قوماش 71
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
چوومە ژۆرێ و دانیشتم، گەلاوێژ خان زۆر بێتاقەت بوو، گۆتی: ئەوجارە خوا ڕەحمی بەو درەی من کرد و بازۆی قورتار کرد، زۆر دەترسێم جارەکیدی چشتەکی لێبێ، ئەوجە خۆ ئەمن بەزگ دەدەم، گۆتم: ئیشاڵلا سەلامەت دەبی و هیچی لێنایێ، بەس ئەتوو بەمن برێ، ئاگات لە خەبەرەکی وی نیە؟ گۆتی: بەرێوەڵلا، بە تەمانە ڕەوانەی ئێرانێی بکەن لۆ عیلاجی، ئەوجە بە تەمای خوای، گۆتم: ئیشاڵلا خوای گەورە شفای دەدا، گەلاوێژ خان دەبی گەردەنم ئازا کەی، بازۆ بە سەبەبی من ئەوهای لێهات، خۆ ئەگەر ئەمن لە دائیرەی ئەمن نەگیرابام، بازۆ لۆ هەردەهات و دەچووە دەرێ! گۆتی: نا کوڕم نا، ئەتوو کێی بازۆ کێیە، بە خوای فەرقت پێناکەم لەگەرە وی، یاڕەبی خوا بتانپارێزی، گۆتم: بەتەمانی بچی سەرەکی لێدەی هەتا ڕەوانەی ئێرانێ نەکرایە؟ گۆتی: حەز دەکەم بچم، بەس دەزانم تووشی کێشە دەبم، ئەمن تەئکیدم ئەمە هەموومان موراقەبەم لەسەرە، دەترسێم ڕۆژەکی بێن هەموومان بگرن و فڕێمان دەنە حەپسخانەیی و برێن هەتا بازۆ نێتەوە بەرتان نادەین! گۆتم: ئەتوو برێی شتی وا بکەن؟ گۆتی: بەخوای کوڕم دەبی چاوەڕێی هەموو چشتی بکەی لەو حوکمەتە زاڵم و ستەمکارەی، ئەوان نە دینیان هەیە و نەخوای دەناسن و نە پێغەمبەر، کوڕم ئەتووش زۆرت ئاگا لەخۆبی، با تووشی کێشەکی نەبی، قەلەندەر وەڵلا ئەوجارە بگیرێی بە هیچ لەبن نایێ دەرێ!
دەوری سعاتەکی لەوێ دانیشتم و خواحافیزیم لەگەلاوێژ خانی کرد و شۆڕ بوومەوە لۆلای مارێ، ڕێ و ڕێ دەڕۆیشتم و فکرم لەو قسانەی بابم دەکردەوە، کەوا گۆتی: واز لە هەورینی بینە با بچیتە ڕێی خۆی و ئەتووش بڕۆ ڕێی خۆت، ئەگەر ڕاستتان دەوێ قسەی بابم و داکم تەواوە، هەورینیش هەر ئەو قەناعەتەی لۆ دروست بووە، لۆیێ گۆتی: بڕۆ لە دوو ژیانی خۆت بگەڕێ و ژنەکی بینە، با ئەمن لە بیرکەی، ئەمن لەو فکرو داڵغە و خەیارانە دابووم و گەیشتمەوە لای مارێ، لەگە شێرۆی ڕاوەستام و بڕەک قسەمان کرد و باسی دەنگ و باسی برینداریەکەی بەدە بێ دەرپێمان دەکرد، لە هیکڕا فەوزیە خانی داکی هەورینی لە تەکسیەکی دابەزی و بە توندی لۆ لای من هات، گۆتم: فەوزیە خان خێرە لۆ ئەوها مشەوەشی؟ ئەمن درم لۆ ئەوەی چوو هەورین شتەکی لە خۆی کردبی، لۆیێ گۆتم: پێم برێ هەورین چی بەسەر هاتیە؟ گۆتی: وەختی هەورینی نیە، خۆت قورتارکە، ئەو سەرۆک جاشە سەگبابە زانیتی ئەتوو لەگەر هەورینی دانیشتی، کوون بە کوون لە دووت دەگەڕێ، خۆت قورتارکە هەتا نەیکووشتی!
گۆتم: شێرۆ فریام کەوە! گۆتی: شێرۆی قوڕ بەسەر بە خۆی فلیمی سووتایە، فریای چت بکەوی! گۆتم: ئەتوو بەس بمگەینە شەقراوەیی و هەقت نەبی، گۆتی: ئەمن مردی ئەنگۆ زندی، ئەگەر لەسە توو ئیعدام نەکرام، ئەمن شێرۆ قوون کەتی نیمە! گۆتم: ئەوجە لۆ قوون کەتی؟ گۆتی: ئەگەر قوون کەتی نەبام، داوم لەگەر داوی توو تێکەر نەدەکرد، سواربە با بتگەینم، کوو لەمن بوویە جیڤارا، ڕاوەستە ئەگەر لە پێش معافەزەی بە دارێیان وەنەکردی، برێ شێرۆ هیچ لە دنیایێ نازانی! سواری تڕومبێلی شێرۆی بووم و شێرۆ پێی لێنا، گۆتی: خوایە بەتەمای توو، گەیشتینە سەر جادەی شێستی و پیکابەکی پڕی جاش لۆلای مارێمە سوڕانەوە، گۆتم: کورە شێرۆ پێ لێنێ، جاش گەیشتینە لای مارێمە، شێرۆ ئەعسابی نەما، گۆتی: ئەتوو وەتێدەگەی ئەمن سۆپەرم پێیە، لادەی گەواد بە مەترەقانیش لێیدەی لە هەشتای تێناپەڕی! گۆتم: دەباشە چاوەکەم باشە، ئەتوو بەس قورتارم کە! گۆتی: بەس پێم برێ لە شەقراوەی کێوەت ببەم؟ گۆتم: جارێ بمگەینە مارێ مام ڕەسوری لاسەیی، لەوێش خوا کەریمە، گۆتی: بەخوای وابزانم، دەچی لە تەنیشت بازۆی لێ پاردەدەیەوە، ئەوجە بتبینم نەتناسم کوو قازیفەی دوو دوو بتەقێنێ!
گەیشتینە جادەی شۆڕشی و شێرۆی پێی لێنا، گۆتی: دوعای بکە لە سەیتەرەی شاوێسی دەرباز بین، زۆر تووندە، گۆتم: کێشەت هەیە؟ گۆتی: ناوەڵلا، بەران دەترسێم لۆ جەیشی شەعبی بمگرن و لوولم دەن، گۆتم: ئیشاڵلا هیچ نابی و بە سەلامەتی دەردەچین، گۆتی: کورە ئەتوو لۆ ئەوەندە گێلی، دەبینی لەسەر کیژەکی چت لەخۆ کرد، چەند جارم پێگۆتی: واز بینە، وازبینە، وەکی من بە گێلی بژی، دە وەڵلاهی زۆر جار پیاو گێلبی لە دنیایێ زۆر خۆشە، بزانە ئەمن چونکە گێلم چەند خۆش دەژیم، عەفتەی جارەک ڤیدیۆی دەینم و تێر تێر لەدیار فلیمی ئیبراهیمی دەگریێم، دەنا وەڵلاهی بابیشم بمری لۆی ناگریێم، ئاخر کوڕم کێ منەتی پێیە ئەتوو ئەوهات لەخۆ کرد، فەرموو ئەوە وا دەربەدەر بووی، لۆ خۆت ژنەکی ئەڵلا خواییت هینابا باشتر نەبوو، ژیان بەخۆی چەندە هەتا ئەو هەموو خەمەی لێ بخۆی! گۆتم: شێرۆ وەختی هەندێ نیە، ئەتوو جارێ دوعای بکە بە سەلامەتی دەرچین! سەرەکی باداو گۆتی: تازە ئەتوو بە کەلکی گێلاتیش نەمای، وەڵلاهی هەتا دەمری دەبی عومری خۆت لەو چیایانە ببەیە سەری!
گەیشتینە سەیتەرەی شاوێسی، هەستمان کرد وەزعەکە ئاسایی نیە، بێجگە لە ئەمن و ئینزیباتەکان، سێ چار جاشیش ڕاوەستابوون، گۆتم: شێرۆ دەتانی بگەڕێیەوە؟ گۆتی: ناوەڵلا نابینی پشتم گیرایە! گۆتم: وابزانم دەگیرێم، گۆتی: کوو دەزانی؟ گۆتم: ئەو جاشانە نابینی؟ پێدەچی لۆمن لەوێ ڕاوەستابن، گۆتی: لۆ دانابەزی و بە پێیان بڕۆی و دوورکەویە، وەڵلا وەبیللا دەگیرێی، زوو دابەزە و خۆت قورتارکە!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!