قوماش 126
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
دوو مانگیدی بەسەر هاتوچووی من تێپەڕی لۆ ڕاهێنانەکەی لای مستەر جۆرجی، ئازاری مێشکم زیاتر دەبوو، زۆرجار شتی منداریم بەبیردەهاتەوە، وەکی برێی هەستم دەکرد هەندەشت بەناو مێشکم تێدەپەڕی و دەمزانی ئەو مندارە ئەمنم، بێجگە لەوەش دەرودراوسێ و بابم و داکمم ناسی و لەگەر ئەو مارەو کۆرانەی ڕاهاتم، هەر هەموویان ئەمنیان خۆشدەویست و زۆر ڕێزیان دەگرتم، لەو ماوەی بازۆش لەگەر مستەر جۆرجی سەفەری سویدی کرد، ئەو کەڕۆیی بە داکم و بابمی گۆ: بڕواناکەم جارەکیدی بێمەوە ئەو وراتەی، بایی هەزار ساری ئازارم پێگەییەو ئاسان نیە جارەکیدی بێمەوە، ئەوەش لەوێ ڕاوەستی کێ دەرێ ئەو سەرۆک جاشە لەهیکڕا زەڕبەکم لێناداو نامکوژی! بازۆ بەچاوی پڕ لە فرمێسک خواحافیزی کردو لۆمنیش زۆر گریا، گۆتی: هەرچی فایل و ڕاپۆرتی تووە، هەمووی لەگەخۆم دەبەم و لەوێ بە باشترین دختۆری پیشان دەدەم، بەس برێن بیهینەو دەتانین چارەی بکەین، ئەوەی لەتوانام دابی لۆت دەکەم!
عەسرەکی لەمارێ دانیشتبووین، دختۆر شێرۆ بە مشەوەشی هات، سەلامی کردو گۆتیە بابم: سەرۆک جاشەکەیان لە ئەڵمانیای هینایتەوەو بەرای لێنەمایە، لەجاران زیاتر جاشی هەیە و دائیم پێش دەرکەی مارێی جممەی دێ لە چەکداران، زۆرتان ئاگا لەخۆبی چشتەکتان لێنەدات، بابم گۆتی: کوڕم ئەوجە چمان پێدەکرێ لەگەر ئەو کابرایەی، کێمان هەیە بمانپارێزی، وەڵلا غەیری خوای گەورە کەسمان نییەو ئەویش بەسە! داکم مشەوەش بوو، ئەو دەترسا ئەو کابرایە ئەو هەموو بەزمەی لە نیوچەوانی من بزانی و بیەوێ ئەمن بکوژی، لۆیێ گۆتیە بابم: بەگێی من دەکەی چیدی مەینێرە عەنکاوەی لۆ عیلاجی، با چشتەکی لێنێ، بابم گۆتی: پشت بەخوای ببەستەو ئیشاڵلا هیچ نابی!
خەریکی عیلاجی بووم و زۆربەی جاران لەگەر دختۆر شێرۆی دەچووم، بابم مانگانە چشتەکی لۆ دختۆر شێرۆی بڕیبۆوەو دەیدایێ، شێرۆ بەخوورتی وەریدەگرت و دەیگۆ: ئەگەر ئەو چاببیتەوە پارە چ قیمەتی هەیە، بابم دەیگۆ: کوڕم هەقی خۆتە، ئەمە مەمنوونی تووینە کە ئەو ئەرکەت لەسەر شانیمە لابردیە! وەختەکی قادر قرپەستوور هاتە ژۆرێ، گۆتی: ئەمن ئەوڕۆ چشتەکی زۆر عەنتیکەم دیت، بابم گۆتی: چت دیتییە قادر، دەلۆمان باسبکە! قادر گۆتی: ئەوڕۆ لە دائیرەی نفووسی ئیشم هەبوو، دەموویست قەسام شەرعی بابی ڕەحمەتیم دەرینم، وەختەکی بووە مشەوەشی و سڕە تێکچوو، پاریان بەمە وەناو دووریان هێخستینەوە، گۆتیان: لاکەون مەسوولەکی گەورە هات، ئەمەش وەلاکەتین و تەماشامانکرد بزانین ئەو مەسوولە کێیە، وەکی هاتە ژۆرێ، دەبینم سەرۆک جاشەکەیەو شەش حەفت ئەستێرەی لەسەر شانی بوو و دە دوازدە زەلامیش لەدووی دەڕۆیشتن!
بابم گۆتی: ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە لێی دەترسام، ئەمن بەس سووم لەو هەموو کوڕە نازدارەیە کە لەو چیایەی کوژران، یان لەبن تەعزیبی مردن، یان لە قەنارەی دران! قادر گۆتی: ئەدی ئەو هەموو کیمیابارانە، ئەو هەموو ئەنفالە، کێبوو کردی، هەر جاش نەبوو بەپێش جەیشی سەددامی دەکەت و ڕێی پیشان دەدان! بابم و داکم زۆر بێتاقەتبوون، فکریان لەوەی دەکردەوە مارمان لەپشت خەستەخانەی جمهوری باربکەین و بچینە لایەکیدی، داکیشم زۆری پێباشبوو، دەیگۆ با لەبەرچاوی ئەو دڕندەی بزربین، نەبادا تووشی کێشەکمان بکا، بابم گۆتی: وەچاکە بچمە یەک دوو مەکتەب عەقاراتان و پێیان برێم خانییەکم لۆ ببیننەوەو ئەوەشم لۆ بفرۆشن، شێرۆو مام قادر بەو بڕیارەی بابم بێتاقەت بوون، دەیانگۆ ئەتوو بڕۆی گەڕەک چۆل دەبی، ئەمە درمان بەتوو خۆشە لە کۆرانێ، ئەتووش دەڕۆی!
وەختی هێوارێ مام ئەنوەر و مام عومەر شورتەش هاتن و زۆریان گلەیی لە بابم کرد، کە دەیەوێ باربکا، گۆتیان: ئەتوو بەس ئەمربکە، ئەمە هەموو بە مندارەوە چەکی بەملی وەدەکەین و هەتا خینمان لە قالبی دابی شەڕت لەسەر دەکەین! ئیدی بابم ناچابوو واز لە فرۆشتن و بارکردنی لە گەڕەکێ بینی!
ڕۆژەکی لە نووسینگەکی تەلەفۆنیان لۆکردین و گۆتیان: هێوارێ سعات شەش وەرن، ئێکەک لە سوید تەلەفۆنتان لۆدەکا، بابم گۆتی: هەبی و نەبی بازۆیە، ئیشاڵلا دەچین! هێوارە داهات و بابم و داکم و ئەمن و دختۆر شێرۆ چووینە نووسینگەکەی، هەموو قسەیان لەگەر بازۆی کرد، بازۆ داوایکرد قسەی لەگەرمن بکا، شێرۆ تەلەفۆنی بەگێی من وەناو گۆتی: برێ هەلەو! گۆتم: هەلەو! بازۆ لەگەر گێی لە دەنگی منبوو دەستی بەگریانێ کردو هەر چەند کردی نەیتانی قسەی بکا، شێرۆ تەلەفۆنەکەی وەرگرتەوەو خواحافیزی لە بازۆی کردو گەڕاینەوە!
بەیانییەکی لە حەوشێ دانیشتبووین، زەکیەی قادر قرپەستووری هاتە ژۆرێ، گۆتی: لە سبەینێوە ئەوە سێ جار پیکابەکی پڕی چەکدار بە کۆرانێ دابێ، لەپێش مارینگۆ بڕەک ڕادەوەستی و پاشان دەڕوا! بابم مشەوەش بوو، گۆتی: خوا بمانپارێزی، ئەو کابرایە وازمان لێناینی، دیارە بەتەمای چشتەکیە، کەلکی نەماو دەبی لەگەڕەکێ بارکەم، داکم گۆتی: تەواو، هەتا زووە با لێرە بارکەین و خۆ لە گەڕەکەکیدی بزرکەین!
بابم زۆر بەجددی لەدوو خانی دەگەڕا، ڕۆژەکی تڕومبێلەکی ڕێکخراوەکەی مستەر جۆرجی هاتە ماریمە، گۆتی: سبەینێ وەرنە ڕێکخراوەکەمان جیهازەکەی نوێمان لۆهاتیە، بەشکوو کوڕەکەتان ئیستیفادەی لێبکا، بابم گۆتی: بەسەرچاو، سبەینێ دەینێرم!
سبەینێ سعات نۆ دختۆر شێرۆ هات، سواری تڕومبێلی بووین و بەڕێکەتین، هەر گەیشتینە جادەی شێستی و پیکابەکی پڕی چەکدار کەتەدوومان!
دختۆر شێرۆ تەماشا نەینۆکی کردو گۆتی: وابزانم تێکەتین، خوایە فریامان کەوی! گێڕی گۆڕی و پێیلێنا، بە زیکزاک لە بەینی تڕومبێلان دەڕۆیی و دەیوویست خۆی دەربازبکا، پیکابەش وەکی دیتی شێرۆ دەیەوێ خۆی قورتارکا، ئەویش پێیلێناو دەستی بە هۆڕن لێدانێ کردو چەکدارەکان دەستیان لە تڕومبێلان هەردەشەقاند هەتا دوورکەونەوە، شێرۆ دەیوویست هەر کووی هەیە بگاتە عەنکاوەیی خۆی باوێتە ناو ڕێکخراوەکەی مستەر جۆرجی، بەختمان هەبوو لۆریەک کەتە بەینیمەو چەکدارەکان، شێرۆ پێی لێناو لە چەکدارەکان دابڕاین، ئەوەی باشبوو لۆریەکە مەجالی چەکدارەکانی نەدەدا تێپەڕن، چونکە پڕی سەر لۆریەکەش شیشەی سەببەیبوو، پیکابی چەکدارەکان نەدەوێرا زۆر لێی نێزیک بیتەوە، نەوەک شیشەک دەرپەڕی و لۆوان بڕواو کەلوکۆمیان بکا!
شێرۆ تەماشا نەینۆکی تڕومبێلی کردو پاشان تەماشا نەینۆکی لای خۆیکرد، گۆتی: ئۆخەی قورتاربووین، با زوو پێلێنێم، هەتا بگەینە عەنکاوەیی و خۆ ماتکەین، وەکی وەزع هێور بۆوە ئەوجە دەچینەوە مارێ!
گەیشتینە نێزیک فلکەی عەنکاوەیی و ویستمان بسووڕێینەوە، وەختەکی پیکابەکە بەدەرکەتەوەو وەکی تەیارەی لۆمان هات، شێرۆ زەندەقی چوو، گۆتی: وەڵلا ئەو سەگبابانە هاتنەوە، شێرۆ بەنزینی قەپاتکرد و تووند سووکانی تڕومبێلی بادا، هەتا بسوڕێتەوە لۆ عەنکاوە، لۆ تڕومبێل لە دەستی وەرینەگرت، ڕاست بەسەر ڕەسیفی کەت و تووند خۆی بە عاموودەکی دادا، لەویش هەرقۆزیەوەو دایە بەر تەقلان، ئەمن هەتا تەقلەی چارەم ئاگام لەخۆبوو، ئیدی پاشی هەنگی نەمزانی چمان بەسەرهات!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!