قوماش 70
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
یەک دوو ڕۆژ تێپەڕی، دانیشتبووم یارمەتی داکم دەدا لە چاکردنی ئەو سەرو پێچکەی بابم هینابووی، لە دەرکەی درا، چووم کردمەوە، دیتم برایەکی هەورینی بوو، سەلامی کرد و گۆتی: داکم سەلامی لێدەکردی، گۆتی: هەورین لە ماری خۆمانە، با عەسرێ بێ بیبینی! گۆتم: باشە بەسەرچاو، سەلامیان لێبکە و برێ گۆتی: دێم! مندارەکە ڕۆیشت و ئەمنیش چوومەوە ژۆرێ، داکم گۆتی: ئەوە کێبوو کوڕم؟ گۆتم: کوڕی قادرە فەندی بوو، گۆتی: داکم گۆتی: عەسرێ وەرە مارێمە هەورین لەوێیە! داکم گۆتی: خوایە بەخێری بگێڕی و بە سەلامەتی لەو بەرایەی قورتارمان کەی! گۆتم: خوا کەریمە، ئیشاڵلا خوا بە نەوعەکی وا حەلی دەکا بە دری هەموومان دەبی!
داکم لۆ نیوڕانێ هەندە جەرگ و ناوی سۆر کردەوە و سەرو پێچکەکەشی هەرگرت، بەو حسابەی سبەینێ لێی بنێ، لەگەر بابم لەسەر نانی دانیشتبووین و مەسەلەکم لۆ باس کرد، گۆتی: کوڕم زۆرت ئاگا لە خۆبی و خوا بتپارێزی، وەڵلاهی لە ترسی ئەوەی نەبی ئەو کیژە چشتەکی لەخۆی دەکا، نەمدەهێشت بچی، بەران چبکەم، قەتل گوناحەکی گەورەیە و خەمێ دەخۆم قادرە فەندی لەو دنیاش خەمێ بخوا، داکم گۆتی: ئیشاڵلا بە سەلامەتی دەچی و بە سەلامەتی دێتەوە!
وەختی عەسرێ جلکم گۆڕی و لە ژۆری خۆم هاتمە دەرێ، داکم شووشەکی بەتاری ئاوی تەماتەی پڕی موڕەبا کردبوو، گۆتی: کوڕم ئەوەی لەگەر دەستی خۆت بدە هەورینی، برێ داکم لۆی ناردی، شووشەکەم لە داکم وەرگرت و هاویشتمە کیسەکی قاقەز و خواحافیزیم کرد و ڕۆیشتم لۆ ماری قادرە فەندی! گەیشتمە وێ و لە دەرکەمدا، کردیانەوە و فەرموویان لێکردم، درم لەسەر هەزاری لێی دەدا، چوومە ژۆرێ و لە هۆدەی مێوانان دانیشتم، وەختەکی فەوزیە خان و هەورین هاتنە ژۆرێ، بەخێراتنیان کردم، هەورین بەینەکی تەماشای کردم و گۆتی: ئای پرتەقار چمان بەسەرهات، توخوا مردن لەو ژیانەی باشتر نیە! گۆتم: کێ بزانی ئەوهامان بەسەر دێ و تووشی ئەو هەموو خەمەی دەبین، ئای بازۆ چەند ئاقربووی، برێ لۆ بەگێم نەکردی! گۆتی: بازۆ چیگۆ؟ گۆتم: گۆتی: هەریگرە و بڕۆنە لایەکی، بریا ئەو شەوی لەگەر بابم هاتین، مارەم بکردبایی و ڕاست بڕۆیشتباین، ئەمەش نەجاتمان دەبوو و زریان و بابیشت تووشی ئەو وەزعەی نەدەبوون، گۆتی: ئەوەی لایمە خەیارە، لای خوای بەتارە! گۆتم: هەورێ وەزعت کووە؟ گۆتی: پێت وایە ئەمن باش بم؟ گۆتم: باوەڕ ناکەم، هەرچەندی تەماشات دەکەم بەس خەم و گریان و خەفەتی لە نیوچەوانت دەخینمەوە، گۆتی: ئەگەر مردم گەردەنم ئازاکە و هەموو ڕۆژانی جومعەی وەرە سەر قەبرم و باسی ژیانی خۆتم لۆ بکە، چدەکەی و خەریکی چی، بەرنامەت چیە و کێت هینایە، چەند مندارت هەیە و ناویان چیە، باسی دار پرتەقارەکانی حەوشێ و پیاسەی هێوارانی سێتاقانم لۆبکە، خەمەکانی تەیراوەم لۆ بگێڕەوە و سەلامی پیرە قەراتێم لۆ بینە، بەهارانیش بێ نێرگز نێیە سەرم، ئەگەر نێرگزی نەینی گەردەنت ئازا ناکەم! هەردوو چاوم پڕی ئاو بوون و فرمێسک بەسەر ڕوومەتەکانم دا هاتنە خوارێ، گۆتم: هەورینی من، خوا نەکا ئەتوو بمری و مەرگم پێش مەرگت کەوی، ئەگەر ئەمن مردم ئەتوو وەرە سەر قەبرم و دوا نوکتەکانی پیاسەی هێوارانی باخچەی خانزادم لۆ بگێڕەوە، ئەویش لەگە من دەگریا و فرمێسکی دەڕێشت، فەوزیە خان هەردوو دەستی بە چاوی وەنابوو هوڕ هوڕ دەگریا، هەورین هەستاوە، چوو باوەشی بە داکی کرد و گۆتی: توخوا دایە گەردەنم ئازاکە، بوومە بەرا بەسەرینگۆ و بابیشم لە خەمی من مرد، داکی گۆتی: کیژی گەورەم، هەرچی خوا نووسیبی دێ، دەبی بە قووەت بین و نەڕوخێین، نەکەی بڕوخێی! لەو هەموو شین و گریانەی ئاگرم تێبەربوو، نەمدەزانی چبکەم و چبرێم، هەورین لە باوەشی داکی هەستاوە و هاتەوە کنە من، گۆتی: گەردەنم ئازا دەکەی؟ گۆتم: نەخێر، ئەگەر شتەکی لە خۆت بکەی لەو دنیای ئێقەت دەگرم و بە خوای دەرێم: ئەوەبوو هەموو ڕۆژێ ئەمنی دەکووشت و دەکووشتەوە، ئامان سەت ئامان نەکەی خۆت بکوژی، باش بزانە ئەوەی دەیکوژی هەورین نیە و ئەمنم، مەمرە و بە یادی من بژی، هەر کاتی فکرت لەوەی کردەوە خۆت بکوژی، بینە بەرچاوت ئەوە ئەمن دەکوژرێم و دەکوژرێم، ئامان سەت ئامان هەورین مەمکوژە، مەمکوژە و با هەموو ڕۆژێ بە یادی توو بژیم!
هەورین بێدەنگ بوو، هیچ وەرامەکی نەدامەوە، فەوزیە خانی داکیشی زۆری قسەکرد، لە کۆتایی تانیمان قەناعەتی پێبکەین شتەکی نەکا کە خوای گەورە لێی توڕەبی و ئەمەش خەفەتباری بکا، لە هەستانێ شووشە موڕەبایەکم دا دەستی و گۆتم: ئەوە دیاری داکمە لۆ توو، بە دەستی خۆی دروستی کردیە، زۆر دری پێی خۆشبوو، گۆتی: دەستی داکت و بابت ماچ دەکەم وسەلامیان لێبکە، ئەوجە گۆتی: یەک شتی بکە! گۆتم: چیە؟ گۆتی: ئەگەر بە گێی من دەکەی بە دوو ژیانی خۆت دابگەڕێ و ژنەکی بینە، تازە خۆشەویستی من و توو کۆتایی پێهات، ئەگەر ئەتوو ژنی بینی، ڕەنگە وەزعە بگۆڕێ، ئەتوو خەریکی ژیانی خۆت بی و لەمن دوور کەویە و خەمت کەمتر بی! گۆتم: موستەحیلە شتی وابکەم، پاشی توو ژیان لە من حەرام بی، ئاسان نیە بتوانم ژنەکی دی بینم و دریشم لای توو بی، خوا قبور ناکا ژیانی ئافرەتەکی دی بکەمە دۆزەخ! ئیدی خواحافیزیم کرد و هاتمە دەرێ، لە دەرکەی گۆتی: دیارە ڕدێنەکت تراشی! گۆتم: لەبەر داک و بابم، ئەوان زۆر تکایان کرد، گۆتی: یاڵلا گێمەدێ، بەگێی وان بکەی باشترە!
چوومەوە و داک و بابم لە مارێ بوون، بابم گۆتی: هەورینت دیت؟ گۆتم: بەرێ، ئەمن و فەوزیە خان زۆرمان قسە لۆکرد، باشبوو هاتەوە سەرەخۆ و وازی لەو فکرو خەیارانە هینا، بابم گۆتی: دەوجە کوڕم، ئەتووش بەگێی من بکەو وازی لێبینە، ئەو ژنە چوویتە ڕێی خۆی، ساحێبی مار و مێردی خۆیتی، ڕاستە غەدرەکی گەورەی لێکرایەو شەوو ڕۆژ لە خەم و خەفەت دایە، بەران ئەسڵ وایە ئەتووش وازی لێبینی و فکری لێنەکەیەوە، کوڕم شەرعیش وەدەرێ، قابیلە ئەمن بمەوێ غەدرت لێبکەم، وەڵلا ئەو مێردەی بزانی ئەتوو دەیبینی، هەردووکتان دەکوژی، کوڕم وازی لێبینە، بابم وازی لێبینە! داکم گۆتی: ئەشەدەن و بیللا قسەی بابتە، کوڕم تازە ئەوچووە ڕێی خۆی، ئەگەر ئەتوو واز لەوی بینی و ژنەکی دی بینی، تەئکید بە ئەویش ئەتوو لەبیر دەکا و دەچیتە ڕێی خۆی! ئەمن هیچ دەنگم نەکرد، دەمزانی قسەی داک و بابم تەواوە، عورف و عادەتیش وایە، دەبی لێک دوور کەوینەوە، بەران چبکەم ئەو درەم وانارێ، ئاخ و سەت داخ لە دەست ئەو درەم!
ڕۆژەکی دانیشتبووم کتێبم دەخیندەوە، لە هیکڕا بازۆم بە بیر هاتەوە، گۆتم: وەچاکە سەرەکی لە ماریان بدەم و بزانم داک و بابیان کوونە و چخەبەرەکی بازۆیان لەکنە، هەستام و هەر بە پیاسە بەسەکەتم لۆلای ماریان، لە دەرکەم داو گەلاوێژ خان دەرکەی کردەوە، وەکی چاوی بەمن کەت، هەردوو چاوی پڕی فرمێسک بوون، دوو ماچی لەسەری کردم و گۆتی: بەخوای چابوو هاتی، بۆنی بازۆت لێدێ، وەکی ئەتوو دەبینم وا دەزانم بازۆم دیتیە، دە فەرموو وەرە ژۆرێ کوڕی گەورەم!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!