داڕمانی دیواری (ئیچ قەڵا) و ونبوونی لاپەڕەیەکی مێژوو
عەبدولڕەزاق مەمەندی
(ئیچ قەڵا) قەلایەکی گرنگی شوێنەوارییە و لەسەر گردێک دروست کراوە لەباکووری ڕواندز بە دووری (1500)م ڕوبەری بینایەی 19م پانە و 22م درێژە کە دەکاتە 418 م2 لەسەردەمی میرنشینی سۆران لەسەر دەستی میر محەمەد ناسراو بە (پاشای کۆرە) دروست کراوە بۆ مەبەستی سەربازی و بەرگری کردن لە ڕواندز و کۆنترۆڵ کردنی ڕێگا سەرەکیەکان هەندێ پاشماوەکانی ماوە وەک بناغە و بەشێک لە دیواری لای دەرگای باکوور , مەبەستی باسەکەمان زیاتر ئەم دیوارەیە کە ماوە بە بەرزی 5م و درێژی 12م و بە بەرینی (50سم) بە بەردو قسڵ و گێچ دروستکراوە و بەشی دەرەوەی ڕووپۆش کراوە بەردی ڕەش بە قەبارەی جیاواز و ناوەوەی بە وردە بەردو قسڵ پڕ کراوەتەوە, بەڵام بەهۆی کۆنی و گۆڕانکاری کەش و هەواو شەڕەکان زیانی زۆری پێگەیشتووە کە ڕوپۆشی دیوارەکە نەماوە لە بەشی خوارەوە تا نیوەی بەشی سەرەوە و دیوارەکەش چەند پلەیەک بەلای باکوور لاربۆتەوە ئەوەش وادەکات کە بەشی سەرەوەی دیوارەکە قورس تربێت مەترسی داڕمانی لێدەکرێت بەتایبەت لە وەرزی ئێستای زستاندا چونکە هیچ کات نۆژەن نەکراوەتەوە بۆیە پێویستە بە زووترین کات ئەسکەلە و ڕاگری کاتی بۆ بکرێت وبەشی سەرەوەشی دا ببپۆشرێت ئەگەرنا پێشبینی دەکەم لە داڕمان نزیک بۆتەوە, دەمەوێ ئاماژە بە هەوڵ و کۆششی بنکەی شوێنەواری سۆران و قایمقامیەتی ڕواندز وسۆران بدەم کە ویستویان ڕاگر و ئەسکەلەی بۆ بکەن بەڵام بەهۆی نەبونی بودجەوە نەیانتوانیوە ڕاگری بۆ بکەن, کە پارەیەکی زۆریشی تێناچێت , بۆئەوەی خوێنەرانی بەڕێز لەگرنگی ئەم دیوارە بزانن لە ڕوی مێژوویەوە پێویستە ئاماژەیەک بە مێژوی میر محەمەد و شێوازەکانی دروست کردنی قەڵا و بورجەکانی بدەم ,ناوی محەمەد پاشای ڕواندز کوڕی مستەفا بەگ ی کوڕی ئۆغز بەگ ی کوڕی ئەحمەد بەگە و ناسراوە بە (پاشای کۆرە)لەدوای باوکی بوو بە فەرمان ڕوای میرنشینی سۆران لە ساڵی (1813 ز)دا نازناوی پاشایەتی لەلایەن والی ی بەغداوە (عەلی ڕەزا پاشا) پێبەخشرا, میرمحەمەد پاشا لەڕووی کارگێڕیەوە چەند ئەنجومەنێکی هەبووە بۆ ڕێکخستن و سەرپەرشتی کردنی کاروبارەکانی میرنشینەکەی, وەک ئەنجومەنی سەروەری و سەربازی و لیژنەی زانایان و لیژنەی بنیاتنان و دروستکردنی قەڵا و شورەوپرد و ڕێگاوبان ولیژنەی بازرگانی هتد.. لە ڕووی سەربازی یەوە میر محەمەد ویستی مەڵبەندەکەی بە هێزبکات بە دروست کردنی قەڵایەکی گەورە لە باکووری ڕواندز لە بەرزایەکدا ئینجا پڕی کرد لە هێز و چەک تەقەمەنی و دووبارە شورەی ڕواندزی نۆژەنکردەوە و دوو تاوەری ئاگادارکردنەوەی بۆ پاراستنی ڕواندز دروست کرد. زۆر بنکە و قەڵای تری دروست کرد لە ناوچە جیاجیاکانی میرنشینەکەی ژمارەی سەربازەکانی زیاد کرد لە سوپایەکی گەورەی نیزامی دەچوو لە پیادە و سوارچاک کە بریتی بوو لە نزیکەی (30)هەزار سەرباز, بۆ دابین کردنی چەک و تەقەمەنی بۆ سوپاکەی کارگەی دروستکردنی چەکی دامەزراند, خەنجەر و شیر و جۆرێک لە دەمانچەو چەندین لولە تۆپی دروست کرد, دواتر دەستی کرد بە دروستکردنی بینایەی بارەگای میر و کاربەدەستان و چەند مزگەوت و قوتابخانەی بنیادنا هەروەها زیاتر لە (15) پردی دروست کرد, (9) پردیان لەسەر ڕوباری ڕواندز ئەوانیش (پردی ڕواندز,خەلکان, هەوارەکۆن وارەکەون, چۆمەریخن, بەرسرین, ئۆمەراوە, ناوپردان , دەربەندی شیوەزوور, ڕایت). دوو پردیش لەسەر ڕوباری بالوک و ڕوباری سمیلان) پردێکیش لەسەر (چۆمی باڵەکیان) بنیادنا, هەروەها لەسەر (چۆمی بەرازگر) پردێکی قایم و لەسەر (چۆمی خەلیفان) لەدەمی (گەلی عەلی بەگ) پردێک و لە (ئاشی ئاودەل ئاغا)پردێکی دروست کرد, کە بەشێوەیەکی ئەندازەیی جوان و هونەری بنیات نرابون, هەروەها ئاوی بە جۆگە لە گەلی مێگرەوە ڕاکێشا بۆ ناو ڕواندز, لەگەڵ هێنانی ئاو لە گوندی ڕەبەنۆک لە چیای زۆزک بۆ ناو قەلای سەربازی ئیچ قەڵای ئێستا بە بۆڕی (گلێنەیی قوڕی سورکراوە), خەڵکی سۆران و ڕواندز بەشێکیان دەزانن کە تا ساڵەکانی 1994و1996 ئاوەکە وەک خۆی مابوو بەڵام بەهۆی فراوانبونی سۆران و لێدانی ڕێگاوبان و دروست کردنی پڕۆژەکان ئاوەکە وشکبو ونەما.
لە میرنشینی سۆران گرنگییەکی زۆر بە بواری ئابوری دراوە, ئەوکات لە نێو کۆمەڵی کوردەواری سۆران دا سێ چینی جیاواز هەبون, لاوازترین چین لەمانە جوتیار و شوانکارەکان بوون کە مەڕوماڵاتیان بە خێو دەکرد بەڵام چینی دووەم ئەوانە بوون بەشێوەیەکی تایبەتی کە لە شار دەژیان وەکو شاری ڕواندز ئەمانەش پیشەوەرەکان و ئەو کەسانەی دەگرتەوە کە بە ئیش و کاری کڕین فرۆشتنەوە خەریک بوون, ئەم چین و توێژە ژیان و گوزەرانیان لە چینی جوتیار باشتر بوو تێر و پڕ تربوون, هەرچی چینی باڵادەستە بریتیبوون لە بنەماڵەی میر و دەستەیەک لە زاناو سەرۆک هۆزەکان و دەوروبەری میر,
ئەوکات دزی وچەتەیی و بەشەو بەسەر یەکتر دادان و بەتاڵان بردنی سەروەت سامان و مەڕوماڵات هەبووە لە دەوروبەری شارەکان هەم لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و تاڕادەیەکیش لە ژێر دەستەڵاتی میرەکان دیاردەیەکی باوبوە, بەڵام بەپێی سەرچاوەکان میر محەمەد هەر زوو بەشێوەیەکی بێ بەزەییانە کەوتە گیانی ئەم کەسانە و چەندین شوێن و بنکەو قەڵای چاودێری بازرگانی لەسەر ڕێگا بازرگانیەکان دروست کرد بۆ سەلامەتی کاروانچی وکاروانە بارزگانیەکان و هێنانەدی ئەمن و ئاسایش لە ژیانی ئابووری کە بووە هۆی زۆر بوونی بازرگانی وگەشەکردنی کشتوکاڵ وپێشکەوتنی پیشەسازی.
لەبەرئەوەی کشتوکاڵ سەرچاوەی ئابوری ئەوکات بوو بۆیە میر محەمەد گرنگی زۆری پێداوە بەتایبەتی دوای دەست گرتنی بەسەر هەولێر و کۆیە و ئاکرێ و ئامێدی و شێخان, لەبەر دەوڵەمەندی زەوی ئەم ناوچانە بە زەوی بەپێی کشتوکاڵی و بەرهەمی زۆر, کاتێک وەرزی دروێنە دەهات نیوەی سوپاکەی تەرخان دەکرد بۆ ئەم مەبەستە وچەندین جۆگەی دروست کرد وزەوی زۆری بوژاندەوە, چەندین کەسی دامەزراند بۆ سەرپەرشتی کار و چاودێری بۆ مەسەلەی ئاودێری و ئەو جۆگانەی کە ئاویان پێدادەڕۆیشت, هەروەها پشتبەستن بە سەرچاوەکانی ئابووری ناوچەیی دیوێکی تری سەرکەوتنی میرنشینەکەی بوو, بۆ کەل وپەل وپێوستییەکان کەمتر لە دەوروبەر هاوردەیان دەکرد بەڵکو خۆیان زۆربەی پێداویستییەکانیان بەرهەم دەهێنا, بە پێی سەرچاوەکان بازرگانە بیانیەکان لە موسڵ وبەغدا وحەلەب ودیمەشق وئەستەنبۆڵ دەهاتنە میر نشینی سۆران بۆ کڕینی مەڕوماڵات وپێستە وتوتن, لە هەمان سەردەمدا نیشانەی باشتربوونی ژیانی ئابووری وکۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی ئاشکرا دەرکەوت پاش ئەوەی ئارامی و ئاسایش بەرقەرابوو وسنورێک بۆ ڕوداوەکانی ڕوتکردنەوەی کاروانچی وکاروانە بازرگانەکان داندرا, لەسەردەمی میرمحەمەد حەوت جۆر دراو هەبوو کە خۆیان لە سکەیان دابو ودروستیان کردبوو, دراوەکانیش بریتیبون لە (یوزلغ) پازدەقروش بوو,(ڕیال) پازدەقروش بوو , (تەنگیر) چوارقروش بوو,(جلق) سێ چارەک قروش بوو,(خودابەندە)چارێگە قروشێک بوو, (شایی) نیوچارەک قروش بوو, هەروەها (سەد)قروش لەم دراوانەدا بەرامبەر لیرەیەکی زێڕی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو, ئەو دراوانەش هەندێک لە زێڕ وهەندێک لە زیو و مس دروستکرابوون, بەپێی سەرچاوەکان لەسەر هەندێک لە دراوەکان نووسرابوو (الامیرالمنصور محمد بگ), لە دوای (23)ساڵ فەرمان ڕەوایی میرمحەمەد بە فەرمانی سوڵتانی عوسمانی لە کاتی گەرانەوەی لە تورکیا لە ساڵی1836 کوژراوە. ئیتر زۆر لایەن ودیوی تری سەردەمی میر محەمەد ماوە باسی بکەین بەڵام ئەوەندە کیفایەتە بۆ ئەوەی گرنگی شوێنەوارەکانی بزانین و نۆژەنیان بکەینەوەو بیان پارێزین بەلایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی یەوە.
پێکەوە هەندێ لایەنی ئەرێنی دووسەد ساڵ لەمەوبەر پەراورد بکەین بەتایبەتی لە بواری ئابوورییەوە, هەندێ پرسیاربکەین, بۆچی ئەوکات توانیویانە چەک و جبەخانە ودۆزینەوەی کانزا ولێدانی سکە و دراو بەسەرکەوتوی ئەنجام بدەن؟ بەڵام ئێستاکە ئێمە ناتوانین ئەو کۆنە نایلۆن و دەبە ئاوانە لە ڕێگەی کارگەیەکی بچوکی خۆماڵی یەوە بتاوێنینەوە وهەندێ مەسینەی لێ دروست بکەین و بیخەینە ناو بازاڕەکانی خۆمان نەوەک چاوەڕێی ئیران و تورکیا بکەین تا بۆمان دێت, ئەی ئەگەر چەند دۆنمێک لەو زەویانەی دابەش دەکرێت بەناوی پڕۆژەو شتی تر بکرێت بە سەوزایی لە جۆرەکانی (کەرەوز وتەڕەتولە وپیاز وتور؟ بەشی سۆران و ڕواندز ناکات؟.[1]