قوماش 130
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
تاسام و بەینەکی باش بێدەنگبووم و بەس تەماشای فرمێسکەکانی چاوی هەناریم دەکرد، کە بەڕێژنە دەهاتنە خوارێ، گۆتم: ئەتوو بەڕاستیتە؟ گۆتی: ئەرێوەڵلا، گۆتم: باشە ئەتوو چتگۆ؟ گۆتی: ئەمن ڕاست تاسام و نەمزانی چبرێم، ئەو کوڕەش لە بابی زۆر پیستر و سەگبابترە، دەستی لەسەر دەسکی دەبانچەی دانابوو، زۆر تەئکیدبووم، دەمودەست بمگۆتبا مێردت پێناکەم، یەک گوللەی لە تەختی نیوچەوانی دەدام! پێشیگۆتم: وامەزانە ئەمن نەخیندەوارم ئەمنیش شهادەی شەشی ئیفتیدائیم(ئیبتیدائی)هەیە! زۆر بێتاقەتبووم و نەمزانی چبرێم، گۆتم: بەس تێمبگەینە کوو بەڕێتکرد؟ گۆتی: وەڵلا پێمگۆ دوایێ وەرامت دەدەمەوە، گۆتم: ئەوجە ئەتوو بەرنامەت چیە و بەتەمای چبکەی؟ گۆتی: هەورین قوربانی بەخۆیدا لۆ توو و لۆ زریانی برام، بەران ئەمن هیچ کەسەکم لە دری نییە، ئەگەر هەموو دنیاش کاول بکات و بەسەر ئێکیدا بڕوخێنی، مێردی پێناکەم، گۆتم: دەبی هەورین بەو شتەی زانیبی؟ گۆتی: باوەڕناکەم، بیزانیبا خەبەرەکی دەدامێ، گۆتم: پێموایە زەرورە ئەویش بزانی، گۆتی: بابزانم کوو دەبی، گۆتم: حەزدەکەم هیچ شتەکی نەکەی هەتا پرس بەمن و هەورینی نەکەی، گۆتی: هەر وەدەکەم ئیشاڵلا، بەران حەزدەکەم بزانی ئەمن ئەو سەبرو تەحەمموولەی هەورینم نیە، ئامادەمە هەموو شتەکی بکەم بەس مێرد بەو نەخیندەوارە پیس و دڕندەی نەکەم!
خواحافیزیم کردو هاتمە دەرێ، بە تەواوی ڕووخابووم، ئەتوو بینە بەرچاوت جاشەکی خوێڕی دڕندەی کوردکوژ، ئەوڕۆ هەمان هێزو دەستەراتی هەیەو چی بوێ دەتانی بیکا، زۆر بێتاقەت بووم سەرم برند کردە عاسمانێ و گۆتم: خوایە بە هانامان بێی و لەو خەمەی قورتارمانکەی، فکرم لۆلای بازۆی چوو و گۆتم: بازۆ لەکێندەری، ئەو خەبەرە ناخۆشەی بزانی و ئاگرت تێبەربی و بێی هەزار ئارپێچی بەماری ئەو جاشەی وەنێی!
گەڕامەوە مارێ و بەبێتاقەتی چووم لە ژۆرەکەی خۆم لێڕاکشام، وەختەکی داکم هات و گۆتی: وەرە پارە نانەکی بخۆ، نان داندرایە، هەستامەوەو چوومە حەوشەی، دیتم بابیشم دانیشتیە، سەلامم کرد و دانیشتم، داکم چایەکی لۆ تێکردم و لە پێشی دانام، نانم پێ نەدەخوراو تەواو بێتاقەتبووم، داکم گۆتی: جەرگۆ لۆ نانی ناخۆی؟ بابم گۆتی: هیچ هەیە کوڕم؟ گۆتم: ئەرێوەڵلا، گۆتی: خێر؟ گۆتم: کوڕی ئەو سەرۆک جاشەی ملی لەبەر ملی هەناری نایەو دەرێ دەبی مێردم پێبکەی! بابم پارووەکی لە دەستیبوو، پارووەکەی داناو گۆتی: لاحەولەوەلاقووەتەئیللابیللا! هەر ئەو خەمە مابوو، داکم گۆتی: ئەوجە کوڕم ئەو گیایە ناسکە ئیوەیە لەپێش کەرەکی ئەوها دابندرێ؟ گۆتم: بەرا ئەگەر هات ئەوهایە، بابم گۆتی: هەنار چدەرێ؟ گۆتم: دەرێ پارچە پارچەشم بکەن مێردی پێناکەم، ئەمنیش هەورین نیمە خۆم تەسلیمی چارەنووسەکی ڕەش بکەم!
گۆتم: بە ڕەئی توو ئەو کیژە چبکا باشە؟ بابم گۆتی: ناکرێ ئەوەی وەکی هەورینی تەسلیمی ئەو دڕندەی بکەین، دەبی تەکبیرەکی لێبکەین و قورتاری بکەین، ئەو بەستەزمانە کەسی نەمایە ئەمە نەبی، ئەگەر ڕوحی خۆم لەسەر دانابی، نایێلم ئەو کیژە بچیتە باخەری ئەو دڕندەی، لەو دوو سێ ڕۆژەی دەبی چارەسەرەکی ببینمەوە!
ئەمە لەو قسانە دابووین، دختۆر شێرۆ هاتە ژۆرێ، سەلامی کرد و چاک و چۆنیمان کرد، داکم گۆتی: وەرە دانیشە پارە نانەکی بخۆ، ماستەکی خۆشمان هەیەو هەر زێنەتە بە نانی تیری بیخۆی، شێرۆ گۆتی: زۆر مەمنون، نانم لە خەستەخانەی خواردیە، بەس چایەکم لۆ تێکە مەمنون دەبم، داکم چایەکی یەکڕەنگی لۆ شێرۆی تێکرد و لەپێشی دانا، شێرۆ چایەی تێکدەدا و گۆتی: وەکی جەرگۆم بردە کن ماری برادەرەکەی، سەرەکم لە خەستەخانەی دا، فەخرەدینی برادەرم لۆی گێڕامەوە و گۆتی: وەکی دختۆر فەحسی سەرۆک جاشەکەی دەکرد، ئەمن لەوێ ڕاوەستابووم، دەیگۆتە دختۆری: عیلاجەکم لێبکە زوو نەمرم، هەتا ئەو کوڕەم دەکەمە ولداش زاوای خۆم، دختۆریش گۆتی: کوو دەیکەیە ولداش زاوای خۆت، ئەویش گۆتی: خێزانی سێیەمم خوشکەکی هەیە، ناوی هەنارە و هەر بەڕاستی هەنارە، بەتەمامە لۆ ئەو کوڕەم بینم! وەکی فەخرەدین ئەو قسەی لۆ گێڕامەوە یەکسەر هەورینی قادرەفەندیم بە خەیاری داهات، گۆتم هەبی و نەبی ئەو هەنارە خوشکی هەورینیە، ئەوجە هاتم تەئکید بکەم بزانم وەیە یان نا! بابم گۆتی: ئەرێوەڵلا وەیە دختۆر شێرۆ، هەنار خوشکی هەورینیە و ئەو جاشانە داڵغەیان لێیدایە، شێرۆ گۆتی: دە فەرموو دەی، هەورین نەبڕاوە نۆبەتی هەناریە! وەڵلاهی زولمەکی زۆر گەورەیە، ئەگەر ئەمە لێبگەڕێین ئەو ئیشە ببی، مەعنای وەیە ئەوی ڕوحم و سۆز بی لە درمان دانیە! بابم گۆتی: دەوجە دختۆر شێرۆ ئەتوو هەموو دەمێ حازربە، چونکە ئیشمان بەخۆت و تڕومبێلەکەت دەبی، شێرۆ گۆتی: ئەمن لۆ ئەو چشتانە سەرم پێوەنییە، گۆتم: هەر ئەوە لەتوو چاوەڕێ دەکرێ دختۆر، شێرۆ گۆتیە داکم: دە مادام ئیشەکە ئەوهای لێهات چایەکیدیم لۆ تێکەوە!
سبەینێ دەوری سعات دەی لەگەر دختۆر شێرۆی چوومە عەنکاوەی، گۆتم: با خەبەرەکی بدەمە مستەر جۆرجی کەوا چاکبوویمەوە، بەشکوو فەحسەکیشم بکا، بزانی چابوونەکەم سەتا سەتە یان نا! گەیشتینە عەنکاوەیی و لە تڕومبێلی هاتینە خوارێ و چووینە کن مستەر جۆرجی، هەر چاوی بەمن کەت زانی گۆڕانکارییەکم بەسەر داهاتیە، لۆیێ بە زەردەخەنەی پێشوازی لێکردم، ئەمنیش شتەکەم لۆ باسکرد، زۆری کەیف پێهات و درخۆشی خۆی دەربڕی، گۆتی: جیهازەکی نوێمان لۆ هاتیە، وەرە با فەحست بکەم، چووینە ژۆری جیهازەکەیی و فەحسەکی هوردی لۆکردم، گۆتی: تەندروستیت زۆر باشەو هوردە هوردە بەرەو باشتریش دەچی، ئەو حەبەشت دەدەمێ، ئەگەر هەستت بە ئازاری سەرت کرد بیخۆ، حەبەکەم لێ وەرگرت و زۆر مەمنونی بووم، گۆتم: ئاگات لە بازۆی نییە؟ گۆتی: زوو زوو تەلەفۆن دەکاو باشە، گۆتم: فاکستان هەیە؟ گۆتی: بەرێ! ئەمنیش نامەکم لە بەڕکم دەرهیناو گۆتم: دەکرێ ئەو نامەی لۆ بنێری؟ گۆتی: وەی بە چاوان، ئەوڕۆعەسرێ لۆی دەنێرم! زۆر سوپاسی مستەر جۆرجم کرد و خواحافیزیم لێکرد، گۆتی: جارجار دیاربە با بتبینم، گۆتم: وەی بەچاوان! ئیدی سواری تڕومبێلی بووین و لەگەر دختۆر شێرۆی گەڕاینەوە لای مارێ، ئەمە گەیشتینەوە پێش دەرکەیی و سەفینیش لەگەمە گەیشتە پێش دەرکەی!
لە تڕومبێلی هاتینە خوارێ و سەلاممان لە سەفینی کرد و چاک و چۆنیمان کرد، دختۆر شێرۆ ڕۆیی لۆ لای تەواری و گۆتمە سەفینی بابچینە ژۆرێ دانیشین، گۆتی: ناوەڵلا با هوردە هوردە پیاسەی بکەین و دوو قسەش لە کووشتنی ئەو سەرۆک جاشەی بکەین، گۆتم: زۆر باشە! دەستمان بە پیاسەی کردو گۆتی: ئەمن دەتانم هاوکاریت بکەم و ئەو میکرۆبەت لەکۆر بکەمەوە، بەس ئەتوو دەبی یەکچشتی بکەی، گۆتم: چیە؟ گۆتی: ئەوشەوی بەسەری دادەدەم نابی هەورین لەوێبی، نەکوو بەبەر بکەوی، گۆتم: باشە نابی لەرێیێ لێیدەی؟ گۆتی: دائیم چار پێنج تڕومبێلی لەدووە، ئاسان نیە لێیدەم، لەوانەیە تووشی کێشەکی ببین، گۆتم: کەنگی ئیشەکەی دەکەی؟ گۆتی: ئەگەر ئەتوو تەبلیغی هەورینی بکەی، سبەی شەوێ لێیدەدەم! گۆتم: چەند کەسن؟ گۆتی: پێنج! گۆتم: برێ شەش، گۆتی: لۆ؟ گۆتم: ئەمنیش دێم، زۆر زۆر تێدەچم، ئەگەر ئەو دڕندە لەناوبچی، ئەمن نەشمینێم کێشە نیە! گۆتی: پێویست ناکا ئەتوو بێی، گۆتم: هەردێم! گۆتی: زۆر باشەو هەر لە ئێستاوە دەست بەکاربە!
سەفین خواحافیزی کرد و ئەمنیش یەکسەر ڕۆیشتم لۆ مارێ قادرەفەندی ڕەحمەتی، لەگەر هەناری دانیشتم و گۆتم: لۆ دوو ئیشی هاتیمە، ئێک؛ برێ هەورینی سبەی شەوێ بێتە مارینگۆو لە ماری ئەو جاشەی نەمینێ، دووش؛ ئەتوو حازربە، هەر وەختی گۆتم: یاڵلا بابڕۆین، دەڕۆین! گۆتی: ئەمن کێوە دەبی؟ گۆتم: ناتەوێ قورتاربی لە دەست ئەو جاشە پیسەی؟ گۆتی: با، گۆتم: تەواو ئەمن قورتارت دەکەم، گۆتی: ئەو خوشک و برایانە کوو بەجێبێلم؟ بەینەکی دامام، دوایێ گۆتم: ئەوانیش دەبەین و کەس بەجێنایێلین! گۆتی: زۆر باشە، ئەمن وا تەلەفۆن لۆ هەورینی دەکەم سبەی شەوێ بێتە ئێرە، گۆتم: زۆر باشە، ئیدی خواحافیزیم لە هەناری کردو گەڕامەوە مارێ!
لەسە نانی دانیشتبووین، گۆتمە بابم: چشتەکم بەخەیاری داهاتیە! گۆتی: برێ، گۆتم: پێت کووە هەناری قورتارکەین؟ گۆتی: چشتەکی باشە، بەس بیبەینە کێ؟ گۆتم: ماری مام ڕەسوری لاسەی، لە شەقراوەی، گۆتی: ئەشەدەن و بیللا فکرەکی باشە، هەتا زووە با ئەو ئیشەی بکەین، گۆتم: بەران هەنار ناتانی خوشک و برایەکانی بەجێبێلی، پێمگۆ هەمووان دەبەینەوێ هەتا لایەک بەلایەکی دەبی، بابم گۆتی: زۆر باشە، ئەمن تەئکیدم دەرکەی ماری مام ڕەسوری برادەرم لەسەر پشتێیە!
ڕۆژی پاشی، پاش مەغریبێ گۆتمە داک و بابم بڕەکم ئیش هەیەو ئەوشۆ نایێمەوە، گۆتیان کێوە دەچی؟ گۆتم: دەچمە کن سەفینی برادەرم و ئەوشۆ لەوێ دەبم، گۆتیان زۆر باشە، بەس ئاگات لەخۆبی! خواحافیزیم لێکردن و چوومە دەرێ.
سواری تەکسیەکی بووم و چوومە ماری سەفینی، ئەوان تەلەفۆنیان هەبوو، تەلەفۆنەکم لۆ هەناری کرد، گۆتم: چ هەیە، چنییە؟ گۆتی: وەزع باشەو ئیشی خۆت بکە! زانیم مەخسەدی ئەوەبوو، هەورین لەکنەوانە، گۆتمە سەفینی: تەواو ئیشەکە تەرتیب بووە، گۆتی: زۆر باشە، دەوری سعات سێی شەوێ بەڕێ دەکەوین!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!