قوماش 52
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
گۆتم: بەرێوەڵلا، دەمەوێ ماریانم لۆ ببینیەوە، بەس تێمان بگەینە کوو دەیبینیەوە؟ گۆتی: کاکە، ئێستا بەبیرم هاتەوە، وەختەکی لە دەواجینی سەر ڕێی مەسیفی ئیشم دەکرد، عەمەلەکمان لەگەربوو، لە تەمەنی خۆم دەبوو، جارەکی گۆتی: ئەگەر ئیشەک چشتەکت بوو لە دائیرەی ئاوێ، خزمەکی لەوێیە ناوی قادرە فەندیە، ئەنگۆش نەتانگۆ قادرە فەندی لە دائیرەی ئاوێیە، دە وەڵلاهی هەبی و نەبی ئەو قادرە فەندیەیە کە ئەو کابرایە باسی کرد! گۆتم: ئەوجە ماریان پێدەزانی؟ گۆتی: ئەگەر لە جێی خۆیان مابن بەرێ، قەدیم ماریان لە سێتاقان بوو لە جادەی کانۆ چاوشینی، عەسرێ لۆی شۆڕدەبمەوە و ئیشاڵلا وەخەبەرەکی دەکەوم! گۆتم: زۆر باشە پێکەوە دەچین! گۆتی: نا ئەتوو مێ، ئەمن بە تەنێ دەچم، نەکوو شکی شتەکی بکاو پێمان نەرێ! بابم گۆتی: بەران چشتەک هەیە، ئێستا قادرە فەندی تەقاویت بووە و لە دائیرەی نەمایە، کابرا نارێ چیشت بە قادرە فەندیە؟ گۆتی: دەرێم پارەی ئاوێمان زۆر لۆ هاتیتەوەو دەبی چارەکمان لۆ بکا، ئەگەر گۆتیشی تەقاویت بووە، دەرێم قابیلە ئێکەکی نەناسی لە دائیرەی ئاوێ تەکلیفەکی لێبکا! بابم گۆتی: ئەو قسە ڕێی تێدەچی، دەوجە قادر دەست و برد بکە و زوو خەبەرەکمان لۆ بینە! قادر قرپەستوور گۆتی: دەنگۆ جارێ دیشلەمەکی دیم لۆ تێکەن، ئەوجە ئەمە هەق و عیسابی خۆمان دەکەین!
پاشی عەسرێ قادر ناوی خوای لێهینا و بەڕێکەت لۆ ماری ئەو برادەرەی، ئەمەش لە مارێ دانیشتبووین و چاوەڕێی خەبەرەکمان دەکرد، لە هیکڕا لە دەرکەی درا، داکم لەلای دەرکەی نێزیک بوو، لەگەر زەکیەی جیرانمان قاپ و قاچاغی دەشووشت، دەرکەی کردەوە، بەینەکی لە پێش دەرکەی ماوە، ئەوجە هاتەوە و گۆتی: کوڕم جاحێرەک هاتیە ئەتووی دەوێ، گۆتم: نەتناسی؟ گۆتی: ناوەڵلا، بابم گۆتی: ئاگات لەخۆبی، قسەو مسان نەکەی، نەکوو دائیرەی ئەمن هەر تاقیبت بکەن! گۆتم: زۆر باشە! چوومە دەرێ دیتم جاحێرەک بوو، کراس و شەروارەکی لەبەربوو، تەنکە ڕدێنەکی هەبوو، گۆتم: بەخێراتی! گۆتی: بژی سوپاس، وەزعت کوە؟ گۆتم: باشم فەرموو ئەمرکە! تەماشایەکی ئەولاو ئەولای کرد کەس دیارنیە، گۆتی: لەکن بازۆی هاتیمە، سەلامت لێدەکا، گۆتی: زۆرم پێخۆش بووە بەربووە! یەکسەر درم لێیدا و ترسام ئەو جاحێرە جاسووسی دائیرەی ئەمن بی و بیەوێ تووشی کێشەکم بکا، لۆیێ گۆتم: کاکە بازۆ کێیە، ئەمن بازۆی ناناسم و نازانم کێیە، چەند سارە ماریان لێرە نەمایەو ڕۆییە، هەر نازانم مایە یان نا! گۆتی: ئەو قسە چیە، بازۆی برادەرت دەرێم، ئەوی ئێستا پێشمەرگەیە، گۆتم: کەس بەو ناوەی ناناسم و بڕۆ بەخێرچی! چوومە ژۆرێ و دەرکەی حەوشێم پێوەدا، چاوم پڕی ئاو بوو لۆ خەبەرەکی بازۆی، بەران هەرچەند کردم نەمتانی تەئکیدکەم ئەو کابرایە لەوێ هاتیە یان نا، دائیرەی ئەمن ئەو فرت و فێرانەیان هەبوو، لۆ پێوەکردنی خەرکی! لۆیێ چوومەوە ژۆرێ، بابم گۆتی: چبوو؟ گۆتم: شتەکی وا نەبوو، برادەرەک بوو، گۆتی: برادەری چ کوڕم، قسان بکە، لۆ ڕەنگت تێکچووە! گۆتم: شتەکی وەهانیە، گۆتی: پێم برێ کوڕم بزانم ئەو جاحێرە کێبوو؟ گۆتم: وەڵلا بابە، گۆتی: لەکن بازۆی هاتیمە و سەلامت لێدەکا! بابم ڕەنگی تێکچوو، گۆتی: ئەتوو چتگۆ؟ گۆتم: وەڵلا گۆتم: ئەمن بازۆی ناناسم و ئێستا برادەرم نیە، چەند سارە ماریان باری کردیە و لێرە نەمایە! بابم گۆتی: خۆ قاقەز و ماقەزی نەدایێ؟ گۆتم: ناوەڵلا! گۆتی: خوا بتپارێزی، ترسی ئەوەم زۆرە جەماعەتی دائیرەی ئەمن بن و بیانەوێ تووشی کێشەت بکەن، کوڕم نێزیک ماری بازۆش نەبی، تەئکیدبە موراقەبەیان لەسەرە و دەیانەوێ بزانن کێ دەچتە ژۆرێ و کێ دێتە دەرێ! گۆتم: ئەدی کوو خەبەرەکی گەلاوێژ خان و مام ئەحمەدی بابی بزانم؟ گۆتی: کوڕم ئەمە دوور بە دووری ئاگام لێیانەو ئەلحەمدولیللا سەلامەتن! ئاخەکم هەرکێشاو گۆتم: ئەی بازۆی فەقیر، چت لێهات و کوو لەسەمن دەربەدەری چیاو چۆلان بووی!
بەرەبەری ڕۆژئاوابوونێ قادر قرپەستوور هاتەوە، نەچۆوە ماری خۆیان و یەکسەر لایدا ماریمە، سەلامی کردو لە ناو هەدیقەی لە تەنیشت بابم لەسەر کورسیەکی دانیشت، بەخێراتنمان کردو جامە ئاوەکی خواردەوە، بابم گۆتی: دەی قادر، بزانم شێری یان ڕیوی! قادر گۆتی: ئەوی ڕاستی بی نەشێرم و نە ڕیوی، بەرکوو پرینگم! گۆتم: ئەوە مەعنای چیە؟ گۆتی: کاکە، ماری ئەو برادەرەم دیتەوە، بەینەکی باش دانیشتین و قسەی قەدیممان زۆر گێڕاوە، دوایێ ئەخباری ماری قادرە فەندیم لێپرسی، گۆتی: چیشت پێیتی؟ گۆتم: ئیشەکم بە دائیرەی ئاوێ کەتیە بەشکوو لۆم بکا، گۆتی: وەڵلا تەقاویت بووە، گۆتم: قابیلە کەس نەناسی لە دائیرەی ئاوێ ئەو ئیشەم لۆبکا، دەتوو ناونیشانیم بدێ و با ئەمن بچمە ماری، بەشکوو هیمەتەکم لۆبکا، وەڵلا ئەو برادەرەم وەکی زێڕان ناونیشانی قادرە فەندی دامێ، گۆتی پێشان ماریان لەلای خەستەخانەی جمهوری بوو، بەران ئێستا لەوێ نەماینەو چووینە گەڕەکی ئازادی! گۆتم: ئازادی گەڕەکەکی گەورەیە، پێم برێ لە ئازادی لەچ کەرخەکینە؟ گۆتی: وەڵلا لە دەوروبەری مزگەفتی ئازادینە، بابم گۆتی: ئەی مارت ئاوابی قادر، وەڵلاهی ئیشەکی مەردانەت کرد، ئەمەش لەو سێ چار ڕۆژەی تاقیبەکی ماریان دەکەین و دەیانبینینەوە و وە سەروسۆراغەکی دەکەوین! قادر گۆتی: بەران چشتەکیدی هەیە! کە قادر ئەو قسەی کرد درم ڕنگەی لێوەهات، ترسەک هەموو لەشی داپۆشیم و گۆتم سەتاسەت دەرێ هەورین مێردی کردیە! گۆتم: دەبرێ مام قادر برێ، ئەو چشتە چیە؟ قادر گۆتی: وەڵلاهی ئەو خزمەی گۆتی: قادرە فەندی جەڵتە لێی دایەو دەستەک و پێیەکی مردیە، هەتا پێی ناکرێ ئاویش بە دەستی خۆی بخواتەوە، مندارەکانی وا هات و چووی عیلاج تەبیعی پێدەکەن و وا تێدەگەم لە خەمان جەڵتە لێی دابی، ئەمنیش لێی وەپێش کەتم و گۆتم خەمی چ؟ گۆتی: وەڵلاهی کوڕەکی لە دائیرەی ئەمن بن بزر کراو کابرایەکی ڕئیس جاش ملی لەبەر ملی نابوون، دیاربوو داڵغەی لە کیژەکی قادرە فەندی دابوو، هەموو ڕۆژێ هەریدەکووتا سەر ماریان و تەشقەرەی پێ دەکردن، ئیدی قادرە فەندیش بەرگەی ئەو هەموو خەمەی نەگرت و جەڵتە لێیدا! گۆتم: باشە نەیگۆ کیژەکەیان دا ڕەئیس جاشەکەی یان نا؟ قادر گۆتی: نەخێر نەیگۆ، دیاربوو ئەو خزمەیان هەر هەندەی لێ دەزانی!
داکم گازی کردم و گۆتی: کوڕم وەرە ئەو شەربەتەی لۆ قادر و بابت ببە! هەتا ئەمن هەستام و چووم شەربەتەکەی بینم، قادر چرپەکی لەگەر بابم کرد، ئەو چرپە دری منی هاویشتە قرت و فرت، شەربەتەکەم هیناو لە پێش بابم و قادرم دانا، هەستم کرد بابم ڕەنگی تێکچووە و وەکی جاران نیە، بابم دەستی لۆ شەربەتەکەی بردو لە دەستی بەربۆوەو ڕژا ناو هەدیقەی! گۆتم: خێرە بابە دەرێی تەواو نی؟ گۆتی: نا کوڕم نا هیچ نیە ئیشاڵلا، هەر بڕەک سەرم دەسوڕێ، بڕۆ حەبەکی ژانە سەرێم لۆبینە! چووم حەبەکم لۆ بابم هیناو هاویشتیە زاری و قوومە ئاوەکی بەسەر داکرد! ئەمن هەستم کرد شتەک بووبی و قادر لە منی شاردەوەو بە بابمی گۆ، بەران هەردووک ئینکاریان کردو پێیان لێنەنا!
قادر بڕەکی دی دانیشت و مەلای مەغریبێ بانگی دا، گۆتیە بابم نەچینە مزگەفتێ نوێژەکەی بکەین، بابم بە درەکی پڕ لە خەم گۆتی: بابچین قادر بابچین، ئیدی بابم و قادر بەرەو مزگەفتێ چوون و ئەمنیش خەمی خۆم تەسلیمی چارەنووسەکی نادیار کرد، ئەو نادیارەی قادر بە دزی بە بابمی گۆت و لە منی شاردەوە!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!