قوماش 57
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
بڕەک پێچوو مندارەک دەرکەی کردەوە، وەکی چاوی بەمن کەت، غاریدا ژۆرێ، بڕەک پێچوو، برایەکی هەورینی هات، بەخێراتنی کردم و فەرمووی لێکردم، چوومە ژۆرێ و لە هۆدەی مێوانان دانیشتم، ئەو چووە ئەو دیووی و هەندەی نەبرد هاتەوە، گۆتی: بابم وا لە هۆری پاریدایتەوە، دەرێ بابێ بیبینم! هەستام و چوومە ئەو دیووی، دیتم قادرە فەندی لەسەر قەرەوێرەکی درێژ کرایە، وەکی چاوی بەمن کەت، هەردوو چاوی پڕی ئاو بوون، سەلامم لێکرد و کورسیەکیان لۆ هینام لە تەنیشتی دانشتم، تووند دەستی گرتبووم و بەری نەدەدا، فەوزیە خانیش هات و بە چاوی پڕ لە گریانەوە بە خێراتنی کردم و سەری ماچ کردم، گۆتی: وەی چاوی داکت کۆرە بی هەورینۆکە، کوو مارت وێران بوو، خۆم پێنەگیراو لەگەرەوان فرمێسک بە هەردوو چاوم داهاتە خوارێ، فەوزیە خان لەوسەری قەرەوێرەکەی دانیشت و گۆتی: دەبینی قادر لە خەمینگۆ چی بەسەرهات، بەرگەی خەمی توو و هەورینی نەگرت و پاشی دوو حەفتان لە مێرد کردنی هەورینی جەڵتە لێیدا، گۆتم: یەعنی ڕاستە هەورین مێردی کردیە؟ گۆتی: کوڕم ئەگەر مێردی نەکردبا، ئێستا ئەتوو زریانی برای لەبن خۆرێ بوون، گۆتم: ئەوجە لۆ ئەوهای لەخۆ دەکرد، ئەمە دەکوژراین و دەبڕاوە، بەران ئێستا ئەو بەو وەزعەی هەموو ڕۆژێ دەکوژرێ و دەکوژرێتەوە! گۆتی: دەزانم کوڕم دەزانم، بەران ئەو خۆی بەراگێڕینگۆ کرد، گۆتم: ئێستا لە کێیە؟ گۆتی: لە ماری ئەو سەرۆک جاشە سەگبابەیە، وەڵلا بە مانگ ئیزنی نادا ئەمە بیبینیم، حسابکە سجنە لەوێ، بیبینی نایناسیەوە، هیشک بووە لە خەمان، گۆتم: ئەدی زریان کووە؟ گۆتی: برێم کووە، لەگەر ئەو تەعزیب دانەی دائیرەی ئەمن وەزعی تێکچووە، گۆتم: کوو تێکچووە؟ گۆتی: تووشی نەخۆشی نەفسی بووە و لەو ژۆرەی نایێتە دەرێ، بەین بەین هاوار دەکاو دێ خۆ لەپەنا من دەنێ، دەرێ دایە بمپارێزە دەمکوژن! بردیتمانە دختۆری نەفسیش ئیستیفادەکی وەهای نەکردیە، دوعای لۆ بکە خوا شفای بدا! ئاخ فەیرۆز ئاخ فەیرۆز، ڕەبی قەت خێر لەخۆت نەبی، وەکی ئەمەت تووشی ئەو دەردەسەریەی کرد، ڕەبی کیژم بە مراکانت لە قەبری بنێن!
بەینەکی دانیشتم و قادرە فەندی فەقیر وەزعی کووی برێی خراپ بوو، ئاخر نە قسەی پێ دەکراو نە دەیتانی بجولێ، ژیان بەو حارەی زۆر ناخۆشە و مردن زۆر باشترە، بەین بەین هەندە ئاویان بە دەوی وەدەکرد و لەسەر قەرەوێرەی هەرگێڕ و وەرگێڕیان دەکرد، فەوزیە خان گۆتیە من: کوڕم زۆرت ئاگا لە خۆبی، ئەو سەرۆک جاشە زۆر زاڵم و غەدارە، بەخوای لە دەستی دێ لە پەنایەکی بتکوژی و لە بن خۆرێت بنێ! گۆتم: فەوزیە خان تەئکید بە ئەوە ئەوەل و ئاخیر جارە دێمە مارینگۆ، چیدی نایێمەوە، لۆیێش هاتم بەس تەئکیدکەم بزانم وایە هەورین درایتە ئەو کابرایەی یان نا! گۆتی: ئەتوو کوڕی گەورەمی، بە خوای کوڕم لەبەتوومە، دەنا ئەو مارە ماری خۆتە و فەرقت نیە لەگەر زریانی! هەستامەوە و گۆتم: ئەگەر ڕوخسەت هەبی دەڕۆم، دۆقەم لەگەر قادرە فەندی کرد، ڕووی وەرگێڕا لای دیواری و بە هەردوو چاوان فرمێسکی ڕێشت، فەوزیە خان سەری ماچ کردم و گۆتی: ڕەبی کوڕم هەرچی باشە خوا لۆت بینی! گۆتم: ئەگەر هەورین هاتەوە زۆر سەلامی لێبکە! هەردوو چاوی پڕی ئاو بوون و گۆتی: سەلامی خوای لە خۆشەویستی خوای و لە توو و لە ئۆمەتی محەمەدی بی! ویستم بچمە دەرێ و بڕۆم، مندارەک بە غاردان هاتە ژۆرێ و گۆتی: دایە دایە، هەورین هاتەوە!
ڕنگەم لە دری وەهات، قادرە فەندی تەماشایەکی منی کرد و ئیشارەتی دا مندارەکان قیتی بکەنەوە، دوو بالیفیان هاویشتە بەر پشتی و دایان نیشاند، فەوزیە خان غاریدا دەرێ هەورینی ببینی، ئەمن جێم پێ جێنەبوو و نەمدەزانی چبکەم، کوو بیبینم و چبرێم و چبکەم، دەبی ئەو چبکا و چبرێ، وەکی پەیکەرەکی لە جێی خۆم ڕەق بووم و نەمتانی بجولێم، درم وەها بەتووندی لێی دەدا، دەمگۆ ئێستا لە قەفەزی سینگم دەردەپەڕی، لەو خەیارانە دابووم هەورین وەژۆرێ کەوت، چاوی بەمن کەت لە جێی خۆی هیشک بوو، ڕەنگی وەکی خورمای لێهات و ڕەق ڕاوەستا، بەینەکی چاوی لە چاوی من نا، دوایێ خۆی پێ ڕانەگیراو کەتە ئەوگۆڕەی، فەوزیە خان هاواری کرد: ئەی کۆرەبم هەورۆ، وەی کۆرەبم هەورۆ، ئەمن نەمتانی زیاتر خۆم ڕابگرم و کشامەوە لەسەر قەرەوێرەکەی قادرە فەندی دانیشتم، دوو سێیەک غاریاندا هەورینی و قیتیان کردەوە و لە بەرامبەرە من لەسەر قەنەفەیان دانا، فەوزیە خان پەرداخە ئاوەکی هینا و هەندەکی بە دەموچاوی هەورینی داکرد، تۆزەک هاتەوە سەرەخۆ، ڕێک بەرامبەری من دایاننابوو، چاوی لە چاوم گیر کردبوو، بەینەکی باش شاگەشکە ببوو، دوایێ لە هۆڕژنی گریانێی دا، داکی لە تەنیشتی بوو، سەری بەسینگی داکی کرد و وەها بە تاو دەگریا، دەتگۆ وا ئاوزینگان دەدا و دەمری، ئەمن و قادرە فەندی لەتاو ئەو ئازارەی فرمێسک بە هەردوو چاومان دا دەهاتە خوارێ و نەماندەزانی چبرێین! داکی زۆر دری داوە و گۆتی: کیژم ناوی خوای بینە ئەو کوڕەت کووشت، دەبینی کوو لە تەنیشت بابت هیشک بووە و ئاو لە چاوانی نەما، ئەمن هەستامەوە بچمە دەرێ، هەتا هەورین چیدی خەمی نەخوا، کە دیتی دەڕۆم هەستاوە و پێشی لێ گرتم و گۆتی: ئەگەر ئەو دوو چاوانەی توو و ئاهی زریانی برام نەبایە، پارچە پارچەشیان کردبام مێردم بەو گەوادەی نەدەکرد، بەران مێردکردنی من تەنها و تەنها لۆ ئەوەی بوو ژیانەکی تازە بەتوو بدەمەوە، گۆتم: بریا ئەمنیان زەهیر خواردی بکردبایە و قەت قەت ئەتووم بەو شێوەی نەدیتبا! ئەو لەبەر فرمێسکی قسەی پێ نەدەکرا، هەردوو چاوە جوانەکانی سۆر هەرگەڕابوون، دەستی دانا سەر درم و گۆتی: پەیمانم بدێ جێی من هەر ئێرە بی! گۆتم: باش بزانە ڕۆژەک دادێ ئەو عەشقەی دەنووسمەوە و دەبی هەموو دنیا بزانی شیرن و فەرهادەکی دی بە دەستی جاشەکی خۆفرۆش لەو هەولێرەی سەربڕان، بێ خوا حافیزی چوومە دەرێ و لە بنی درم بڕیارم دا ئەگەر یەک دەقە لە ژیانم مابی دەبی تۆرەی خۆم و هەورینی لەو سەرۆک جاشە دڕندەی بکەمەوە!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!