قوماش 104
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
بابم گۆتی: ئەگەر بزانم تووشی کێشە دەبی، پێشی بچیتەوێ، ڕەوانەی لایەکی دەکەم، موختار گۆتی: ئەگەر بیانوویستبا بیگرن، شەوێ دەهاتن لەناو بەتانی دەریاندەهینا، واتێدەگەم بەس هەندە پرسیاری لێبکەن و بەڕێی بکەن، گۆتم: ئەمن سعات دەی سبەینێ لە عەسکەریمە، کوو دەتانم بچمە دائیرەی ئەمن! موختار وەرەقەکی لە گیرفانی دەریناو گۆتی: ئەوەیان پیشان بدە، ئیزنت دەدەن! موختار خواحافیزی کرد و ڕۆیی، بابم گۆتی: بە داکت مەرێ با مشەوەش نەبی، گۆتم: بەڕەئی توو سبەینێ بچمە دائیرەی ئەمن؟ گۆتی: بڕۆ، قسەی موختاری تەواوە، نایانەوێ بتگرن، پێدەچی هەر سین و جیم بی، گۆتم: ئیشاڵلا وەدەبی!
سبەینێ چوومە معەسکەری و هەر لە ساحەی عەرەزاتی وەرەقەکەم پیشانی ڕەیس عورەفا وەحدەی دا، تەماشای کرد و ئەمنی تەقدیمی زابتی کرد، وەرەقەکەی دا زابتەکەی، ئەویش تەماشای کرد و پاشان بەینەکی تەماشا منی کرد، ئەوجە گۆتی: بابڕوا! تەحیەکم لۆ زابتەکەی کرد و ڕۆیشتم، لە لای جادەی شێست مەتری لە معەسکەری هاتمە دەرێ و پەڕیمەوە ئەوبەری لۆ دائیرەی ئەمن، چوومە پرسگەی، دیتم هەشت نۆ کەس دانیشتبوون، لەناوەوان دیسان بەدە بێ دەرپێم دیتەوە، وەکی چاوی بەمن کەت ڕەنگی تێکچوو، سەلامم لە ئەمنەکەی کرد و وەرەقەکەم دایێ، تەماشای کرد و گۆتی: دانیشە! چووم لە نێزیک بەدە بێ دەرپێی دانیشتم، تەماشایەکم کرد و گۆتم: کوی؟ گۆتی: ئەرێ ئەوەچیە هەرجاری دێمە ئێرە، ئەتوو لێرەی؟ گۆتم: ئەمن لە دووم دەنێرن، بەس وابزانم ئەتوو بەخۆت دێی! هیچ دەنگی نەکرد و ڕووی لەولای کرد!
بڕەک پێچوو کابرای پرسگەی گۆتیە من: بڕۆ ژۆرێ، ئێکەک لە دەرکەی چاوەڕێت دەکا، چوومە ژۆرێ و بڕەک لە حەوشەی ڕۆیشتم و گەیشتمە لای دەرکەی، ئێکەک ڕاوەستابوو، هەر ئەمنی دیت گۆتی: تعال! ئیدی چووم و قۆری گرتم و بە قاندرمەکان بەسە کەتین لۆ قاتی سەرێ، بڕەک لە مەمەڕەکەی ڕۆیشتین و ئەمنی بردە ژۆرەکی، دیتم کابرایەک دانیشتیە تەمەنی لە دەوری سی و پێنج ساری دەبوو، سنیە کەبابەکی لە پێش بوو، دیاربوو نانی دەخوارد، سەلامم کرد و بە عارەبی گۆتی: فەرموو نانی بخۆ! گۆتم: زۆر مەمنون عافیەتت بی، گۆتی: برسیت نیە؟ گۆتم: نەخێر! گۆتی: دە لەوێ ڕاوەستە هەتا نانەکەی دەخۆم، ئەوە تازە ساحێب کەبابخانەک بە دیاری لۆی ناردیمە، ئەو پیاوی خۆمانە و زۆر هاریکارە! ئەمن زۆرم پێ سەیر بوو دائیرەی ئەمن سیقەی بە کابرایەکی بکەن و کەبابی دەستی وی بخۆن، کوو ناترسێن کابرا پتە زەهرەکی لەو کەبابانە بکا و هەموویان تەخت کا! کابرا ئەمنەکە گۆتی: دەزانم فکر لەوەی دەکەیەوە ئەمن کوو سیقەم بەو کابرایەی هەیەو کەبابی دەستی وی دەخۆم! هیچ دەنگم نەکرد، گۆتی: کەس زاوای خۆی دەکوژی؟ گۆتم: مەخسەدت چیە؟ گۆتی: ئێ ئەو خوشکی خۆی پێشکەشی من کردیە، ئێستا زاوا و خەزورین، لۆیێ ناترسێم زەڕبەکم لێبدا!
کابرا نانی خوارد و دەستی شووشت و سنیە کەبابەکەیان هەرگرت، ئەوجە چوو لە پشت مێزی دانیشت و دوو چایەیان لۆ هینا، چایەکی لۆخۆی ڕاکێشا و گۆتیە من: ئەتووش ئەو چایەی ڕاکێشە و لەسەر ئەو کورسیەی دانیشە و بیخۆوە! گۆتم: زۆر سوپاس ناخۆمەوە، بەڕاستی ئەمن نەوێرام بخۆمەوە، ترسام شتەکی تێکرابی، وەکی هەستی کرد ناخۆمەوە، بە مراکی چایەکەی خۆی، چایەکەی منی تێکدا و مراکەکەی لەناو هەریناو پڕی چای کرد و خواردیەوە و ئەوجە گۆتی: ها ترست شکا، یاڵلا بخۆوە! ئیدی کەوای کرد ناچاری کردم بخۆمەوە، لۆیێ چایەکەم ڕاکێشا و هێدی هێدی خواردمەوە، کە چایەکەی تەواو کرد، ڕووی لەمن کرد و گۆتی: ئەمن معاون مدیر ئەمنی هەولێرێمە، یەک پرسیارت لێدەکەم و بەڕاستیم وەرام بدەوە، گۆتم: فەرموو! گۆتی: ڕاست و ڕاستم پێبرێ، چت لەگەر هەورین و ئەو موستەشارەی پیاوی مە هەیە؟
ئەمنیش لە ئەوەلی هەتا ئاخیری هەمووم لۆ باس کرد، تێمگەیاند کە ئەو هەموو کێشە و دۆخەی دروست بووە لە نیوچەوانی ئەو سەرۆک جاشەی بووە، ئەگەر ئەو نەبووایە، نە بازۆ هەرەتە دەبوو، نە ئەمنیش دەگیرام و نە هەورینیش ئەوهای بەسەر دەهات! کابرا هەستاوەو لەناو ژۆرەکەی بڕەک هات و چوو، دوایێ جغارەکی ڕۆتمەنی(ڕۆثمەن) دەریناو پێی کرد، قوومەکی لێداو گۆتی: دەتەوێ هەموو چشتەک وەکی خۆی لێبێتەوە؟ گۆتم: تازە ئاسان نیە، نان کە بووە دوو کەرتک قەت پێک وەنانووسێتەوە! گۆتی: ئەمن هەموو چشتم پێدەکرێ، ئەو سەرۆک جاشەی ئەوهای لەنگۆ کرد، ئەمە حسابی لنگە پێراوەکیشی لۆ ناکەین، ئەسڵەن ئەو نەوعانە بەس گەوادیمان لۆ دەکەن و کوڕی ئەو میللەتەش دەکوژن، ئیشی مە بەو جاش و ئەمنە کوردانە ڕاوەستایە، ئەمن کابرایەکم خەرکی ڕومادیمە، ئەگەر لە میللەتی خۆت نێن و ڕاپۆرتم لۆ نەنووسن، چسوانم ئەتوو کێی، یان هەورین و بازۆ کێنە! گۆتم: ئەوجە ئەنگۆ لۆ بە ڕاپۆرتی وان باوەڕ دەکەن و ئیشی لەسەر دەکەن؟ گۆتی: ئەتوو واز لەو مەسەلەی بینە، ئێستا دەتەوێ هەموو چشتی وەکی خۆی لێبکەینەوە؟ گۆتم: کوو؟ گۆتی: ئەگەر ئەتوو هاوکاریمان بکەی، ئەمن وەدەکەم هەورین لۆ تووبی! گۆتم: هاوکاری کوو؟ گۆتی: ببیە پیاوی مە، بچیە ناو پێشمەرگان و لەوێ ڕاپۆرتمان لۆ بنێری، هانی پێشمەرگەکانیش بدەی، ئەوانەی لێت نێزیک دەبنەوە، بێنەوە خۆیان تەسلیم بکەنەوە، پەیوەندیش بە بازۆی بکەی بێتەوە خۆی تەسلیم کاتەوە، گۆتم: ئەوجە ئەمن کوو دەستم دەگاتە بازۆی، بازۆ وا لە ئەوڕوپایە، گۆتی: سەهلە، ئەمە ناونیشان ژمارەی تەلەفۆنی بازۆمان لایە، وەدەکەین قسەی لەگەر بکەی، ئەگەر تەواو متمانەشمان بەتوو کرد، دەتنێرینە ئەوڕوپای، دەکرێ لەوێ ڕاپۆرتمان لۆ بنووسی لەسەر ئەو کوردانەی لە دەرێنە، چ چالاکییەکی ئەنجام دەدەن! گۆتمان: ئەوجە کێ دەرێ ئەمن وەکی گەیشتمە ئەوڕوپای دێمەوە؟ گۆتی: خۆ ئەمە غەشیم نینە، لێرە داکت و بابت دەست بەسەر دەکەین، هەتا دێیەوە! ئەگەر ئەو ئیشانەمان لەگەر بکەی ئەوە هەموو شت وەکی خۆی لێ دێتەوە و هەورینیش دەبیتە ئی توو! گۆتم: وەڵلاهی ئەگەر ئەنگۆ لێم گەڕێن، ئەمن حەزدەکەم عەسکەرییەکەی تەواو بکەم و لە جێیەکی بە مامەستا دامەزرێم و تێکەری هیچ نەبم و خزمەتی داک و بابم بکەم، گۆتی: ئەمە زۆرت لێناکەین، ئەگەر ئەو ئیشەش نەکەی، هیچت لێناکەین، ئەتوو ئازادی، بەران ئەگەر بیکەی، ئەوە گەورەترین ئیشی توو ئەوەیە هەورینی لەو ژیانە ناخۆشەی دەرباز دەکەی! گۆتم: دەکرێ فکرەکی لێبکەمەوە؟ گۆتی: دەکرێ، ئەگەر ڕازی بووی، وەرەوە پەیوەندی بەمن بکە، ئەگەر نەشکرد، پەیوەندی بەو گەوادەی بکەوە! گۆتم: کیهان گەواد؟ پێکەنی و گۆتی: موختار!
لە دائیرەی ئەمن هاتمە دەرێ، لە پێش دەرکەی دیتم بەدە بێدەرپێ لەگەر سێ چار ئەمنان سواری تڕومبێلەکی برند بوو و ڕۆیی، لە هەموو ناخۆشتر ئەوەبوو، لە بەینی دوو ئەمنان دانیشتبوو، تەسجیلیان پێکردبوو، گۆرانی ساجیدە عوبێدیان لێدەدا و چەپرەیان لێدەدا، لە دری خۆم گۆتم: دەبی ڕۆژەک دابێ دنیا بگۆڕی و ئەو بەدەیە چی بەسەربێ! هەر لە دری خۆم گۆتم: وەڵلا ڕەنگە دیسان دەور دەوری بەدە بێدەرپێی بی!
مایتی.[1]