قوماش 82
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
درەنگی شەوێ زۆربەمان بەخۆ هاتینەوە، هەندیان لێدابووین لە پەلوپۆ کەتبووین، زۆر بە زیرەکیش لێیان دابووین، دەم و چاومان سەلامەت بوو، لۆیێ ئەگەر کەس و کاریشمان بهاتبان، نەیان دەزانی لێیان داینە! برادەرەک گۆتی: جەماعەت تکایە سبەینێ کە کەس و کارمان دێن ورەتان بەرزبی، نەڕوخێن و نەگریێن، با خزم و کەسمان دریان زیاتر تەنگ نەبی و ئەو بەعسیە سەگبابانەش دریان پێخۆش نەبی، ئەوانە لە خوایان دەوێ ئەمە بێتاقەت بین و خەمێ بخۆین، هەتا پێمان پێ بکەنن و گەمەمان پێ بکەن! هەموومان سووندمان خوارد سبەینێ بە ڕووی گەش و زەردەخەنەی پێشوازی لە خزمان بکەین، چونکە زۆریان لێدابووین تاقەتمان نەبوو، لەجێی خۆمان بجولێین، بێجگە لە لێدانەکەش، ئەو ڕۆژەی نانیان لۆ نەهیناین و بە برسیتی لێمان پارداوە!
سبەینێ زوو هاتن قیتیان کردینەوە، گۆتیان: ئێستا یەک یەک دەتانبەین خۆتان بشۆن و جلکی تازەشتان دەدەینێ لەبەرکەن، با بڕەک ڕەنگ و ڕووتان بێتەوە بەرێ، چ دەنگمان نەکرد، یەک یەک ڕێزیان کردین، کێ لە پێشەوە بوو ئەویان برد لۆ خۆ شووشتنێ، پاشان ئێکیدیان برد، دیاربوو دوو حەمامیان دانابوو لۆ خۆ شووشتنی مە، سڕەی من هات، چوومە حەمامەکەیی و ئاوەکەم کردەوە دیتم گەرم بوو، جلکم لەبەر کردەوە و خۆم شووشت، لەبەر ئازاری برینی کێبلەکان نەمدەتانی خۆم جوان بشۆم، بەران هەر کووی هەبوو بڕەک خۆم خاوین کردەوە، خاولەکیان بە عەللاگەی وەکردبوو، خۆم هیشک کردەوە، ئەوجە تاقمە جلکەکی تازەیان دامێ، لەبەرم کرد و هاتمە دەرێ، ئیدی گەڕامەوە ژۆرەکەی جەماعەتی لێبوو، هوردە هوردە سەرشووشتنەکە تەواو بوو، هەرکەسەو لەسەر جێی خۆی دانیشت، نانیان لۆ هیناین، نان و پەنیر و هێلکە و چایە بوو، نانمان خوارد و بڕەک هاتینەوە سەرەخۆ، پاش نان خواردنێ دانیشتین و چاوەڕێی ئەوەی بووین، کەنگی کەس و کار دێن و دوا دیدارمان دەبی لەگەریان!
بووە دەوری سعات ئێکی نیوڕانێ، گۆتیان: خزم و کەستان گەیشتینەو وا دێنە ژۆرێ، ئەمە هەستاینەوەو چاوەڕێمان دەکرد بێنە ژۆرێ، وەختەکی قل قلە هاتنە ژۆرێ، ئەوەی دەهاتە ژۆرێ بە چاوی پڕ فرمێسک دەهات، ناهەق نەبوون دەیانزانی ئەوە دوا دیدارە، وەختەکی لە دوری ڕا دیتم داک و بابم هاتن، داکم نەیدەتانی بڕوا، بابم دەستی گرتبوو، هێدی هێدی دەهاتن، داکم بە چەپەرۆکان لە سینگ و چۆکی خۆی دەدا و دەگریا، ئەتوو بینە بەرچاوت داک و بابەک دێن سەر لە کوڕەکەیان دەدەن کە دوا دیدارەو لە سێدارە دەدرێ و هەتا قیامەتێ نایبیننەوە، ئای قورسە، ئای ژیان چەند ناخۆش بووە بە دەستی دڕندە و ستەمکاران، ئەوانەی لە پێناو کورسی خۆیان ئامادەنە دار و بەردی بسووتێنن!
نێزیکی من بوونەوە و بە پێکەنین لێیان چوومە پێش، داکم تووند لە باوەشێی گرتم و لە هۆڕژنی گریانێی دا، بەری نەدەدام دەستی بابم ماچ کەم و باوەشی پێبکەم، هەرکووی هەبوو بەریدام، دەستی بابم ماچ کردم تووند لە باوەشی کردم، بابم ورەی زۆر بەرزبوو، بەشەکی لەبەر ئەوەی بوو ئەمن نەڕوخێم، گۆتی: کوڕم گێمەدێ، لەسەر بێنامووسی و جاشاتی و دزی لە سێدارە نادرێی، سەربەرزم پێت بابی بابم، ئەمە ئیمانمان بە خوای هەیە و باش دەزانم لەو دنیای ئێکدی دەبینینەوە، کوڕم سەرت برندکە و بەسەربەرزی بڕۆ بن گوریسی سێدارەی!
داکم توند قۆری گرتبووم، گۆتی: وەی لۆت کۆرەبم کوڕم، وا دەچمە کن مدیری ئێرە و پێی دەرێم با ئەمن لە باتی توو لە سێدارەی بدا، گۆتم: ئیشاڵلا تەمەن درێژ دەبی و خوا دەتپارێزی دایە، دوعای خێرم لۆبکە، ئیدی ژیانەکە ئەوهایە و هیچمان پێناکرێ، دەبی ڕازی بین، تەئکیدیش بە خوا تۆرەی لە زاڵم و ستەمکاری دەکاتەوە، ڕۆژەک دادێ تۆرەی ئەو هەموو بێ تاوانانەەی لێ دەبتەوە، بەس ئەنگۆ بەمن برێن: شێرۆ کووە؟ بابم گۆتی: وەکی ئەتوو گیرای ئەو بەینەکی خۆی شاردەوە، ترسا لە بن لێدان و کووتانی ناوی بدەی، بەران کە دیتی ناوی نادەی، هاتەوە مارێ، زۆریشی ڕجا کرد بێ بتبینی، ئەمن گۆتم: ئەزیەت مەخۆ، ئەمن سەلامی هەمووتان دەگەینم، داک و بابی بازۆش زۆر سەلامیان لێدەکردی، زەکیە و قادری جیرانیش هەرئەوها، گۆتم: ئەدی بازۆ کووە، هیچ خەبەری نازانن؟ بابم گۆتی: بازۆ لۆ عیلاجی برینەکانی چووە ئێران و نەهاتتەوە، بڕوا ناکەم بێتەوە، پێدەچی لەوێوە بچیتە ئەوڕوپای، تووشی بێتاقەتیەکی زۆربوو کە لەناو خۆیان خیانەتیان لێکرد و تووشی ئەو دەردەیان کرد، گۆتم: ناهەق نیە، برادەر و هاوسەنگەر و هاوزمانی خۆت خیانەتت لێبکا، ئەو گیرانە و لە سێدارەدانی مەش، هەر خیانەت و جاسووسی کوردیە، ئەگەرنا کابرای عارەب لەو جنوبەی هاتیە چسوانی ئەمن چمە و کێمە و چم کردیە! گۆتی: زۆر ڕاستە کوڕم زۆر ڕاستە!
بابم خۆی وا پیشانی من دەدا کەوا زۆر بە جەرگ و بەسەبرە، بەران باش دەمزانی وا هەناوی ئاگری تێبەربووە و لە ژۆرێ دەسووتێ، بەران قەت خۆی وا پیشان نەدا ڕوخایە، داکم تەواو وێران ببوو، تووند دەستی گرتبووم و هەر دەگریا، هەر ماچی دەکردم و بۆنی دەکردم و لە بنی دری دوعای لە سەدام و دار و دەستەکەی دەکرد، گۆتمە هەردووکان: توخوا گەردەنم ئازاد کەن، ئەمن ئەگەر بە گێی نگۆم بکردبا و خەجەم بهینابا، تووشی ئەو هەموو دەردەی نەدەبووم و ئەنگۆش ئەو هەموو خەم و خەفەتەتان نەدەخوارد، بابم گۆتی: وەمەرێ کوڕم وەمەرێ، بەس خوا لە قەرارەکییە، کێ دەرێ ئەویشت هینابا تووشی هەزار دەردی دی نەدەبووی، کوڕم موهیم ئەوەیە ئەتوو چشتەکت نەکردیە خوا پێی ناخۆش بی و سەریمەش پێی شۆڕبی، ئەلحەمدولیللا ئەمە سەرمان برندە بەتوو، هەرچشتەکیش خوا بینی ئەمە پێی شوکرین! گۆتم: هەزار جار شوکر ئەلحەمدولیللا، بابە دایە ئاگەر ئەمن لە سێدارەی درام، هەندە کتێبم بە ئەمانەت لەکن برادەران هینایە و ناویان لەسەر نووسرایە، کتێبەکانیان لۆ بنێرنەوە، ئەگەر مەیتی منیشیان دانەوە هەر لە گوندەکەی خۆمان و لە قەبرستانی ئەسحابی بمشارنەوە، دایە بەهارانیش ئەگەر هاتیە سەرم دەسکە ڕێواسەکی لەگەر خۆت بینە و بە یادی جاران بیخۆ! داکم ئاگری تێبەربوو، تووند لە باوشی گرتم و هاواری کرد: خوایە هەقم بکەی، خوایە ئەو زوڵمەی قبور نەکەی!
داکم و بابم دەوری سعات و نیوەکی دانیشتن، هەندەکجار بە قەستی سوحبەتەکم دەکرد، دەمگۆ بەشکوو داکم و بابم لە بیردەکەن ئەمن لە سێدارەی دەدرێم و بڕەک پێدەکەنن، بەران داکم بە نوکتەکانیش دەگریا و فرمێسکی دەڕێشت و دەیگۆ: ئەوجە پاشی توو کێ ئەو قسەخۆشانەم لۆبکا، بابیشم فرمێسک بە هەردوو چاوی دادەباری و دەیگۆ: خوایە، کێمان هەیە لەتوو زیاتر! داکم دری نەدەهات تەماشاشم بکا، زۆربەی وەخت چاوی لە عاردی بوو و فرمێسکی دەڕێشت، خۆ خزم و کەسی برادەرەکانیشم هەروا بوون، هەموو دەگریان و فرمێسکیان دەڕێشت، ئەو هۆرە گەورە و گرانە لەبەر فرمێسک و شین و ڕۆڕۆی لە گۆڕستانەکی دەچوو، گۆڕستانەک یەک پارچە خەم و خەفەت و خین بی!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!