بارانی جێنیوەری
#کاروان محەمەد فەتاح#
(ئەوە بۆچی دایکم، لەگەڵ خۆراوابووندا ناتوانێت یەک وشە بڵێت و لە ڕۆژدا عەیبی نییە؟) ئەمە ئەو پرسیارەیە لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا، کە دایکی هەواڵی مەرگی (عەلی) ی برای پێ دەگات و دواتریش بەسەر لەیدییەوە دەمرێت، بەردەوام لەناو سەری ئۆسکاردا دەخولێتەوە.
کاتێک ماڵی باپیری (باوکی دایکی) لە شارێکی ترەوە دەگەن، لەیدی لەناو باخچەکەدا جۆلانێ دەکات. (دوای مردنی ئۆسکاری برای، وا باشترە لەیدی لێرە نەمێنێتەوە و ڕێگەی بدە لەگەڵ ئێمەدا بژی.) پێش ئەوەی بێن، ئەمە بە باوکی دەڵێن و ئەویش بە داواکەیان ڕازی دەبێت. باپیری کێشەی لەگەڵ ناوەکەیدا هەیە و نازانێت بڵێ لەیدی، دەڵێت لەیلی. باوکی ئەو ناوەی لێ ناوە.
یەکەم بەفری ساڵی نوێ دای کرد. ڕۆژێک دواتر بارانی جێنیوەری. شۆفێرەکان لایتی ئۆتۆمۆبیلەکانیان پێ دەکەن و ئێمە شەوقی لایتەکان لەسەر شەقامە تەڕەکە دەبینین. هەر چوارلای ترافیکەکە بە هۆتێل و ئاپارتمانی بەرزبەرز دەورە دراوە. لەناو پاسەکەدا چاوەڕێی ترافیکین سەوز بێت. بارانەکە هەر دەبارێ. شۆفێرەکان لە پشتی جامەکانەوە بە تەڵخی دەبینرێن. هەڵمی سەر جامەکە دەسڕم. لەلای ڕاستەوە دوو کچ دەچنە تاکسییەکەوە. لە ڕادیۆی پاسەکەوە گوێمان لە ‹ئەی بارانە و بارانە› دەبێت. خشانی تایەی ئۆتۆمۆبیل و هۆڕنێکی بەرز ناچارم دەکات جارێکی تر هەڵمی سەر جامەکە بسڕمەوە. جارێکی تر هەڵمی سەر جامەکە دەسڕمەوە. منداڵێکی کلێنکسفرۆش لەسەر شەقامەکە کەوتووە. خێرا دەچمە سەری، تاساوە. لە باوەشی دەکەم و دەیخەمە ناو تاکسییەکەوە. باران نایلۆنی کلێنکسەکانی تەڕ کردوون. دەگەینە نەخۆشخانە و منداڵەکەم لە باوەشدایە، ڕێک هەست دەکەم ئەو ساتەیە لەیدی لەدایک دەبێت و دایکی بەسەریەوە دەمرێت.
دوای ئەوەی لە کار دەگەڕێیتەوە، گەرمیی خۆری ئەم چوارشەممەیەی ناوەڕاستی بەهار ناچارت دەکات خۆت بشۆیت. لە گەرماو دێیتە دەرەوە. خۆت وشک دەکەیتەوە. لە ژووری نووستن پاڵ دەکەوی. تابلۆیەک هەڵواسراوە؛ ژنێکە، قژی کردووە بە دوو پەلکی درێژ. لە تابلۆکەدا چاوە ڕەشەکانی پێت دەڵێن دڵتەنگە. منداڵەکەی لە باوەشدایە. لەسەر زەوییەکە سێوێک دانراوە، منداڵەکە دەستی بۆ دەبات، دەستی پێی ناگات. منداڵەکە لە تابلۆکەدا وا دەرناکەوێ دڵتەنگ بێت. خۆت دەخەیتە سەرپشت و دەستەکانت لەژێر سەرت دادەنێیت. پانکەکە بە جووڵە هێواشەکەی کار لە گەرمیی ژوورەکە ناکات. ئاگات لە خۆت نەماوە و دەکەویتە سەر دەم، لیکی دەمت سەرینەکەی تەڕ کردووە؛ لیکی دەمت تەنیا شتێکە پێت بڵێت وا خەریکە خەو دەتباتەوە، خەو دەتباتەوە. هاوڕێیەکتە و تەلەفۆن دەکات، بەدەم خەوەوە هەڵیدەگریت، دەنگە شێواوەکەی گوێت بە (ئۆسکاری کوڕت...) دەزرنگێنێتەوە. دەنگەکە دەلەرزێت و دەستی تۆیش. (نازانم چۆنت پێ بڵێم...) دەنگەکە وا دەڵێت. (چیم پێ بڵێیت؟!) بە شپرزەیییەوە وا دەڵێیت. هەر ئەوەندەی دەڵێت (ئۆتۆمۆبیل لێی داوە و...) پێی دەبڕیت (نەڵێی مردووە!) ئەمە بە دەنگێکی بەرز دەڵێیت. هاوڕێکەت تەواوی دەکات (بەڵام سەلامەتە و لە نەخۆشخانەیە.) مۆبیلەکە دادەخەیتەوە و بە ڕاکردن دەچیتە خوارەوە. پلیکانەکان زۆرن و تۆ خێرا دەیانبڕیت. دوو کەروێشک بەناو چیمەنەکەدا دێن و دەچن و تۆ نایانبینیت. ئەو تاکە نەعلەی پیاوی کرێچییەکە گرتییە پشیلەکەی لەیدی، لەناو حەوشەکەیە و تۆ نایبینیت. ‹لەیدی›ی پێنجساڵان لە باخچەکەدا جۆلانێ دەکات. پیاوی کرێچییەکە لەسەر کورسییەکەی ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە. پشیلەکەی لەیدی لەسەر دیواری حەوشەکەیە و سەیرت دەکات، چاوەکانی بچووک دەکاتەوە و ‹میاووو!› تۆ لەیدی، پیاوی سەر کورسییەکە و پشیلەکەی لەیدییش دەبینیت. (خێرە؟ هیچ ڕووی داوە؟) پیاوەکە دەپرسێت و تۆ بەبێ وەڵام دەرگەکە بە یەکدا دەدەیت.
لەیدی لە ماڵی باپیریەتی و ئەوە مانگێکە نەتبینیوە، ساڵێکیش بەسەر مردنی ئۆسکاری کوڕتدا تێپەڕیوە. شەوێک بە تەنیا دەچیتە دەرەوەی شار و لە بەرزایییەکەوە لێی دەڕوانیت، لەو دوورەوە گڵۆپەکان دەڵێی وردەشووشەن و تیشکی ڕووناکییان بەرکەوتووە. دێیتەوە ناو شار. دەچیتە کافێیەکی تێکەڵ لە دووکەڵی جگەرە و دەنگی مۆسیقا. کەسێک شیعر دەخوێنێتەوە و دەگاتە (مەڵێ من تۆم ناوێ/ تۆ میوانی خەونەکانمی/ مەڵێ لە ئێوارەدا نایەم/ تۆ لە ئێوارەدا جوانی) و دەچیتە دەرێ. چەند مەترێک دەڕۆیت و بە دەرگەی مارکێتێکدا دەتەقی. ژنێکی دووگیان بەناو مارکێتەکەدا دێت و دەچێت، ژنێکی تر دایبییەک و یەکێکی تر شامپۆیەکی بەدەستەوەیە. هەر لەوێ هاوڕێیەکت دەبینی وەکوو هەمیشە سپاگێتی دەکڕێت و پێت دەڵێت (تۆیش بیکڕە، بۆ ئەم تەنیایییەت خراپ نییە.) تۆ نایکڕیت. خێرا بۆ ماڵ دەگەڕێیتەوە. منداڵەکانی کۆڵان لەناو گوێیەکانی تۆدا ڕا دەکەن و هاوارهاواریانە. ڕادەکشێیت. پەنجە بە ڕیمۆتکۆنتڕۆڵەکەدا دەنێیت. درامایەکە، دوو کچن پێکەوە، بێتاقەت دەردەکەون:
- چۆنی؟
- هەندێ جار باش و هەندێ جاریش خراپ. ئەی تۆ؟
- هەندێ جار خراپ و هەندێ جاریش خراپتر.
لیکی دەمت سەرینەکە تەڕ دەکات؛ لیکی دەمت تەنیا شتێکە پێت بڵێت وا خەریکە خەو دەتباتەوە. خەو دەتباتەوە.
لەناو جێگەکەی خۆتدایت. دەتەوێ هەستیت و بۆ کار بڕۆیت، هەمیشە لەم کاتەدا خەوت گرانە. لە قاتی خوارەوە سەرەتا دەنگی پیاڵە دەبیستیت کاتێک دەکەونە ناو سینکەوە. دواتر تیڤییەک ئیش دەکات، گۆرانییەکە، شادە. ئەمە خووی ژنی کرێچییەکەیە (مامۆستا، گوێم لە گۆرانی نەبێت ناتوانم ئیشی ماڵ بکەم.) جارێک لە وەڵامی گلەییەکی تۆدا ئەمەی گوت. هەرچۆنێک بێت خۆت ئامادە دەکەیت، لە ئاوێنە بچووکەکەی قەد دیوارەکەدا هەوات کردووەتە گوپی ڕاستت و گوێزانەکەی پێدا دەهێنیت، بەشی زۆری تاڵەمووەکان سپین و دەکەونە ناو دەستشۆرەکەوە. لە خوارەوە پیاوی کرێچییەکە دەبینیت لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە، سەری بەرز دەکاتەوە و (مانگانەکە زۆری ماوە؟) بە سەر وەڵامی دەدەیتەوە (بەڵێ) و دەرگەی حەوشە دەکەیتەوە. لە ماڵەکەی بەرانبەرتانەوە منداڵێک دەچێتە دەرەوە، دایکی سەر لە دەرگەوە دەردەهێنێت (ئەگەر زوو نەیەیتەوە بەو گەوادە دەڵێم.) گەوادەکە مێردەکەیەتی. ئەو لە جۆری ئەو ژنانەیە جوێن بە دار و دیوار دەدەن. (دڵم بەوە خۆشە دار و دیوار وەڵامی نادەنەوە.) مێردەکەی وا دەڵێت.
وەک هەمیشە لەسەر کورسییەکەی ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە پیاوی کرێچییەکە. چاویلکەکەی دادەنێ و (مانگانەکە زۆری ماوە؟) (ئاخر شوکر ئاوا تووشی لەبیرچوونەوە هاتبوویت، بۆیە خێرا ماڵنشینیان کردیت. چەند جارم گوت عەیبە، ئەوەندە ئەو پرسیارە مەکەرەوە.) ژنەکەی وای پێ دەڵێت. کە منیش دەبینێت (ئەرێ مامۆستا مانگانەکە زۆری ماوە؟) ئەوە تەنیا قسەیەکی گرنگە لەگەڵ مندا هەیبێت، ڕەنگە لەگەڵ ژنەکەیشیدا. لەیدی خۆش دەویست، لە من زیاتر بە ڕۆیشتنی کاریگەر بوو، هەندێ جار لەگەڵ کڕینی ڕۆژنامەکاندا دیاریی بۆ ئەویش دەهێنایەوە. لە ژوورەوە تەماتە سوور دەکرێتەوە، بۆنەکەی تێکەڵ بە بۆنی پیاز و دایبیی فڕێدراو دەبێت و دەگاتە قاتی سەرەوە. دەنگی گریانی کوڕەزاکەی دێتە حەوشە. کوڕە تاقانەکەیان کاتێک زانکۆ تەواو دەکات، لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆیدا هاوسەرگیری دەکات. دوای منداڵێک جیا دەبنەوە. خانووەکەی باوکی دەفرۆشێت و ڕێگەی ئەوروپا دەگرێت، منداڵە یەکساڵانەکەی لای ئەمان جێ دەهێڵێت، ئەوە ساڵێکە کرێچیی ماڵی باوکی ئۆسکارن. (بۆنی تەماتە، پیاز و دایبیی فڕێدراو تەواو نابن لەم ماڵە کاولبووە.) بە کەمێک بێزارییەوە وا دەڵێت پیاوی سەر کورسییەکە. ژن بە (تۆ کەی لە جیاتی ئەو ڕۆژنامە بێسوودانە، شتی باشترت هێنایەوە، شەرت بێ منیش خواردنی خۆشترت بۆ ئامادە بکەم.) وەڵامی دەداتەوە. لەم دیمەنە دووبارە بێزار دەبم، دێمە ژوورەوە و پشوو دەدەم. بە دیوارەکەوە وێنەیەکی منداڵیم هەڵواسراوە، بەوەی هیی چەندین ساڵ پێش ئێستایە تۆزێک شوختی بەر کەوتووە، وێنەکە ڕەشوسپیی لێڵە و دەستێک لە پشتەوە گرتوومی، بەبێ بیرکردنەوە دەڵێم دەستی دایکمە.
جارێکی تر لەو دەستانە ورد دەبیتەوە.
بەڵێ، دەستی دایکمە.
ڕۆژێکی چوارشەممەیە و خۆر بەرەو ئاوابوون دەچێت، دایکی ئۆسکار لەناو حەوشەکەدا ئاوی گوڵەکان دەدات. سکی بەو کچە پێنجمانگییەوە هەیە، کە دواتر باوکی ناوی دەنێت لەیدی. لە مۆبیلەکەیەوە زەنگ لێ دەدرێت. هەڵیدەگرێت، ئۆسکاری حەوتساڵانە و (دایکە، خاڵە عەلی مرد.) مۆبیلەکە لە دەستی دەکەوێتە خوارەوە، یەک وشە نایەتە سەر زمانی و خێرا دەبوورێتەوە. چەند مانگێگ دوای ئەو ڕووداوە و بە دیاریکراوی یەک مانگ پێش هاتنەدونیای لەیدی، لە شەوێکی سەرەتاکانی هاویندا، تۆ و ئەو لەناو چیمەنی حەوشەکە لە سەرپشت پاڵ دەکەون، لەو بەشەی هیی دایکی ئۆسکارە. تۆ بە دەستەکانت وێنەیەک دەکێشیت؛ دڵ، چەندین ئەستێرە دەکەونە ناو دڵەکەوە. ئەو پێدەکەنێت. ئەو گوێ دەگرێت و تۆ ئەم شیعرەی ‹خانی›ی بۆ دەڵێیت:
مەم وتی: بۆت گەلێ بەتاسەم گیان بێنەوە بەر بای هەناسەم
بۆی ژیاوە مەمۆ بە گفتی زینێ بووژایەوە بەشبڕاو لە ژینێ
دەتەوێت بوەستیت و ئەو بە ئاماژە پێت دەڵێت بەردەوام ببە:
هەر چاوی کەوت بە مەستی چاوی تین هاتەوە بەر دڵ و هەناوی
لەگەڵ پێکەنینێکی هێمندا، ئاهێکی ساردیش هەڵدەکێشێت، وەکوو ئەوەی بیەوێ بڵێت (زۆر جوانە و سەرسامت کردم.) بەڵام نایڵێت، درووستتر ناتوانێت بیڵێت. بۆ ڕۆژی دواتر، کاتێک لە خەو هەڵدەستیت، ئەو قاپ دەشوات، لە قاپشتندا بڕوای دەستکێش نییە (بە دەستکێشەوە ناتوانم قاپ بشۆم.) جارێکیان وا دەڵێت و داوات لێ دەکات بە شیعر ئەمەی بۆ دابڕێژیتەوە (چێژی قاپشتن لەوەدایە لەمسیان بکەیت. دەستکێش ئەم چێژە دەکوژێت.) ئەو پێدەکەنێت، چاوێکت لێ دادەگرێت و بە دەستی لایکت بۆ دەکات. وا خەریکە لە حەوشەکەوە ماچێکی بۆ هەڵدەدەیت، لەناکاو دەنگی زڕەی پیاڵە و شڵپەی پوولی دۆمینۆکان بەئاگات دەهێننەوە. چایخانەکە پڕە لە دووکەڵ؛ ئێرە بە گشتی پیاوانی بەتەمەن ڕووی لێ دەکەن. پیاوێک، بە سیمایدا وا دەردەکەوێت پەنجای تێپەڕاندبێت، بە چاکێت و پانتەڵۆنێکی ڕەساسیی خەتخەتەوە خۆی بە ژووردا دەکات و تۆ پێت وایە لەسەر کورسییەکی نزیکی تۆ دادەنیشێت. لەسەر کورسییەکی نزیکی تۆ دادەنیشێت. تۆ دەڵێی ئێستا داوای ماست و چا و نانی گەرمیش دەکات. داوای ماست و چا و نانی گەرمیش دەکات. بیر دەکەیتەوە ئێستا ڕۆژنامە لوولکراوەکەی گیرفانی چاکێتەکەی دەردەهێنێت و دەیخوێنێتەوە. ڕۆژنامە لوولکراوەکەی گیرفانی چاکێتەکەی دەردەهێنێت و دەیخوێنێتەوە.
تا لەبەر ئەو بارانە منداڵە کلێنکسفرۆشەکە دەخەیتە ناو ئەو تاکسییەی کەمێک پێش ئێستا دوو کچ چوونە ناویەوە، ترافیکەکە چەندین جار سوور و چەندین جاریش سەوز دەبێت. دواتر بۆت ڕوون دەبێتەوە ئەوانە کچ و دایکن. هەرچۆنێک بێت دەیگەیەنیتە نەخۆشخانە، هەندێ لە ژنەکان جلەکانیان تەڕە و منداڵەکانیان لە باوەش کردوون. چاوت دەچێتە سەر منداڵێک، جووڵەی نییە، پێت وایە مردووە. نەمردووە. منداڵە کلێنکسفرۆشەکەت لە باوەشدایە، ڕێک دەڵێی ئەو ساتەیە لەیدی لەدایک دەبێت و دایکی بەسەریەوە دەمرێت. [1]