قوماش 89
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
سێ ساری ڕێکم لە بەندیخانەی ئەبو غرێبی بەڕێکرد، نە لێبوردنەک هات و نە دەمانزانی هەتا کەنگی دەمینێینەوە، کێشم پازدە کیلۆی زیاد کردبوو، سەر و ڕدێنیشم داوی سپی تێکەت، بابم و داکم هەموو مانگێ جارەک سەردانیان دەکردم، دەر و دراوسێ و خزم و ناسیاریش بەین بەین دەهاتن و بە دیدەنیان شاد دەبووم، لە ماوەی ئەو سێ سارەی ڕێیان بە بابم دابوو خانیەی چاکاتەوە و بێتەوە ناو خانی، ئەوە خەبەرەکی خۆشبوو، دیاربوو دەر و درواسێیەکان هەموویان هاوکاری بابمیان کردبوو لە دروست کردنەوەی خانیەکەی، ئەوەشم زانی کەوا بازۆ لە ڕێی ئێرانێوە چووبووە پاکستان و پاشانیش لەوێ بەرەو ئەوڕوپای بە ڕێکەتبوو و لە سوید داوای مافی پەنابەرێتی کردبوو، دیاربوو بازۆ دەستی لە شۆڕش و چەکداری شووشتبوو، لە سوید خەریکی کار و کاسبی بوو!
هێوارەکی لە هۆرە گەورەکەی بەندیخانەی لە دیار تەلەفزیۆنی دانیشتبووین، زنجیرەی(حافات المیاە)ی بوو، ئەوەی لینچۆ و کاوشیۆی، یەک لە زنجیرە تەمسیلە سینیە هەرە خۆشەکان بوو، باشبوو لەناو بەندیخانەی هەموو شەوێ ڕێیان دەداین دوو سعات تەماشا تەلەفزیۆنی بکەین، هەواڵەکان و هەندەک بەرنامەی دیمان دەدیت، لە هیکڕا زنجیرەکە بڕاو بێژەرەکە گۆتی: ئێستا هەواڵەکی گرنگتان پێشکەش دەکەین، ئەمە هەموو درمان دەستی بە تەپەتەپێ کرد و گۆتمان: ئیشاڵلا لێبوردنی گشتیە و لەو بەندیخانەی قورتار دەبین، وەختەکی ڕوشدی عەبدولساحیبی گەورە بێژەری تەلەفزیۆنی بەغدای هاتە سەر شاشەیی و گۆتی: فەرموون لەگەڵ ئەو هەواڵەی گرنگەی: سەرۆکی فەرماندە سەدام حوسێن خوا بیپارێزی بڕیاری دا لێبوردنەکی گشتی لۆ هەموو گیراوە سیاسیەکان دەربکا، تاوەکو بەخۆیان دابچنەوە و ببنە هاوڵاتیەکی چاک و باش و خزمەتی خاک و نیشتمان بکەن! سەرۆکی فەرماندە فەرمانی کردیە هەر لە سبەینێوە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێ و دوا نەکەوی! کاکە لەناو ئەو بەندیخانەی بووە چەپرە و هەلهەلە لێدانەک نەبیتەوە، هەر بابایە هەردەپەڕی و گۆرانی دەگۆ و پیرۆزبایی لە برادەرەکەی دەکرد، بەشەکی سەریان لە عاردی کرد و سزدەیان لۆ خوای گەورە برد کەوا لەو وەزعەی ڕزگاریان بوو، وەختەکی زابتی ئێشکگر هات و ئیشارەتی دامە و گۆتی: دانیشن! ئەمە هەموو بێدەنگ دانیشتین و گێمان دایێ بزانین چدەرێ! زابتەکە گۆتی: ئەوە بەخۆتان گێتان لێبوو سەرۆکی خۆشەویست خوا بیپارێزی لێبوردنی گشتی لۆ دەرکردن، مەعنای وایە هەمووتان بەردەبن، دەوجە کە گەڕانەوە شاری خۆتان پیاوی باشبن و واز لە سیاسەت موخەڕیبان بینن و چیدی تێکەری ئەولاو ئەولا نەبن، خزمەتی عیراقی خۆشەویست بکەن و دوعای لۆ سەرۆکی فەرماندە بکەن، ئەمە چاوەڕێینە کتابی لێبوردنەکەی سبەینێ بگاتە دەستمان و یەکسەر جێبەجێی دەکەین، دەوجە ئێستا بڕۆنە ژۆرەکانی خۆتان و کەلوپەلەکانتان خڕکەنەوە و ئامادەبن، تەئکیدبن لەو دووسێ ڕۆژەی هەمووتان بەردەبن، چونکە سەرۆکی فەرماندە سەدام حوسێن کە بڕیارەکی دا، فەوری و سەوری لە زاخۆ هەتا فاو جێبەجێ دەکرێ و فیل نیە خۆی بادا!
ئیدی چووینەوە ژۆرەکەی خۆمان و کەلوپەلمان خڕدەکردەوە، ئەو شەوەی لە خۆشیەکی دابووین نەبیتەوە، بڕوا ناکەم شەوی ئەوها خۆش قەت بێتەوە، هەزار جار ئۆخەییمان دەکرد، خۆ بەردەبین و دەچینەوە شار و گەڕەک و ماری خۆمان، چاوم گەش دەبتەوە بە دیتنی داکم و بابم و خزم و دەرو دراوسێی، جارەکیدی مام قادر و زەکیەی خێزانی و دختۆر شێرۆی دەبینیمەوە، تێر تێر شیوە گەرمەکانی دەستی داکم دەخۆم، عەسران جلکم دەگۆڕم و شۆڕ دەبمەوە لۆ بازاڕی و پیاسەکی دەورەی قەراتێ دەکەم، چاوم بە برادەران دەکەویتەوە و دوا دەنگ و باسییان دەپرسم، لە هەمووشی موهیمتر ئەوەیە دەنگ و باسەکی هەورینیم دەست دەکەوی!
نازانم ئەو شەوەمان کوو لێ ڕۆیی، هەر دەقەی بە هەزار ساری بوو، خەومان لێ نەدەکەت، هەر کەسە و پاری بە دیواری دابوو، بەرنامەی دوای بەربوونێی دادەڕێشت، هەر یەکەمان دەیان خەونمان هەبوو، باشمان دەزانی بەشەک لەو خەونانە جێبەجێ ناکرێ، بەران هەر دەمانگۆ و دری خۆمان پێ خۆش دەکرد، دیاربوو بە دیار ئەو خەونانە بۆرژابووین و پاشانیش خەومان لێکەتبوو، بەیانیەکەی هەستاین و نانیان لۆ هیناین، پۆلیسەکە گۆتی: ئەوڕۆ سعات هەشت لەگەر دەوامێ ئەمرەکەی سەیولڕەئیسی گەیشت، هەر لە بەڕێوەبەری بەندیخانەی هەتا گچکەترین کارمەندی وا خەریکی جەردی ناوەکانن، ئەگەر ئەوڕۆش تەواو نەبی سبەینێ سەتاسەت تەواو دەبی و بە ڕێتان دەکەن، ئەو خەبەرە لۆمە زۆر خۆشبوو، بە پەلەپەلە نانمان خوارد و ئەو کەلوپەلانەی هەمانبوو هاویشتمانە ناو جانتا و گووشان و خۆمان حازر کرد، هەربرێن یاڵلا، یاڵلا!
بووە دەوری سعات یازدەی، برندگۆ(مکبرە، سەماعە)یەکانی ناو هۆرەکانی بەندیخانەیان پێکرد، ئەوەلجار چەپکەک گۆرانی و سروودیان هاویشتە سەرێ و هەمووی بە شان و باری سەدامی دا هەردەگۆ، لە هەمووش عەنتیکەتر سروودی زێڕە، سەرکمان زێڕەشیان بە کوردی لێدەدا! وەختەکی دەنگی سروودەکان ڕاوەستا و بێژەرەک قسەی کرد و گۆتی: ئێستا ناوەکان دەخینینەوە، ئەوەی ناوی خیندراوە کەل و پەلەکانی هەربگری و بێتە گۆڕەپانی بەندیخانەی، وەبی معامەلەکەی تەواو بکاو بەڕێی بکەین! ئیدی ئەو بەندیخانە کش و مات بوو، هەناسەش نەدەهات، دەرزیت فڕێدابا عاردی زیرینگەی دەهات، گیرایەکان زۆربەی زۆری شیعە و کورد بوون، بەران سوونەشی تێدابوو، سووننەکان زۆربەیان یان ئیخوان موسلمین بوون، یان حیزبی شوعی عێراقی بوون، ئیدی دەست بەناو خیندنەوەی کرا، هەر ناوەکان دەخیندراوە، دەبووە چەپرە لێدان و هەلهەلە لێدان! ئەو گیرایانە هەموو لەشیان ببووە گێ و هەر کەسەو چاوەڕێبوو ناوی بخیندرێتەوە، ناوەکان زۆر بە خێرایی دەڕۆیی، لۆیێ هەموومان هیوی ئەوەمان هەبوو هەر ئەو ڕۆژەی بە ڕێ بکرێین، لەناو ناوی عارەبەکان گێمان لەناوی کوردانیش دەبوو بخیندرێتەوە، ئەو ناوە کوردیانەی دەخیندرانەوە، هێرش بوو، شۆڕش بوو، دلێر بوو، ڕزگار بوو، ئەو ناوانە بوو، وەختەکی ناوی دوو کەسی ژۆرەکەی مە خیندراوە، لە ژۆری مە بووە چەپرە لێدان و پیرۆزبایی کردن، ئەو دوو کەسەی ناویان خیندراوە دۆقەیان لەگەرە مەکرد و ماچمان کردن و بە ڕێمان کردن، ئەمە ئەو چەند کەسەی ئەو ژۆرەی ناونیشانی ئێکدیمان دابووە ئێکدی، پەیمانیشمان دابوو ئەگەر بەربووین، سەر لێک نەبڕین و ئێکدی ببینین، ئەو دوو برادەرە بە درەکی خۆش ڕۆیشتین، هەتا لە کۆرانەکەی سوڕانەوە لۆلای گۆڕەپانەکەی ئەمە هەر تەماشامان دەکردن!
ناو خیندنەوە بەردەوام بوو، لە چاوەڕوانیان نەماندەتانی داشبنیشن، هەر بە پێوە بووین و گێمان دابووە برندگۆیەکان، وەختەکی ناوی من و ئێکەکیدییان خیندەوە، لە خۆشیان هەروەختبوو شێت بین، دۆقەم لەگەر ئەوانیدی کرد و ماچم کردن و دەستم دا جانتاو دوو گووشەکەیی و بە غاردان لۆلای گۆڕەپانی ڕۆیشتم.
گەیشتمە گۆڕەپانەکەی دیتم مێزەکی درێژ داندرایە و بەڕێوەبەری بەندیخانە و دوو کەسیدی دانیشتبوون، پۆلیسەک بەمەیگۆ: لێرە ڕاوەستن، ئیدی ڕاوەستاین و هەندەی نەبرد ناویان خیندمەوە، چوومە پێش، پەنجە مۆریان لەسەر دە وەرەقەی پێ کردم و پاشان ئیمزاشیان پێکردم، ئەوجە بەڕێوەبەر بە عارەبی گۆتیە من: کاکە، ئیدی تۆبەی بکەو واز لە موخەڕیبان بینە و خزمەتی عیراقی خۆشەویست بکە، هەها سەیدولڕەئیس چەند باشە و ئەنگۆی وەکی کوڕی خۆی حیساب کرد و لێبوردنی گشتی لۆ دەرکردن، ئێستا ئەمە نووسراوەکیشت دەدەینێ، پاشی حەفتەک لە ئیسراحەتی دەبی بچیە عەسکەری، چونکە موالیدی عەسکەریت هاتیە، بەو نووسراوەی دەچیە تەجنیدی هەولێرێ و لەوێ ئەوان نووسراوت لۆ دەکەن و ڕەوانەی عەسکەریت دەکەن، لەبەر ئەوەی دەرچووی زانکۆی، بەس دوو سار خزمەتی سەربازیت پێدەکەن! بەو خەبەرەی سەر و درم گیرا، لە دری خۆم گۆتم: دە فەرموو دەی، لە بەندیخانەی قورتار بووم و گۆتم پشیەکی دەدەم، نەمزانی دەمنێرنە عەسکەری و یەس یەمی!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!