قوماش 106
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
ڕۆژی پاشی چوومە تەجنیدی دوو لە نێزیک مزگەفتی شێخ مستەفای نەقشبەندی، کتابەکە و دەفتەر خدمەم لە پەنجەرەی تەسلیم کرد، گۆتیان: چاوەڕێبکە ناوت دەخینینەوە، چوومە ئەوسەری حەوشەی تەجنیدی و لەبن سێبەری دار قەرەمتۆزەکی ڕاوەستام، هەندەی نەبرد سەفینیش هات، چاک و چۆنیمان کرد و ئەویش کتابەکەی خۆی تەسلیم کرد و هاتەوە لەکنەمن ڕاوەستا، کەتینە قسەکردنێ، گۆتی: بەرنامەت چیە؟ گۆتم: بەدوو دامەزرانەکەی خۆم دادەچم، بەشکو ئیشاڵلا دامەزرێم و ژیانەکی تازە بەڕێکەم، ئەدی ئەتوو؟ گۆتی: وەڵلا ئەمن دەچمەوە مەعمەل مۆتەکەی خۆمان و لەوێ لەگەر برایەکانم دەست بە ئیشی خۆم دەکەمەوە، ئەگەر خوا ڕێکیهێخست ژنەکیش دەینم، ئەدی ئەتوو بەتەمانی ژنەکی بینی، یان چاوت هەر لە هەورینیە؟ گۆتم: بەخۆشم نازانم چدەکەم، برینی هەورینی هەند قۆرە بە ئاسانی تیمار نابی، گۆتی: بەس بەمن برێ ئەو بەزمە چبوو تووشی خۆت کرد، ڕەحمەت لە بابت بە داکت برێ با ژنەکت لۆ ببینتەوە و ڕاست بیهینە، هەندەکجار ئەو ژیانەی بەگێلی بەڕێکەی باشە، تووشی خەم و خەفەتیش نابی، گۆتم: خەم و خەفەت وەکی هات بەکەس ناگەڕێتەوە، ئەمن لەکێ بزانم تووشی ئەو هەموو دەردەسەریەی دەبم، گۆتی: لە بەغدایێ چەند جارم پێگۆتی: واز لەو مەسەلەی بینە و ژیانەکی تازە دروست بکە، گۆتم: ئەمن تازە لەگەر ئەو ژیانە پڕ ئازارەی ڕاهاتیمە، ڕەنگە ئەگەر ڕۆژەکی پێبکەنم و درم خۆشبی، تووشی خەم و خەفەت بم!
دەوری دوو سعاتی پێچوو، دەستیان بەناو خیندنەوەی کرد، خەرکەکە هەمووی خڕبۆوە، گێمان دابووێ کەنگی ناومان دەخیندرێتەوە، وەختەکی ناوی منیان خیندەوە، چووم دەفتەر خدمەم وەرگرتەوە، هەندەی نەبرد، ناوی سەفینیشیان خیندەوە، ئەویش چوو دەفتەر خدمەی وەرگرتەوە، هاتەوە لای من و پێکەوە چووینە دەرێ، گۆتم: لۆ نایێ بەو بۆنە خۆشەی دەعوەتت کەم! گۆتی: ناوەڵلا ئەمن دەعوەتت دەکەم، ئیدی پێکەوە شۆڕ بووینەوە لای بازاڕی و لاماندا کەبابخانەکی، سەرو دوو شیشمان داواکرد، نانەکەمان خوارد و هەرچەند کردم سەفین نەیهێشت پارەکەی بدەم، ئەو پارەکەی دا، دوایێ چووینە چایخانەی مەچکۆیی و سەرو چایەمان لەسەر کرد، بەینەکی باش لە بازاڕی پیاسەمان کرد، دوایێ خواحافیزیمان لێکدی کرد و ئەو شۆڕ بۆوە لۆ گەڕەکی کوران و ئەمنیش لای خەستەخانەی جمهوری!
گەیشتمەوە نێزیکی مارێ، دیتم وەزعەکە تەواو نیە، وەکی برێی شتەک بووە، بڕەک نێزیک بوومەوە، دیتم ژنی شێرۆی لەوسەریڕا بە غاردان لۆلای من، بە گریانەوە هاواری کرد: قەلەندەر خۆت قورتارکە! گۆتم: لۆخۆم قورتارکەم چبووە؟ گۆتی: ئەو سەرۆک جاشە سەگبابە زانیتی دونێ هەورین هاتتە مارینگۆ، بەخۆو بە کۆمەرە چەکدارەکی هاتنە مارینگۆ، ئەو مارەی سەراو بن کرد لەدوو توو، شێرۆ چووە پێشیان و گۆتی: عەیب ناکەن وا لەو مارەی دەکەن، خۆ مارە ئێخسیر نینە، شێرۆیان دا بەر شاپان و بردیان، لێرە مەمینێ هەتا بەدووت دا نەهاتینەوە، وەی کۆرەبم لۆ شێرۆی، دەبی کوو لە بن دارانیان داڕزاندبی!
گۆتم: ئەدی داک و بابم، ئەوان سەلامتن؟ گۆتی: سەلامەتن، بەران شێرۆی قەلەندەریان برد، گۆتم: سەلام لە داک و بابم بکە، برێ ئەو ڕۆیی، بەخۆم دوایێ خەبەریان دەدەمێ دەچمە کێندەرێ و لە کێمە! یەکسەر گەڕامەوە، گەیشتمە لای مەکتەبی جمهوری، دیتم تەکسیەک دەهات، دەستم لێ ڕاگرت و گۆتم: هەتا شاوێسم ببە! گۆتی: سواربە، تەکسی پێی لێناو ڕۆیی، لە نێزیک بێرکۆتی فکرم کردەوە، گۆتم: کێ دەرێ ئەو کابرایە ئێستا نەچوویتە شاوێسی، ئاخر ئەو دەزانی ئەمن شاوێسیمەوە و خزمەکانیشم هەمووی لەوێنە، لۆیێ گۆتم: دەتانی بمبەیە شەقراوەی؟ کابرا بەینەکی تەماشای کردم، دوایێ گۆتی: مشەوەش دیاری، ئەو شاوێسە لۆ بووە شەقراوە، گۆتم: ئیشەکی زەرورم لەوێ هەیە و دەبی بچمە وێ! کابرا گۆتی: باشە بەسەرچاو!
چونکە کورد هەمووی ئەمری تەسریح بوونی لۆ دەرچووبوو لە عەسکەری، لە سەیتەرەکان داوای هەویەیان لەکەس نەدەکرد، لۆیێ بە ئاسانی سەیتەرەکانم بڕی و ئەگەر داوای هەویەشیان بکردبا کێشەم نەبوو، لە ڕێیێ فکرم لەوەی دەکردەوە، برێ ئەتوو هەتا ئێستا چدەکەی لێرە، دەبایە هەر لە سجنێ بەربووی یەکسەر بڕۆیشتبای، دوایێ ئێستا کێوە دەچی، یەک پێشمەرگە لە ناو خاکی کوردستان نەمایە، پاشی کیمیا باران و ئەنفالەکان هەمووی ئاودیووی ئێرانێ بووە، ئەوجە ئەتوو کوو قورتار دەبی و بەچ ئاو دیوو دەبی، کێ بە هانات دێ و لەناو ئەو هەموو جەیشەی عێراق قورتارت دەکا! ئیدی مێشکم بە تەواوی جامی کردبوو و نەمدەزانی چبکەم، گۆتم: با جارێ بگەمە مام ڕەسوری لاسەی، لەوێ بە هەمووان تەکبیرەکی دەکەین و دەگەینە نەتیجەکی!
تەکسیەکە ئەمنی گەیاندە شەقراوەیی و لەناو بازاڕی دابەزیم، پارەم دا سایەقەکەیی و ڕۆیشتم لۆ ماری مام ڕەسوری، گەیشتمە لای ماریان و لە دەرکەم دا، بەخۆی دەرکەی کردەوە، باوەشی پێکردم و دوو سێ ماچی لێکردم، فەرمووی لێکردم و چوومە ژۆرێ، دانیشتین و پاش چاک و چۆنی، گۆتی: دەرێ چشتەک بووە، لۆ وەها مشەوەشی کوڕم؟ گۆتم: وەڵلاهی حار و حساب ئەوهایە، گۆتی: ئەتوو بڕۆنێ کوو گیرمان خواردیە بە دەست ئەو هەموو جاش و خۆ فرۆشەی! گۆتم: ئەتوو جارێ لەو جاشەی گەڕێ، هەرکووی هەیە، دەبی قورتارم کەیی و ئەمن چیدی لەو وراتەی دانانیشم، ئەوڕۆش لە سبەینێ زووترە! گۆتی: خەمت نەبی ئیشاڵلا لەو دوو سێ ڕۆژەی عیلاجەکت لێدەکەم!
با بگەڕێینەوە دوو ڕۆژ پێشی ئەو ڕووداوەی، عەسربوو جلکم لەبەر کردبوو بچمە دەرێ، لە حەوشێ بووم پێروام بە پەڕۆکی پاک دەکردەوە، لە دەرکەی درا، چووم کردمەوە، دیتم هەورینەو بە مشەوەشی هاتیە، سەلامی کرد و هاتە ژۆرێ، چووینە ژۆری مێوانان و بەخێراتنم کرد، وەختەکی داکیشم هات بەخێراتنی کرد، داکم ویستی دانیشی، هەورین گۆتیە داکم: دەکرێ پێنج دەقەک بەتەنێمان بە جێبێلی، داکم گۆتی: باشە کیژم باشە، ئەو دانیشتنە ئاخیری خێربی! داکم چووە دەرێ، هەورین گۆتی: وەرە لێرە دانیشە با دوو قسەت لۆبکەم! چووم لە نێزیکی دانیشتم، گۆتی: گێ بدەمن، ئەمن چیدی تاقەتم نەمایە لەدیار ئەو جاشە سەگبابەی دانیشم، هەموو دەقە و سعاتەکی من مردنەکە، وەڵلاهی زۆر جارم وەم لێهاتیە تەنەکە نەفتەکی بەخۆم داکەم و خۆم بسووتێنم کۆتایی بە ژیانی خۆم بینم، ئەمن ئەگەر لەبەر ڕوحی توو نەبایە قەت مێردم بەوەی نەدەکرد، ئیدی هاتیمە دوو ڕێت لەپێش دانێم، ئەتوو دەبی ئێستا ئێکەکیان هەربژێری، ئەوجە بە هوردی گێبدە من با لۆت باس بکەم!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!