڕەوانەی کۆمەڵگەی (بەحرەکە و جەژنەکان) کراون لە دەورەبەری هەولێر دواتر ئازادکراوە.
لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە شیعر نووسین کردووە، لە ساڵی 1984 یەکەمین بەرهەمی خۆی کە پارچە هەڵبەستێک بووە لە هەفتەنامەی هاوکاری بڵاویکردۆتەوە، ئەو وەکوو شاعیر تا ئێستا سێ کۆمەڵە شیعری بڵاوکردۆتەوە لەگەڵ چەند پەڕتووکێک دەربارەی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و کۆڕەوییەکەی ساڵی 1991، چەندین لێکۆڵینەوەی دیکە سەبارەت بە نەهامەتیی و باری خراپی کورد لە سەردەمی حوکمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق بە تایبەتی سەردەمی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر، کە ئەمانە هەندێکییانن:
- شەڤێن بێلەزەت، کۆمەڵە شیعر، ساڵی 2022.
- هەلامەتێت شەڤێ، کۆمەڵە شیعر، ساڵی 2021.
- کەڤالێن پاییزەکا تاوی، کۆمەڵە شیعر،
- ئەنفالستان و ڕەهەندێن ژ بیرکرنێ.
- کورد قڕان، د ئایدۆلۆژیا بەعسیزم دا.
- کۆچا ملیۆنی (تراژیدیا، بیرهاتن، قوربانی) .
- ئەنفال د وژدانا هەڵبەست و چیڕۆکی دا.
- ئەنفالکرنا بەهدینان، بەرگی یەکەم و دووەم و سێیەم.
- ئەنفالکرنا بەهدینان د بەڵگەنامێن ڕژێما بەعسیدا، بەرگی چوارەم، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزییە.
- بیبلۆگراڤیا کەمکوژیا گەلی کورد.
ئەم بەرهەمانەشی ئامادەن بۆ چاپکردن:
- هولۆکۆست، ئەرمەن، ئەنفال.
- بەڵگەو دەکۆمێنت،
- سەدام قارەمان بوو، یان جەبان بوو.
شاعیر و نووسەر و لێکۆڵەوەر عەلی بەندی، وەکوو ڕۆژنامەنووس و پسپۆڕی بواری قوربانیانی ئەنفال و جینۆسایدی کورد، ئەم چالاکیانەشی ئەنجامداوە:
- ئەندامی فیدراسیۆنی داکۆکیکردن لە مافی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کوردە،
- ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستانە.
- ئەندامی گرووپی ڕاوێژکاری جینۆسایدی کوردستانە.
- وەکوو ئەندام بەشداری لە چەندین گەڕان و پشکنینی گۆڕی قوربانیانی ئەنفال لە ناوەڕاستی ئێراق و کوردستان کردووە.
- بەشداری لە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفراسی ناوەخۆیی و دەرەوە کردووە بۆ ناساندنی ئەنفال و جینۆسایدی گەی کوردمان.
- دەیان کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی دەربارەی قوربانیانی ئەنفال لە شار و شارۆچکەکانی ئێراق و کوردستان ئەنجامداوە.
- دەیان چاوپێکەوتین و دیمانەی لەگەڵ ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنییە لۆکاڵی و ئاسمانییە کوردییەکان و میدیا عەرەبی جیهانییەکان ئەنجامداوە.
- وەکوو ئەندام بەشداری لە پڕۆژەی یاسای ماف و ئیمتیازاتی و کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال کردووە.
- چەندین پیشانگای وێنە و فیلمی دوکیومێتاری دەربارەی قوربانیانی ئەنفال لە ئێراق و کوردستان کردۆتەوە.
- لە ساڵی 1998 وەک پەیامنێری هەفتەنامەی (پەیمان) کاریکردووە.
- ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ڕۆژنامەی (ئەڤڕۆ) یە لە دهۆک.
- ماوەیەک سەرنووسەری گۆڤاری (برین) بووە لە دهۆک.
- ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد- لقی دهۆکە.
- ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە.
بۆ نووسەر و لێکۆڵەر عەلی بەندی هەر سەرکەوتوو بیت بۆ خزمەتی زمان و ئەدەبی کوردی و کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراون.
وێنەکان:
1 - شاعیر و نووسەر و لێکۆڵەر عەلی بەندی، 2 - لە لای ڕاستەوە: دکتۆر موسلح دهۆکی، شاعیری گەورەی کورد دکتۆر بەدرخان سندی، نووسەر عەلی بەندی، 3 - لە لای ڕاستەوە: شاعیر و نووسەر عەلی بەندی، شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس حەسەن سلێڤانی، بەڕێز مسلم سلێڤانی، 4 - لە لای ڕاستەوە: نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئیسماعیل بادی، نووسەر و لێکۆڵەر عەلی بەندی، نووسوەر و ڕۆژنامەنووس مسەدەق تۆڤی، 5 - لە لای ڕاستەوە: شاعیر دکتۆر عەبدولڕەحمان مزووری، نووسەر عەلی بەندی، دکتۆر محەمەد ساڵح زێباری، نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئەنوەر محەمەد تاهیر، 6 - نووسەر عەلی بەندی لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال، 7 - نووسەر عەلی بەندی لە کاتی خوێندنەوەی وتارێک، 8 - نووسەر عەلی بەندی، 9 - نووسەر عەلی بەندی لە کاتی چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنی، 10 - هەتا 20- بەرهەمەکانی نووسەر عەلی مەندی.
سەرچاوەکان:
1 - کوورتەیەک لە ژیاننامەی نووسەر و لێکۆڵەر عەلی بەندی، لەسەر داخوازی (نەجمەدین عەزیز سمایل) لە نووسەر وەرگیراوە.[1]