قوماش 87
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
بنیادەم بەس لە مردن قورتاربی، بە هەموو شتی ڕازیە، ئەتوو بینە بەرچاوت، کۆمەرە گەنجەک دریان خۆشە و پیرۆزبایی لەیەک دەکەن، لە کاتەکی حوکمی زیندانی هەتاهەتاییان بەسەر سەپاندرایە، تەنها و تەنها لەبەر ئەوەی لە سێدارە نادرێن، دەنا ئەتوو تەماشا بکە، هەتا دەمری دبی لەو زیندانەی بی، ئەوجە نازانی ئەتوو سبەی دەمری یان پەنجا ساریدی، ئەمە دری خۆمان بەوەی دەداوە، مادام لە سێدارەی قورتار بووین، ئیشاڵلا ڕۆژەک دێ لەو هەتاهەتاییەش قورتار دەبین!
ژۆرەکەمان تەرتیب کرد و هەریەکەی لەلایەکی جێی خۆی ڕێکهێخست و خۆمان تەنها کرد، ئیدی هوردە هوردە درمان دەکراوە و قسەی خۆشمان دەکرد و پێدەکەنین و نوکتەمان دەگێڕاوە، لەهەمووشی خۆشتر ئەوەبوو، دەقەو سعاتمان دەژمارد، داخوە کەنگی کەس وکار دێن و دەمانبینن، ژیان هەند شیرنە پیاو بە ئاسانی دەستی لێ بەرنابی، لۆیێ هەموو هێزو تینی خۆی بەکاردەینێ هەتا بمینێ!
نانیان لۆ هیناین و تێرتێرمان خوارد، کە لەناو ئەو ژۆرەی دەهاتووین و دەچووین، وامان دەزانی لە بن دیواری قەراتێ و جادەی ئەسواق سیروان و باخچەی گرکەندی پیاسەی دەکەین، بەڕاستی لەناو ئەو ژۆرەی چێژمان لەو ژیانە تازەی دەبینی کە خوای گەورە پێی بەخشینەوە، بەران هەندەی نەبرد ژیانەکە بووە ئاسایی و بە بیرمان هاتەوە ئەمە حوکمی هەتاهەتاییمان بەسەر درایە، هەر ئەوەندەش نا، پاشی سێ چار ڕۆژی تووشی بێزاری بووین و نەماندەزانی کوو کاتی بەڕێکەین، لە هەمووش ناخۆشتر داوای کتێبمان دەکرد و لۆیان نەدەهیناین، شتەکی واش نەبوو خۆمانی پێ بخافرێنین، هەرچی قسەی هەناومان هەبوو هەموومان لەگەر یەک هەرڕێشت و قسەش خلاس بوو، ئێک لەوانەی لەگەرمان بوو گۆتی: ئاخ لۆ دەستە دۆمینەکی، لێدانیشم و قەرەمەکی باوێمە سەر گێم و دوو شەشی بتۆپێنم، ئەی های چەند خۆشە، ئێکەکی دی گۆتی: وەڵلاهی ئەمن حەزم لە تاوڵەیە، بەڕاستی گەمەکی خۆشە، ئەمن زۆر لەزەتی لێدەبینم، ئەوەی دوو ژنی هەبوو، وەستای کاشیەکەی دەرێم، بە بێدەنگی دانیشتبوو، هیچ قسەی نەدەکرد، ئێکەک گۆتی: ئەوە لۆ قسەکی ناکەی؟ ئەویش گۆتی: وەڵلا ئەمن حەزم لە کفتەکی دەستی داکی بژاریە، وای چ کفتەکی لێدەنا، وەڵلا ئاگری لە هەناوی بەردەدام، گۆتم: ئەگەر بەربووین دەبی بە کفتەی دەعوەتەکمان بکەی، گۆتی: وەی بە چاوان!
دوو حەفتە تێپەڕی و زابتەک هاتە ژۆرێ، لەبەری هەستاینەوە و پاش سەلام کردنی لەمە، کە ئەوە یەکەمجاربوو سەلاممان لێبکا، گۆتی: خەبەرمان لۆ کەسوکارتان ناردیە، کەوا ئەنگۆ ماینە، پێمانگۆتینە دەتانن سەردانیان بکەن، ئەو خەبەرە لۆمە زۆر خۆشبوو، چونکە دەمزانی ئێستا داکم و بابمم لە خۆشیان جێیان پێ جێنیە، کێ دەرێ داکم لەخۆ نەچووە، چونکە لەوانەیە تازیەشیان بە دزی لۆ دانابم، ناهەق نینە ئەگەر تازیەشیان دانابی، ئاخر ئەوان دواجار کە ئەمنیان بینی لۆ خواحافیزی هاتبوون، بەو حسابەی ئەمن لە سێدارە دەدرێم، برادەران دریان زۆر خۆشبوو، هەرکەسەو لە ڕاستەخۆ پێدەکەنی و شوکری خوای دەکرد، ئیدی هەرکەس دانیشتبوو فکری لە مارو مندار و کەس و کاری دەکردەوەو زەردەخەنەی دەهاتێ، ئەمن لەگەر ئەو بزەو خەندانە ئەو خەونە ناخۆشانەم بە بیر هاتەوە کە بە هەورینم دەبینی و ترسەک هەموو لەشی داگرتم، خەمی گەورەم بووە ئەوە وەختی بە باب و داکم دێن وک دەرێم: ئەدی هەورین کووە؟ ئەوان فرمێسک بە چاویان دابێتە خوارێ و دەرێن: هەزار ڕەحمەت لەگۆڕی و کوڕی شیرنم گەردەنی ئازادکە!
ئەمن لەو داڵغە و خەیارە ناخۆشانە دابووم، ئێک لەوانەی لەگەرم گیرابوون، ناوی ئەنوەر بوو، بە ئەنوەر حەداد بانگیان دەکرد، هات و دەستی لەسەر شانم دانا و گۆتی: بێتاقەت دیاری؟ گۆتم: خەمی من من جوودایە، برینم زۆر قۆرە و بە ئاسانی تیمار نابی، گۆتی: ئەدی بەمن چدەرێی؟ گۆتم: دیارە ئەتووش خەمت زۆر گەورەیە؟ هەردوو چاوی پڕی ئاوبوون، گۆتی: ئێک لەوانەی لە سێدارە دران منەوەری برام بوو! گۆتم: ئەتوو بە ڕاستتە؟ گۆتی: ئەرێوەڵلا، گۆتم: کوو ئەمە نەمانزانی براتە، گۆتی: لۆ کەس ئاگای لەکەس بوو لە تاو لە سێدارەدرانێ، ئەمن ساری حەفتای بابم لە سێدارە درا، کابرایەک خەبەری لێداو گۆتی: ئەوە قومبەلەی لۆ پێشمەرگەی دروست دەکا، بابمیان گرت و لە سێدارەیان دا، سارەک پێش ئێستا ئەمەشیان گرت و عەینەن تۆمەتیان لۆ هەربەستین، ئەمە چار برا گیراین، برای گەورەمان لە سێدارە درا و ئەو دووێهێش کە دەبینی بەهجەت و شەوکەتی برامن، بریا ئەمن لە سێدارە درابام و بەران منەوەری برام نەبایە! گۆتم: ئیدی ژیان ئەوهایە و کەس نازانی کێ پێشی کێ دەمری، گۆتی: زۆر قورسە باب و برات لە سێدارە بدرێن، ئێستا پاشی ئەو خەمەی ژیان لۆمن هیچ تامی نەمایە، ژیان وا خۆشە هەموولا ساغبن و بە خۆشی بژین! کە ئەنوەر حەداد ئەو قسانەی کرد زۆر بێتاقەت بووم و خەمی خۆم لەبیر کرد، ئاخر بینە بەرچاوت قەومی خۆت خەبەرت لێبدا و بە گرتن و لە سێدارە دانت بدا، گۆتم: باشە نەتانزانی کێ خەبەری لە بابت دابوو؟ گۆتی: با زانیمان، پاش بەینەکی کابرا گیرا، چونکە کەشف بوو ڕاپۆرتەکەی درۆ بووە، ئیدی ئەویش لە سێدارە دراوە، گۆتم: ئەنگۆ پیشەتان ئاسنگەریە؟ گۆتی: بەرێ، ئەو ئیشەمان لەبابم لۆ مایتەوە، پێشان لە جادەی باتەی بوون، لە کۆرانی عارەبان، دوایێ گواستمانەوە و چووینە سناعەی ڕێی مەخموری! لە بنی درم دوعام لۆکرد خوای مەزن بیانپارێزی و سەرەخۆشیشم لێکرد کە منەوەری برا گەورەی لە سێدارە درا!
بیست ڕۆژەک تێپەڕی و گۆتیان: خۆتان حازرکەن سبەینێ مهاجەتانەو(مواجەهە) کەس و کارتان دێن، ئەو خەبەرە ڕووی هەموومانی گەش کرد و درمان زۆر خۆشبوو، ئۆخەی خوایە، خۆ سبەینێ داکم و بابم دەبینم، هەرهیچ نەبی بۆنی هەولێرێیان لێدێ، بۆنی کۆران و گەڕەکەکەی خۆمانیان لێدێ، دەزانم داکم بە دەستی خۆی کێک و کولیچەی لۆ کردیمە و لۆم دەینی، دەزانم کراس و بێجامەی لەکن پلکم عەنبەری لۆ دووریمە و لۆم دەینی، ئەوانە هەمووی بەلایەکی و ئیشاڵلا خەبەرەکی خۆشی هەورینم لۆ دەینی و دەرێ ئەو سەرۆک جاشە تووشی سەرەتانی بوو و سەگتۆپ بوو!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!