قوماش 102
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
شێرۆ زۆر بەهێواشی تڕومبێلی دەهاژووشت، بابم گۆتی: لۆ وەها هێواش داژۆی؟ گۆتی: وەبی ئەگەر مەفرەزەکمان لە دووریڕا دیت، بتانین لادەین و خۆمان قورتارکەین، داکم گۆتی: قەت نەمدەزانی ئەوها ئاقری، وەڵلاهی باش فکر دەکەیەوە شێرۆ، شێرۆ گۆتی: دایە عاجیش بە گێلمان تێدەگا، بابم گۆتی: ئەتوو ئاگات لە ڕێیەکەی بی و بە کەندەکمان دانەدەی! گۆتی: دختۆر شێرۆ ئیشی خۆی باش دەزانی و بەخۆشی دەزانی چدەکا و چناکا! داکم گۆتی: وەڵلاهی شێرۆ هەموو گەڕەک ئەو قسەی قۆڕەی توو لەبەر کردیە! شێرۆ توڕەبوو، هەتا مست گرتی لە سووکانیدا، گۆتی: خەتای منە ڕوعی خۆم لەبن پێی خۆم دەنێم لۆ سەرلووسی، بابم گۆتی: کورە دەباژۆ هەی کارخانچی، دیارە ئاگات لێنیە دایە حاجی سبەی نیوڕانێ دەعوەتی کردی بە کفتەی! شێرۆ گۆتی: نەبابە، سبەینێ کفتەیە؟ داکم گۆتی: ئائا، ئەمن کوو ئەتوو لەبیر دەکەم شێرۆکە! شێرۆ هەوایەک چووە کەپوویی و گۆتی: لۆ ناو ئاگریش بی لەگەرتان دێم!
باشبوو هیچ مەفرەزەمان لە پێش نەبوو، بە سەلامەتی گەیشتینە شاوێسی، هەر نێزیک بووینەوە سەیەکانی ماری مام حاجی مەجیدی و مام حەمەدەمینی دەستیان بە ڕەوینێ کرد، گەیشتینە پێش ماری باپیرم عەلی و لە تڕومبێلی هاتینە خوارێ، لە دەرکەمان داو مامۆژنم نەزیرە کردیەوە، سەلاممان کرد و پاش چاک و چۆنی چووینە ژۆرێ، باپیرم عەلی و داپیرم عەیشێ و مامم محەمەد و کۆمەرە مندارەک لەسەر سەکووی حەوشێ دانیشتبوون، چاویان بەمە کەت قیت بوونەوە، سەلاممان کرد و بابم دەستی باپیرم و داپیرمی مام چ کرد و ئەمەش هەروەها، چاک و چۆنیمان لەگەر هەمووان کرد و دنیشتین، پاش بەخێراتن و چاک و چۆنی، بابم لۆی باس کردن لۆ چووینە شاوێسی، باپیرم گۆتی: ئەوجە مار ماری خۆتانە، ئەنگۆم هەموو لەو مارە و لەسەر ئەو سەکووەیی و لەبن سێبەری ئەو دار تووەی گەورە کردیە، محەمەدی کوڕیش وەکی وی فیرارە، با خۆ ماتکەن هەتا لایەک بەلایەکی دەبی! بابم گۆتی: زۆر باشە، خوا ئاسانی بکا، باپیرم عەلی پیاوەکی زۆر سوحبەتچی بوو، گۆتیە بابم: کا ئەتوو لە شاری هاتی و یەک دوو نەفەر کەبابت لۆمن و داکت نەهینایە، کوڕم ئاخر ئەمە باب و داکتین! بابم پێکەنی و گۆتی: بابە، کا بەو شەوەی کەبابخانە، لەگەر ڕۆژئاوابوونی بازاڕ قەپات دەبی، شەرتبی لەو یەک دوو ڕۆژەی بێمەوە و لۆتان بینم! داپیرم عەیشێ گۆتی: ئەرێ جەمیل داخوە چاوەکانت کووە کوڕم؟ بابم گۆتی: باشن ئەلحەمدولیللا دایە، ڕۆناکەییەکی دەبینم! باپیرم عەلی گۆتی: کیژم نەزیرە دەبینە چایەکەی بینە، مامۆژنم گۆتی: هەونکە دەینم مامە، با دێمەکی بکێشی، هەندەی نەبرد چایە هات و تێر قسەی خۆشمان کرد، باپیرم گۆتی: کەم مار هەیە فیرارەکی تێدا نەبی، هەمووش دەزانین، بەران خەرکەکە چونکە هەمووی کەس و کاری ئێکدیە کەس خەبەر لەکەس نادا، موختاریش هەر ئامۆزای خۆمانە و وەزعەکەی بە ڕێ دەکا، محەمەدیش لە ژۆرێ قورتەکی گەورەی لێدایە و سەری گرتیە، هەر چشتەک بوو خۆ لەوێ بنێن و ئیشاڵلا هیچیش نابی! پاش بەینەکی بابم و داکم و دختۆر شێرۆ هەستان بڕۆن، بابم لە ڕۆیشتنێ هەندە پارەی لە بەڕکی نام، باپیرم گۆتی: ئەوە چیە جەمیل ئەدی ئەمن لێرە نیمە، ئەو پارە چیە دەیدەیێ، بابم گۆتی: فەرقی نیە بابە، ماری منیش هەر ئی تووە، ئیدی ئەوان خواحافیزیان کرد و ڕۆیشتن!
ئەوان ڕۆیشتن و ئەمەش دانیشتینەوە، پاش بەینەکی لێمان پارداوە، ئەمن لە ژۆرەکەی پێشەوەی لای دەرکەی حەوشێ نووستم، ژۆرەکی گەورەبوو، وەختی خۆی ماری مامم خەلیلی لەوێبوون، پێش ئەوەی لە شێستەکان ماری بینیتە هەولێرێ، ئەو ژۆرە کومبار و دۆشەکی لێ داندرابوو، زۆر جار ئەگەر مێوانەکی لایدەش بهاتبا لەوێ دەبوو، وەختەکی نادری مام حەمەدەمینی بە مندارەوە لەو ژۆرەی بوو، ماوەکیش ماری پلکم خاتوونی لەوێبوون پێش ئەوەی خانی لە بەستەپیازەی دروست بکەن و باربکەن لۆ هەولێرێ، خانیەکەی باپیرم عەلی گەورەبوو، دەوری هەزار مەتر دەبوو، لە پشتەوە ژۆرەکی زۆر گەورەی تێدابوو، باپیرم و داپیرم لەوێبوون، لە تەنیشتیشیان ژۆرەکیدی هەبوو، ئەو ژۆرە وەختی خۆی بابم و داکم تێدابوون، کە لە چاردەی مانگی دووی هەزار و نۆسەت و حەفتاو پێنجی مارمان هاتە شاری، بووە ئی مامم محەمەد و مامۆژنم نەزیرەی، لەپێشەوەی ماری باپیرم عەلی بەلای چەپ ماری مام حاجی ئەسعەدی بوو، کە ئامۆزای باپیرم عەلی بوو، لای چەپیش ماری مام عوسمانی قادرە شینی بوو، ئامۆزای باپیری بابم بوو، لای ڕاستیش ماری مام کەریم و عەبدوڵلا و مەلا عومەر و ڕەحمان و مام حەمەدەمینی مام ڕەسوری بوو، هەموویان لەیەک خانی گەورە دەژیان و دەوری دوو هەزار مەتر دەبوو، لە پشتەوەش ماری بەکری مام دێوانە و حاجی مەعروفی و قادری مام سەعیدی بوو، شاوێس هەمووی بیست و نۆ خانی بوو، بەران هەر خانی چار پێنج ماری تێدابوو، خانیەکان هیچیان لە هەزار مەتری کەمتر نەبوون، گوندی شاوێسی لە عەشیرەتی میران بەگن، ئەو عەشیرەتە لە کەرەکین و کۆرەکی گچکە و شاوێس و ئیفراز و مەلاعومەری نێزیک کەرەکێ دادەنیشن، لە ناوچەی پێنجوینیش هەنە و دەکشێن هەتا مەریوانی کوردستانی ئێرانێ.
حەوشەی ماری باپیرم عەلی پڕی دار هەنار بوو، دارتووەکی زۆر گەورەش لە حەوشێ بوو، هەموو جارێ باپیرم دەیگۆ: ئەو دار تووەم بە ئاوی دەسنوێژێ گەورە کردیە، ئەو کە دەسنوێژی بشووشتبا مەسینەکی دەبردە بن دارتووەکەی و لەوێ دەستنوێژی دەشووشت و ئەوجە دەچووە مزگەفتێ، پیاوەکی زۆر بەدین بوو، پێنج فەڕزەی لە مزگەفتێ دەکرد و بەزۆریش یان ئەو بانگی دەدا، یان محەمەدی مام مەجیدی مام سەلیمی، باپیرم زەوی و زارەکی زۆری هەبوو، بە جۆتیاری خەریک بوو، ماوەک موختاری گوندی بوو، پاشان لە دائیرەی ئەمن بە ڕێیان کردبوو، گۆتبوویان: ئەمە پرسیاری هەرکەسەکت لێدەکەین، ئەتوو دەرێی پیاوەکی باشە و تابیعی حوکمەتیە، مەعقولە ئەو گوندە کەسی لێنەبی ڕکی لە حوکمەتی ببتەوە، بینە مۆری موختاری تەسلیم کەوە و خوا حافیزت بی! ئەو پیاوەکی زۆر قسەخۆش و سوحبەتچی بوو، لە هەموو تەمەنی خۆی تێکەری هیچ حزبەکی نەببوو، دەیگۆ کاسبی خۆت بکە و تێکەری ئەولا و ئەولای مەبە، ئەو بابمی کردە ئەو پیاوە و لە پەنجاکان کە مەکتەب لە گوندی نەبوو، هینابوویە شاری و لە مەکتەبێی قەید کردبوو، داپیرم کیژی خاری باپیرم بوو، بابیشیان ئامۆزا بوو، ئەویش ژنەکی باش و بەڕێزبوو، مامم محەمەد ئامادەیی پیشەسازی تەواو کردبوو، زاوای هەنارەییان بوو، بەژن بەژنی ژنی هینابوو، پلکم کافیەی لۆ بەژن درابوو، مامۆژنم نەزیرە ژنەکی زۆر بەڕێز و بە خزمایەتی بوو، مامم ماوەک چووبووە عەسکەری و پاشان فیرای کردبوو، کە حکومەت زۆری لۆ فیراران هینا ماوەک چووە دۆری بالیسانێ و لە گوندی خەتێی لێی پارداوە، هەر ئەو لە گوندی نەچوو بوو، خارم زرار و ڕەمزی مام سەعیدیش چووبوون!
باپیرم ڕۆژانە بە باخچەکەی ناو مارێ خەریک بوو، مامم کتێبخانەکی هەبوو، زۆربەی کاتی خۆم بە خیندنەوەی بەڕێ دەکرد، شەوانیش دەچووینە دیوەخانی مام حاجی ئەسعەدی و هەتا درەنگی شەوێ لەوێ دادەنیشتین، جاحێرەکان دۆمینەیان دەکرد و ئیختیارەکانیش گێیان دەدا ڕادیۆیی و باسی دەنگ و باسی دنیایێیان دەکرد، محەمەدی مام ئەسعەدی دەرچووی پەیمانگای مامەستایان بوو، دیوانی زۆربەی شاعیرانی هەبوو، ئەمن زۆر چێژم لەو دیوانانە دەبینی و دەفتەرەکم پێبوو، ئەو شیعرانەی بەدرم بان لەو دەفتەرەی دەمنووسینەوە، داکم و بابم زوو زوو دەهاتن سەریان لێدەدام و دەنگ و باسی شاریان دەدامێ، تاکە دەنگ و باسەک کە لۆیان نەدەهینام و بێتاقەتی کردبووم؛ دەنگ و باسی هەورینی بوو!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!