قوماش 79
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
دانیشتین و چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد ناومان بخیننەوە، درمان لەسەر هەزاری لێی دەدا، کەس تاقەتی قسەکردنی نەبوو، زۆربەمان دوعامان دەکرد و لە خوای دەپاڕاینەوە، خوای مەزن بە هانامان بێ و لەو وەزعە ناخۆشەی قورتارمان بکا! وەختەکی ئێکەک هات، گۆتی: سەرۆکی مەحکەمەی وا دانیشتیە و ئێستا گازتان دەکەین، هەموومان دەستمان لەسەر درمان بوو، دەبی یەکەم کەس کێبی گاز بکرێ، وەختەکی کابرایەک دەرکەی کردەوە و فایلەکی لە دەست بوو، یەکەم ناو کە گازی کرد گۆرانیبێژەکە بوو، هەستاوە و زۆر بە ترسەوە چوو، لاقی عاردی نەدەگرت، قۆریان گرت بیبەن، ئاوڕەکی لەمە داوە و گۆتی: توخوا گەردەنم ئازا کەن و زۆرم دوعا لۆ بکەن! کە ئەو قسەی کرد ئاگرمان لە هەناوی بەربوو، هەموومان فرمێسک لە هەردوو چاومان هاتە خوارێ و لە بنی درمان دوعامان لۆکرد!
دەوری زیاتر لە سێ چارێگی پێچوو، کابرای فایلی بە دەست بوو هاتەوە ناوەکیدی بخینتەوە، ئێکەک لەمە بە عارەبی پێیگۆ: وین صاحبنه(کا برادەرەکەی دیمان)؟ ئەویش سەری هینا پێش و بە عارەبی گۆتی: ئەوەی بێرە دانەهاتەوە و نەهاتەوە کنەنگۆ: ئەوە مەعنای وایە ئەمری ئیعدامی لۆ دەرچووە! کە ئەو کابرایە ئەو قسەی کرد، هەموومان بێتاقەت بووین، چونکە زانیمان ئەو برادەرەی شەوێ گۆرانی دەگۆ و هەردەپەڕی ئەمری لە سێدارەدانی دەرچووە و تەواو!
کابرای فایل بە دەست ئەو جارە ناوی دەزگیرانی نەسرینی خیندەوە، ئەویش هەستاوە و ڕۆیی، ئاوڕی لەمن داوە، گۆتم: ئەگەر دەرچووی هەورینی لەبیر نەکەی، هەواڵی منی بدێ! ئەویش بە چاوی پڕ لە فرمێسک گۆتی: ئەگەر دەریش نەچووم هەواڵی من بدە نەسرینی!
بە داخەوە ئەویش ڕۆیی و نەگەڕاوە، پاشی ئەو دووەی هەشت کەسی دیان گازکرد، لەو هەشت کەسەی، بەس سێ کەسیان هیناوە کنەمە، ئەو سێیەش حوکمی هەتا هەتاییان بەسەر درابوو، ئەو سێیە دریان خۆش بوو، کە ئەمری لە سێدارەدانیان لۆ دەرنەچوو، دەیانگۆ: دە یاڵلا هەتاهەتایێ چیە، ئیشاڵلا چەند سارەکی دی بەردەبین، ئەمە پیرۆزباییمان لێکردن و درمان خۆشبوو کە قورتاربوون، لەو وەزعەی دابووین، ئەوجارە ناوی من خیندراوە و کابرا گۆتی: یاللە تعال(یاڵلا وەرە)!
قۆریان گرتم و بردمیانە ژۆرێ، لەناو قەفەزەکیان ڕاگرتم، سەرۆکی مەحکەمەی فایلەکی لە پێشبوو، دیاربوو ئیمن بوو، بەهوردی تەماشای دەکرد، بەینەکی باش هەرگێڕ و وەرگێڕی وەرەقەکانی کرد، ئەوجە سەری برند کرد و بەینەکی تەماشای کردم، ناوی خیندمەوە و بە عارەبی گۆتی: ئەوە ناوی تووە؟ گۆتم: بەرێ، گۆتم: تەمەنت چەند سارە گۆتم: بیست و یەک، گۆتی: کولیەشت تەواو کردیە؟ گۆتم: بەرێ، داکم لە چار ساری ئەمنی ناردتە مەکتەبێ! گۆتی: داکت و بابت ماینە؟ گۆتم: بەرێ! گۆتی: خزمەتی داک و بابت بکردبا باشتر نەبوو لەوەی هاوکاری موخەڕیبان بکەی؟ هیچ قسەم نەکرد و وەرامم نەداوە! گۆتی: ها لۆ قسەی ناکەی؟ دیارە پەشیمان نی؟ پاشان تەماشایەکی فایلەکەی کردەوە و گۆتی: ئەوە ئیمزای خۆتە؟ گۆتم: بەرێ! گۆتی: ئەو قسانەی لێرە نووسرایە ئی تووە؟ گۆتم: بەرێ، گۆتی: یەعنی چووی دەرزیت لە بازۆی موخەڕیب دایە و تیمارت کردیە؟ گۆتم: بەرێ! گۆتی: دەزانی ئەوانەی هاوکاری موخەڕیبان دەکەن و لە دژی نیشتمانی خۆیان و سەرۆکی فەرماندە دەوەستن سزایان چیە؟ هیچ قسەم نەکرد، گۆتی: لۆ قسان ناکەی؟ گۆتم: داوا لەبەڕێزتان دەکەم، بە چاوی باوکاتی تەماشا فایلەکەم بکەیی و زگت بە داک و بابم بسووتێ، کە چاوەڕێی ئەوەی دەکەن ئەمن بچمەوە و باوەشم پێ بکەن و تێر تێر بۆنم بکەن! هیچ وەرامی نەدامەوە، گۆتیە کابرایەکی لەولاتر دانیشتبوو: جەنابی پارێزەر ئەتوو چدەرێی؟ پارێزەر هەستاوە، پیاوەکی بە تەمەن بوو، گۆتی: بەڕێز سەرۆکی دادگا، ئەوە گەنجە نەیزانیە و هەریان خەراتندیە، ئێستا زۆر پەشیمانە و دەزانی غەرەتەکی گەورەی کردیە، حیزبمان حیزبی بەعس و سەرۆک سەدام حوسێن دریان پاکە و سنگیان فراوانە، داوا دەکەم بە چاوی بابایەتی تەماشا ئەو گەنجە هەرخەرەتایەی بکەن و فرسەتەکیدی بدەنێ لۆ ئەوەی بژی و خزمەتی عێراقی خۆشەویست بکا، ئەگەر لێی خۆشبن، سبەینێ دەبیتە عەسکەر و دەچیتە ڕێزی عەسکەری خزمەتی عێراقی خۆشەویست دەکا، لۆیێ داوا لەبەڕێزتان دەکەم بە چاوی مەرحەمەت لەو جاحێرەی بڕوانن و ژیانەکی تازەی پێ ببەخشن! سەرۆکی دادگا قسەی پێ بڕی و گۆتی: تەواو لە قسەکانت گەیشتم و کاتت تەواو بوو، بەران دەبی هەمووتان بزانن ئەو موخەڕیبەی ئەوە تیماری کردیە لە سەیتەرەی شەقراوەی کۆمەرە هاوڵاتیەکی عێراقی کووشتیە، پاشان هاتیتە ناو شاری و سێ چارەکیدی کووشتیە، ئەو موخەڕیبەی ئەو هەمووەی کووشتبی و ئەوەش بچی تیماری بکاو دەرزی لێبدا، کوو دەبی لێی ببوورین، لێبوردنی سەرۆکی فەرماندە دڕندە و تاوانبارو خائینان ناگریتەوە، لۆیێ بڕیارماندا بە لە سێدارەدانی!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!