قوماش 76
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
کە ئەو قسەی کرد، هەستم بەخۆشییەکی زۆر زۆر کرد، چونکە تانیم دوو کەسی پاک و بێ تاوان لە هەتک کردن و کووشتنی ڕزگار بکەم، تانیم داوێنی هەورینی بە پاکی بێلمەوە و دختۆر شێرۆش لە مردنەکی سەتاسەت قورتار بکەم، هەندەک جار بنیادەم لەگەر ئەوەی سەتاسەت دەزانی دەیکوژن و لەناو دەچی، هەست بە ئاسوودەیی و خۆشییەکی زۆر دەکا، چونکە دەزانی خۆی کردیتە قوربانی دوو کەسی پاک! زابت ئەمنەکە گۆتی: ئەو گیرایەش ببەنەوە ژۆری خۆی، ئەمنەکە قۆری گیرایەکەی گرت و بردیەوە، زابتەکە هاتە لای من و جغارەکی دامێ، گۆتم: ئەمن جغارەی ناکێشم، سەرەکی بادا و چۆوە سەر کورسیەکەی خۆی دانیشتەوە، جغارەکی دەریناو پێی کرد و قوومەکی گەورەی لێدا و سەری برند کردە عاسمانێ و دووکەرەکەی بەباکرد، وەکی برێی هەستی بە خۆشیەکی زۆر کرد، چونکە تاوانبارەک لەبن دەستی وی دانی هەموو چشتەکی نا و کۆتایی بە تەحقیقی هات! جەڕەسی لێدا و ئەمنەک هات، پێی گۆ: تعال انقل کل الي موجود بالتسجیل واکتبه علی الورق، حتی باجر يوقع علیه(وەرە هەرچی قسەی تەسجیلمان کردیە، لەسەر قاقەزی بینووسەوە و با سبەینێ پێی ئیمزا بکەین)! ئەویش گۆتی: نعم سیدی(بەرێ گەورەم)، ئەمنەکە تەسجیلەکەی برد و ڕۆیی، ئەمنیش هەر لە ژۆرێ مابوومەوە، زابتەکە گۆتی: احسنت، لان اعترفت(ئیشەکی باشت کرد پێت لێنا)، لە دری خۆم گۆتم: باشییەکەی هەر ئەوەبوو دوو کەسم لە مردن قورتار کرد، دەنا باشی چیە بە پێی خۆت بچیە بن سێدارەی! زابتەکە جەڕەسەکی لێدا و ئەمنەک هات، پێی گۆ: ودی هذا لغرفة زینة و انطوا اکل، خل يرتاح، لان اعترف(ئەوەی ببەنە ژۆرەکی باشتر و نانەکی باشی بدەنێ، چونکە پێی لە تاوانەکانی نا)، ئەمنەکە قۆری گرتم و ئەمنی بردە دەرێ، بڕەک ڕۆیشتین و ئەمنی بردە ژۆرەکی گەورە تر، دۆشەک و بەتانی و بالیفی لێبوو، چووم دانیشتم و بە بێدەنگی فکرم لە چارەنووسی خۆم دەکردەوە و لە بنی درم دوعام لۆ داک و بابم دەکرد و داوام لە خوای گەورە دەکرد، ئەگەر ئەمن لە سێدارە درام سەبرو ئارامییان بداتێ، زۆریشم دوعا لۆ هەورینی کرد خوای گەورە لە دەست ئەو سەرۆک جاشە دڕندەی قورتاری بکا!
وەختەکی دەرکەی ژۆرەکەم کراوە، دیتم ئەمنەک هاتە ژۆرێ، سنیەکی پێبوو، لە پێشە منی دانا، تەماشام کرد، برنج و بامیە بوو، ڕانە مریشکەک لەسەر برنجەکەی بوو، نانەکیان دانابوو لەگەر سەرکە پیازەکی، ئەمنەکە بە زمانەکی نەرم گۆتی: اکل کاکا اکل، انت تستاهل(بخۆ کاکە بخۆ، شایانتە)! چونکە لەمێژبوو خواردنی چەورم نەخوارد بوو، ترسام ئەگەر زۆری بخۆم مەعیدەم تێکبچی و تووشی ژەهراوی بوونی ببم، لۆیێ زۆرم نەخوارد، هەر ئەوەندەم خوارد کە برسیتم بشکێ، پاشی نان خواردنەکەی چایەکی گەرمیشیان لۆ هینام، چایەکەم خواردەوە و هاتمەوە سەرەخۆ، ئاوڕم داوە ژۆرەکە ئاودەست و بەلوعەشی لێبوو، هەستام دەستنوێژم شووشت و ئەوەندەی تانیم ئەو نوێژانەم کردەوە کە پێشتر چووبوو، ئەوجە دەستم برند کردە عاسمانێ و گۆتم: ئیلاهی بە هانام بێی و سەبر و ئارامیم پێ بدەی! ناوی خوام لێهینا و لێم پارداوە.
سبەینێ دەوری سعات دەی بەیانی دەبوو هاتنەوە دووم، ئەمنیان بردەوە ژۆری زابتەکەیی و لەسەر کورسیەکیان دانام، زابتەکە وەرەقەکی دامە دەستی و گۆتی: اقرا(بخینەوە)! ئەمنیش هەمووم خیندەوە، دیتم ئەو قسانەی شەوێ کردبووم هەموویان نووسیبۆوە، گۆتی: توقع علیە(ئیمزا دەکەی لەسەری)؟ گۆتم: نعم(بەرێ)! زابتەکە قەرەمەکی دامە دەستی، ئەمنیش ئیمزام کرد، وەرەقەکەی لێ وەرگرتمەوە و یەک بە دەنگی پێکەنی و گۆتی: هسە انت وقعت علی اعدامک(ئێستا ئەتوو ئیمزات لەسەر لە سێدارەدانی خۆت کرد)!
هیچ دەنگم نەکرد، چونکە دەمزانی پێ لێنانی من چارەنووسەکەی لە سێدارە دانە، ئەمن ئەوەم بەلا زۆر گرنگ نەبوو، ئەوەی گرنگ بوو، قورتارکردنی ژیانی دوو کەسی بوو، ئێکیان لە مردن، ئەویدیش لە هەتک کردن! ئەمنیان بردەوە ژۆرەکەی خۆم، لێدانم لەسەر نەما، هەر لە ژۆرێ بووم، ڕۆژەک کامیرەی فۆتۆگرافیان هینا و کۆمەرە ڕەسمەکیان گرتم، پاشان پێنج شەش وەرەقەیان پێ پەنجە مۆر کردم، نانیان لە وەختی خۆی دەدامێ، یەک دوو جاریش ئەمنیان هینا دەرێ و دەوری نیو سعاتەک لەبەر ڕۆژێ پیاسەم کرد، دوایێ بردمیانەوە ژۆرێ، چونکە ژۆرەکەم بڕەک گەورە بوو، کاتی ئەوەم هەبوو وەرزشی بکەم و هەر لەناو ژۆرەکەش دوو سێ سعات پیاسەی بکەم، ڕۆژەک هاتن گۆتیان: چت دەوێ؟ گۆتم: ڕادیۆیەک و قورئانەک و هەندە کتێبم لۆ بینن! بەس قورئانەکەیان لۆ هینام، وەکی برێی پێیان گۆتم: چونکە ئاخیر و ئۆخرتە، لۆ خۆت قورئانی بخینە، ئەمنیش هەموو ڕۆژێ زۆربەی کاتی خۆم بە قورئان خیندنێ دەبردە سەری، ڕۆژەکی هاتنە دووم و ئەمنیان بردە ژۆرەکی، ئەفەندیەک دانیشتبوو، گۆتیە من: لەو سێ چار ڕۆژەی ڕەوانەی مەحکەمەی سەورەت دەکەین لە بەغدایێ و لەوێ بەگێرەی تاوان و پێ لێنانەکەت حوکم دەدرێی، سیدولڕەئیسیش بڕیارەکی دایە ئەنگۆ مواجەهەتان ببتەوە، سبەینێ داک و بابت دێن دەتبینن، بەران ئەمە ئەمنەکی کوردتان لەگەر دادەنێین، لۆ ئەوەی هەرچیتان گۆ، ئەو پێمان برێتەوە، ئەمن بەو خەبەرەی زۆر درم خۆشبوو، چونکە ئەگەر لۆ دواجاریش بی داکم و بابم دەبینم، لەلایەکیدیش دەمگۆ دیارە ئەمری لە سێدارە دانم لە بەغدایێ دەردەچی لۆیێ دێلن داک و بابم ببینم!
سبەینێ دەوری سعات یازدەی هاتنە دووم، گۆتیان: وەرە داکت و بابت هاتینە، لە خۆشیان جێم پێ جێ نەبوو، هەستامەوە و چووم، ئەمنیان بردە ناو هەدیقەیی و دیتم داک و بابم ڕاوەستاینە، بەرەو پیریان چووم و دەستی هەردووکیانم ماچ کرد، داکم تووند لە باوەشی کردبووم و بەری نەدەدام، هەر دەگریا و فرمێسکی دەڕێشت، بابم گۆتیە داکم: دە بەریدە با دانشین و دوو قسان بکەین، ئیدی دانیشتین و ئەمنەکی کوردیش کە دەمو چاوی پێچابوو لەگەمە دانیشت، بابم گۆتی: کوی؟ گۆتم باشم ئەلحەمدولیللا، داکم گۆتی: کەنگی بەردەبی؟ گۆتم: ئیشاڵلا لەو ڕۆژانە، دوعای بکە! درم نەهات پێیان برێم ڕەوانەی مەحکەمە سەورەی بەغدام دەکەن و حوکمم دەدەن، چونکە تەئکیدبووم بابم دەیزانی مەسەلە چیە، گۆتمە داکم: دایە، دەمەوێ سەرم بەڕانت بکەم و تۆزەک لەسەر ڕانت خەوم لێبکەوی، داکم گۆتی: وەی جەرگی داکت خرابی ڕۆرە، هەزار جار سەر بەڕانی داکت بکە! ئیدی سەرم بە ڕانی داکم کرد و چاوم قووچاند، وەختەکی خەوم لێکەت، هەر نیو سعاتەک دەبوو خەوم لێکەتبوو، ئەمنەکە قیتی کردمەوە، داکم گۆتی: دە لێیگەڕێ با قیچەکی دیش بنووی، ئەویش گۆتی: مواجەهەکەتان دە دەقەی مایە، ئەو دە دەقەی قسان بکەن باشترە! هەستامەوە و گۆتم: بابە ئەنگۆ وەزعتان کووە، جیرانەکان کوونە؟ گۆتی: کوڕم هەموو باشن، شەوو و ڕۆژ دوعات لۆ دەکەن بە سەلامەتی بێیە دەرێ! گۆتم: خوا کەریمە و ئیشاڵلا بەردەبم!
ئەمنەکە گۆتی: کاتتان تەواو، یاڵلا هەستن بڕۆن، ئیدی داکم و بابم تێر باوەشیان پێکردم و زۆریان ماچ کردم، بابم لە ماچ کردنێم بێئەوەی داکم گێی لێبی، گۆتی: کوڕم گەردەنت خۆش و ئازابی، بەوەی زانیم بابم دەستی لەوەی شووشتیە ئەمن بەربم و جارەکیدی بگەڕێمەوە مارێ، هەردوو چاوم پڕی فرمێسک بوون تێر تێر هەردووکم کووشین و خواحافیزیم لێکردن و ئەوان ڕۆیشتن و ئەمنیشیان بردەوە ژۆرەکەی خۆم!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!