پزیشکێکی دەروونی ئاماژە بەوە دەدات: ”گوێی مەدێ، دونیا فشەیه، ژنەکی بینە چاک دەبیت، جەوەکی بگۆڕە چاک دەبی، چاووزار لێی دای، خۆت بەقوەت کە ئەوها نابی، لەوگۆڕەی دڵی خۆت توند کردیيە، سحر و جادووت لێ کرایه، لە چت کەمە، ئه و قسانه نابەرپرسانە فڕێ دەدرێن و گرفتەکە قووڵتر دەکەن، هەرچەندە مەرج نییە کەسی قسەکەر بە نیەتی خراپ بیانکات“.
پزیشکێکی دەروونی ئاماژە بە نەخۆشیی خەمۆکی دەکات و نیشانەکان و چارەسەرییەکانی دیار دەکات، پێویستە نەخۆش چارەسەریی دەروونی لای پزیشک وەربگرێت و جەختیش لەوە دەکاتەوە، ئەو کەسەی تووشی ئەو نەخۆشییە دەبێت، لە بێدەسەڵاتی و لاوازی نییە، خەتای خۆی نییە و بەئەنقەست واناکات، بەڵکوو کۆمەڵێک گۆڕانکاریی کیمیایی ئاڵۆز لە مێشکیدا ڕوو دەدەن و لە دەرەوەی ویست و توانا و دەسەڵاتی ئەودایە.
د. ئیبراهیم محەمەد گەردی، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، لە دیمانەیەکی (باسنیوز)دا، باس لە نەخۆشیی دەروونی و خەمۆکی دەکات، بەتایبەت ئەو نەخۆشانەی، کە سەردانی دەکەن و نەخۆشیی دەروونییان هەیە، ئاماژە بە گوتەکانیان دەدات، کە زۆربەیان هاوشێوەن و دەڵێت: ”هەموویان قسەکانیان وەک یەکە، بۆ نموونە، دڵم توندە، وەک جاران تام لە هیچ شتێک ناکەم، خه و و خواردنم نەماوه، زۆر بێ جەوم، جەنابی دکتۆر چ بکەم؟“.
ئەو پزیشکە دەروونییە، ئەوە دەخاتە ڕوو، کە دەکرێ لە ڕۆژێکدا دڵمان توند بێ و ڕۆژێکی دیکە دڵمان خۆش و ئاسایی بێ، بەڵام خەمۆکی جیاوازە، خەمۆکی دەردە، پشێوی و تەنگژەیە، بۆیە ئەگەر دڵتوندییەکەی لە ڕادەبەدەر بێ، بە جۆرێک کار بکاتە سەر کار و چالاکیی ڕۆژانە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، یاخود ئەگەر دڵتوندیی بەردەوام بێ و درێژە بکێشێ و کاری ڕۆژێک و دوان نەبێت، بەڵکوو بە هەفته و مانگ بەردەوام بێت، ئەوکاتە پێویستە سەردانی پزیشکی دەروونیی بکرێت و چارەسەر وەربگرێت.
ئەو پزیشکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە خەمۆکی چەندین نیشانەی هەیە، بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و دیاریکردنی چارەسەری، دەڵێت: ”ئەو نەخۆشییە نۆ نیشانەی هەن، لەو نۆ نیشانەیە، کەسەکە دەبێت بە لانی کەمەوە پێنج نیشانەی تێدا بێت، نیشانەکانیش وەک: دڵتوندیی بەردەوام، لەدەستدانی چێژوەرگرتن له و شتانەی پێشتر چێژبەخش بوون، تێکچوونی خەو، تێکچوونی ئارەزووی خواردن، بێهێزی و هەستکردن بە ماندووبوونی بەردەوام، هەژان یان کپبوونی جووڵەی دەروونی (هەژان یان خاوی لە بیرکردنەوە و قسەکردن و ڕەفتار، وەک قینچکە تەنگی، چیکڵدانە تەنگی، خل و خاوی، هەروەها بێ هیوایی و ڕەشبینی، یا هەستکردنی بەردەوام بە تاوان و خۆسەرکۆنەکردن، کەمبوونەوەی تەرکیز و زوو شت لەبیرکردن، لەگەڵ بیرکردنەوە لە مردن و خۆکوژی“.
بۆیە د. ئیبراهیم جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لانی کەم کەسی تووشبوو بە خەمۆکی دەبێت پێنج لەو نیشانانەی تێدا بێت، ئەو نیشانانەش ببنە مایەی پەککەوتنی بەرچاوی لایەنی کۆمەڵایەتی و پیشەیی ئەو کەسە، هەروەها ئه و کۆمەڵە نیشانە دەرەنجامی نەخۆشییەکی جەستەیی نەبن، بۆ نموونە، وەک تەمبەڵیی ڕژێنەدەرەقی، کەمخوێنی، یاخود ئه و کۆمەڵە نیشانە دەرەنجامی خراپ بەکارهێنانی هیچ ماددە و دەرمانێک نەبن، هاوکات ئەو نیشانانە پەیوەندییان بە نیشانەکانی دیکەی دەروونی وەک شیزۆفرینیاوە نەبێت.
ئەو پزیشکە ڕۆژانە لە نۆرینگەکەی خۆی چاوی بە چەندین نەخۆش دەکەوێت، وەک باس دەکات، کاتێ گوێ لە نەخۆشەکان دەگرێت، هەندێک قسەی باو هەیە بە نەخۆشەکان دەگوترێت، وەک ”گوێی مەدێ، دونیا فشەیه، ژنەکی بینە چاک دەبیت، ، جەوەکی بگۆڕە چاک دەبی، چاووزار لێی دای، خۆت بەقوەت کە ئەوها نابی، له و گۆڕەی دڵی خۆت توند کردییە، سحر و جادووت لێ کرایه، لە چیت کەمە.. ئه و قسانە، کە نابەرپرسانە فڕێ دەدرێن، گرفتەکە قووڵتر دەکەن، هەرچەندە مەرج نییە کەسی قسەکەر بە نیەتی خراپ بیانکات“.
د. ئیبراهیم محەمەد گەردی، ڕوو لە نەخۆش و تووشبوانی نەخۆشیی دەروونی دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە نەخۆشیی خەمۆکی، بێ دەسەڵاتی و لاوازی نییە و دەڵێت: ”خەتای خۆت نییه و بەئەنقەست وا ناکەی، بەڵکوو کۆمەڵێک گۆڕانکاریی کیمیایی ئاڵۆز لە مێشکتدا ڕوویان داوە و لە دەرەوەی ویست و توانا و دەسەڵاتی تۆدان“. بۆیە پێی وایە، هیچ کەس بەقەد کەسەکە خۆی خۆش ناوێت و لە خۆی تێ ناگا، ”هیچ کەس بەقەد خۆت خەمی تەندروستی و دەرووندروستیی تۆی نییە، شەرم مەکە، مەترسە، سەردانی کەسی شارەزا و پسپۆر بکە، بەتایبەت لە کاتی هەبوونی ئەم نیشانانە، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ورد و چارەسەری پێویست“.
ئەو پزیشکە دەروونییە، دووبارە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە کەسی تووشبوو، خودی خۆی چارەسەرە بۆ خۆی، هەموو کەسێک دەبێت خۆی خۆش بوێت، ”ئەگەر ئەو نیشانانەت هەبوو، پێویستە ڕاوێژ بە پزیشکی دەروونی بکەیت، مەرج نییە چارەسەر و دەرمانت بۆ بنووسرێت، زۆرجار کەمیی ڤیتامین دەبێتە هۆی خەمۆکی، ئەوەش بە نەخۆشیی دەروونی داناندرێت، بەڵکوو هۆکارەکە جەستەییە، بۆیە نابێت کەس شەرم بکات، لەوکاتانە خۆت خۆش بوێت و سەردانی پزیشک بکە“.
بە قسەی د. ئیبراهیم، ئافرەتان زیاتر تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن، تا پیاوێک تووشی خەمۆکی دەبێت، چوار بۆ پێنج ئافرەت تووش دەبن، هەروەها تەمەنیش ڕۆڵی لەو نەخۆشییەدا هەیە، بەتەمەنەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، هەروەها ئەوانەی باری داراییان باش نییە، زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی و نەخۆشییە دەروونییەکان هەیە، ”جیاوازیی نەخۆشیی دەروونی بە گوێرەی ناوچە گەرم و ساردەکانیش دەگۆڕێت، ژینگەش کاریگەریی لەسەر نەخۆشییەکە هەیە، کۆمەڵگەش کاریگەریی خۆی هەیە“.
ئەو پزیشکە دەروونییە، لە نۆرینگەکەیدا ڕۆژانە چەندین نەخۆش دەبینێت، نایشارێتەوە، کە ئەو نەخۆشانە هەندێک جار چارەسەری بنەڕەتییان نییە، دەشڵێت: ”نەخۆشییەکە پێویستی بە لایەنی ئایینیی ڕاست و دروست هەیە، نەک کەسێک بەناوی ئایینەوە بڵێ چارەسەری دەکەم، ئێمە لە هەموو کات بۆ نەخۆش پێویستمان بە پشتگیریی خێزان، کۆمەڵایەتی و ئایینی هەیە، دەبێ خێزانەکە نەخۆشەکە قبووڵ بکات، پیاوێکی ئایینی ڕۆڵی زۆرە و پێویستە لە گوتارەکانی باس بکات، کە چۆن ڕێز لە کەسی نەخۆش بگیرێت، نەک وێنە و ڤیدیۆیان بڵاو بکرێتەوە، پێویستمان بەو جۆرە پشتگیرییە ئایینییانە هەیە، بەڵام پێویستمان بەوە نییە نەخۆش نوشتەی بۆ بکرێت، بەڵکوو لەو کاتەیە پێویستە چارەسەری پزیشکیی بۆ بکرێت، چونکە هیچ نەخۆشییەک بە نوشتە و جادوو چارەسەر ناکرێت“.[1]