قوماش 101
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
کە گێم لەو قسەی بوو، هەر لەسەربانی جلکم گۆڕی و بە پەلە پێراوم لە پێ کرد و ئەو پارەی لەکنم بوو، لە گیرفانم ناو چوومە دەرێ و هەر بەسەربانی ئاودیوو بوومە مارەکەی پشت ماری خۆمان، مام سەعید لە حەوشێ بوو، وەکی چاوی بەمن کەت، گۆتی: چبووە؟ گۆتم: مەفرەزە دێ بمگرن، زانیتیان فیرارم، یەکسەر غاریدا سویجی تڕومبێلی هیناو گۆتی: ڕاوەستە قورتارت کەم، ئەو پیکابەکی هەبوو لە گومرگێ(عەلوە) ئیشی دەکرد، هەتا برێی پیاوەکی بەڕێزبوو، لۆ جیرانەتی قەت قیمەتی تەواو نەدەبوو، سواری تڕومبێلی بووین و سلفی لێداو بە ڕێکەتین، گۆتی: کێوە دەچی؟ گۆتم: بەخۆشم نازانم، گۆتی: زۆر دوور نەڕۆین باشە، دەترسێم لەسەر جادەکان سەیتەرەیان دانابی، گۆتم: ناوێرم بچمە ماری مامیشم، نەکوو بەدووم دا بێنەوێ! گۆتی: خەمت نەبی، ئەمن دەتبەمە ماری خزمەکی ئەوشۆ لەوێ خۆت ماتکە، سبەینێ زوو دێمە دووت و کێندەر دەرێی دەتبەمە وێ، گۆتم: ناوەڵلا ببمە ماری پلکم خاتوونی لە بەستەپیازەی، ئەو مێردەکەی نائب زابتی عەسکەریە و کەس شک لەوان ناکا، گۆتی: زۆر باشە! هێدی هێدی دەیهاژووشت، نەوەک لەپڕ بگەینە سەیتەرەکی و نەتانین دەرباز بین! لە فلکەی مەعمەل مافوری سوڕاوە و لۆلای بەستەپیازەی چوو، ئاوڕم داوە دیتم دوو پیکابی پڕ جاش لۆلای مارێمە چوون! گۆتم: باشبوو زوو دەرچووین دەنا بە داوێ وەببووین، گۆتی: کووت زانی مەفرەزە دێن، گۆتم: برادەرەک خەبەری دامێ!
لە جادەی بەستەپیازەی چووینە ژۆرێ و گەیشتینە سەری حەفتەم کۆرانی بە دەستەچەپ، گۆتم: ئەلێرە ڕاگرە، گۆتی: بابچمە ژۆرێ، گۆتم: نایەوێ ماری پلکم لەو کۆرانەیە، گۆتی: ڕادەوەستم هەتا دەچیە ژۆرێ، گۆتم: مەمنونم، بەس وەکی چوویەوە خەبەر بدە داک و بابم و برێ گەیاندیتمە ماری خاتوونی پلکی، گۆتی: هیچ خەمت نەبی، زۆر مەمنونی بووم و خواحافیزیم لێکرد، هەتا لە دەرکەی ماری پلکم نەچوومە ژۆرێ نەڕۆیی!
پلکم و مندارەکان پێیان عەنتیکە بوو بەو درەنگ شەوەی چوویمە ماریان، گۆتم: مشەوەش مەبن، لە ترسی تەفتیشی هەراتیمە، پلکم گۆتی: دیارە فیرارت کردیە ڕۆرە؟ گۆتم: ئەرێوەڵلا پلکێ، ئەو شەڕوشۆڕە ئی وەی نیە پیاو بچیتە عەسکەری، گۆتی: ئەمنیش چەند بە سولێمانی دەرێم فیرار کە، بە گێم ناکاو ناکا، هەر دەرێ ئەوجارە نا ئەوجارە، گۆتم: ئیشاڵلا خوا دەیپارێزی، گۆتی: با هەستم پارە نانەکت لۆ حازرکەم، گۆتم: ناوەڵلا ئەزیەت مەخۆ نانم خواردیە، بەس ئەگەر چایەکم لۆ لێنێی مەمنون دەبم!
ئەو شەوەم لە ماری پلکم بە ڕێکرد، ئەلهەقی خزمەتەکی باشیان کردم، سبەینێ دەوری سعات دەی داکم و بابم هاتن، پاش سەلام و کەلامی، گۆتیان: ئەرێ کوڕم ئەتوو تەیر بووی فڕی، یان عارد قووتی دای، وەڵلا وەکی جاش بەناو مارێ وەربوون، ڕوحمان لە بەر نەما، ئەو سەرۆک جاشە سەگبابە دەبانچەی لە دوڕ دەستی دابوو، بەخۆی کوون بە کوون لە دووت دەگەڕا، وەکی وەسە بانی کەت ئەمە ڕەق بووین، گۆتمان هەونکە بە پێلەقان دەتهینیتە خوارێ، چبزانین ئەتوو بەسە بانی ئاودیوو بووی، ئەمە هەر وەختبوو شێت بین، هەتا مام سەعید هات گۆتیەمە خەمتان نەبی قورتاربووە و وا لە مارێ خاتوونی پلکیتی!
گۆتم: وەڵلا خواخێری هەورینی بنووسی، دەنا ئێستا خوا بزانی ئەمن لەکێبووم، بابم گۆتی: دیارە ئاگای لێبووە کە ئەو سەرۆک جاشە گۆتیتی بابچین بیگرین، گۆتم: دیارە، ئەگەر نا کوو تەلەفۆنی دەکرد، بابم گۆتی: باشە هەورین تەلەفۆنی ماری عەوڵای ئامۆزای لە کێ زانی؟ گۆتم: ئەمن وەختی خۆی ڕەقەمەکەم دابوێ، پێم گۆت ئەگەر چشتەک ڕوویدا تەلەفۆنم لۆ بکە، داکم گۆتی: خوا ڕووی سپی کا لە دنیایێ و قیامەتێ باشبوو ئەوجارە بە هانامان هات! پلکم خاتون چایەی هینا و داینا، دوایێ سەلاجەی کردەوە و گۆشت و کەل و پەلی دەرهینا، بابم گۆتی: خاتونی خوشک خۆ هیلاک مەکە، ئەمە تۆزەکیدی شۆڕ دەبینەوە لۆلای مارێ، بەران با ئەوە لێرەبی، ئەمن شەوێ دێمەوە و تەکبیرەکی لێدەکەم کێوەی ببەم، پلکم خاتون سوندی خوارد گۆتی: نابی نیوڕانێ بڕۆن، هەونکە شفتەکی لێدەنێم دەبی دەست و پەنجەی خۆتان لەگەر بخۆن!
نانی نیوڕانێمان خوارد و یەک دوو چایەمان لەسەر کرد و بەینەکی باشمان بە قسەی خۆش بەڕێکرد، هەندەی نەبرد مامم خەلیلیش هات، دیاربوو خەبەری هەبوو ئەمن لە ماری پلکم خاتونی مە، ماریشی زۆر دوور نەبوو، چونکە ئەویش هەر لە بەستەپیازەی بوو، هەتا پاش عەسرەکی درەنگ دانیشتین، بابم گۆتی: کوڕم ئەمە وا دەچینەوە، با داکت کەل و پەلت لۆ بپێچتەوە و شەوێ دەتبەینە شاوێسی و لە ماری باپیرت پاردەوە هەتا لایەک بە لایەکی دەبی، گۆتم: ئەتوو شاوێست پێ باشە؟ گۆتی: کوڕم گوند هەموو یەک بەرەبابە و کەس و کاری ئێکدیە، قابیلە زمان لێکدی بدەن، دوایێ محەمەدی مامیشت وا فیرارە و لێی پاردایتەوە، ئەتووش لەوێبە و ئیشاڵلا خوا دەرکەکی لەو میللەتەی دەکاتەوە!
پاش عیشایەکی درەنگ داکم و بابم و دختۆر شێرۆ هاتن، گۆتیان تڕومبێل حازرە بابڕۆین، زۆر مەمنونی ماری پلکم خاتونی بووم و خواحافیزیم لێکردن، سواری شڕە لادەکەی دختۆر شێرۆی بووین و شاوێس خۆت بگرە وا سەرلووس هات!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!