ناو: بەیان
نازناو: بۆمبا
ناوی باوک: مەحموود
ساڵی لەدایکبوون: 1965
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
خانمە ئەکتەری کۆمێدی، بەیان مەحموود عەلی ناسراو بە (بەیان بۆمبا) ، ساڵی 1965 لە گەڕەکی کانی ئاسکانی شاری سلێمانی لە دایک بووە، بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی تەواوکردووە، لە ئێستاشدا (2019) خوێندکاری بەشی سینەمایە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان و سەرپەرشتیاری هونەرییە لە چالاکیی خوێندنگەکانی سلێمانی.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2022/414239/0002.JPG=KTML_Photo_Alt=بەیان بۆمبا=KTML_Style=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2022/414239/0002.JPG=KTML_Photo_End=
نازناوی بۆمبا لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە، ساڵی 1923 لە کاتی ناکۆکیی لەنێوان شێخ مەحموودی حەفید و ئینگلیزەکان، داوا لە خەڵکی شاری سلێمانی کراوە، کە شار چۆڵ بکەن، چونکە شاری سلێمانی بۆردوومان دەکرێت، لە کاتێکدا، کە مەحموودی باوکی بەیان لەدایکبووە، یەکەم تۆپ لە ماڵی حەپسە خانی نەقیبی داوە، لەو کاتەدا مامانەکە هاوار دەکات و دەڵێت ‘ئەرێ وەڵڵا خولە بۆمبا لەدایکبوو’، ئیدی بۆمبا دەبێتە ناسناوی مەحموود و دواتریش خانەوادەکەی.
سەرەتای کارە هونەرییەکانی بەیان بۆمبا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1974، کە لە پۆلی سێیەمی سەرەتایی بەشداریی چالاکییەکانی خوێندنگەکەیانی کردووە و نواندنی کردووە، ئیدی لەگەڵ هونەردا گەورە دەبێت و دواتریش بەشێوەی ئەکادیمیی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان شانۆ دەخوێنێت و بەشداریی دەیان شانۆ، دراما و فیلم دەکات.
نواندن بۆ بەیان بۆمبا ئاسان نەبووە، بەڵکوو وەک هەر ژنێکی دیکە ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکانی کۆمەڵگە بووەتەوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت (بۆ گەیشتن بە ئێستا شۆڕشی کردووە) ، لەو بارەیەشەوە دەڵێت: (هونەر و ڕاگەیاندن و هەر بوارێکی تری دەرکەوتن بۆ ژن لە کوردستان زۆر قوورسە، چونکە هێشتا کۆمەڵگە دان نانێت بە تواناکانی ژناندا) .
بۆمبا، تیشک دەخاتە سەر ڕوانینی پیاوی کورد بۆ ئەکتەری ژن و دەڵێت: پیاوی کورد وا دەزانێت، ژنی ئەکتەر پەیوەندیی سۆزداریی لەگەڵ هەموو پیاواندا هەیە، بەڵام پێچەوانەی ئەمە درووستە و ژنانی هونەرمەند زۆر ئاگاداری مامەڵە و ناوبانگیان دەبن.
ئەگەرچی بەهۆی هونەرەکەیەوە بەیان بۆمبا ڕووبەڕووی ئازارێکی زۆر بووەتەوە، بەڵام وەک ئەکتەرێکی دیاری بواری کۆمیدیایە و بە نواندنە بەزمە سا تەکانی هەم لە مەرگەساتەکانی ژیانی خۆی دوور دەکەوێتەوە و هەمیش بە خەندەوە ئەو پەیامەی پێیەتی دەیگەیەنێتە کۆمەڵگە.
ئەو هونەرمەندە، زۆر جار ڕۆڵی کەسێک دەبینێت، کە ‘قسە دەهێنێت و دەیبات’، بۆ زانینی هۆکارەکەی ڕۆژنیوز پرسیاری کرد و ئەویش وتی: دەمەوێت بە کۆمەڵگە بڵێم ئەمە ڕەفتارێکی ناشیرین و خراپە و پێویستە نەمێنێت.
درامای گەردەلوول، لە دەرهێنانی جەلیل زەنگەنە یەکێک بوو لەو درامایانەی کە هەلی بەناوبانگ بوونی بۆ زۆر ئەکتەر ڕەخساند، و بەیان بۆمباش یەکێکە لەو ئەکتەرانەی کە گەردەلوول زیاتر بە خەڵکی ناساند.
وەک خۆی باسی دەکات، بۆمبا بەر لە بەشداریکردن لە هەر فیلم، دراما یان شانۆیەک، هەڵسەنگاندن بۆ دەقەکە دەکات، پاشان بڕیاری کارکردن دەدات، ئەگەر دەقێک یان ستافێکی پێ گونجاو نەبێت، ئەوا ئامادە نییە کاریان لەگەڵ بکات.
ئەو هونەرمەندە بە گشتیی لە 85 کاری شانۆ، دراما و فیلم-دا بەشداریی کردووە بە نموونە، شانۆکانی (گەڕان بە دوای دەستگیرانداریی، مێوژی بەرخۆر، هێشتا قسەکانمان تەواو نەکردووە، میراتیی، موختار و ژنانی گەڕەک، بەنی عێز، قەرەج…هتد) هەروەها (گەردەلوول، ڕۆژژمێری شارێک، سایە، سەراب، پرۆفیشاڵ، پەتریپۆت) چەند نموونەیەکی ئەو درامایانەن، کە بەیان بەشداریی تێدا کردووە، لە کوورتە فیلمی (دنیا و دەلاک) ، هەروەها فیلمی درێژی (کێوی دڵ، دڵی سوور) -یش دا بەشداریی کردووە و لە ئێستاشدا سەرقاڵی کوورتە فیلمێکە بە ناوی (ئاهەنگ) .
بەیان بۆمبا پەیام بۆ ژنانی چوار پارچەی کوردستان دەنێرێت، کە ئەو خولیایەی هەیانە کاری بۆ بکەن و لە هیچ شتێک نەترسن.[1]