بەداخەوە و کەسەرەوە سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە 19ی پووشپەڕ کاک عەلی قازی ناسراو بە #کوڕی ڕەش#، تاقانە کوڕی پێشەوا قازی محەممەد سەرکۆماری کوردستان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئاڵمان لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک عەلی قازی سەرەتای لاویەتی بۆ خوێندن چووتە شارەکانی تەورێز و تاران. و لە پاشان بۆ خوێندن ڕووی لە دەرەوەی وڵات کردو لە وڵاتی ئاڵمان گیرسایەوە.
کوڕی ڕەش هێشتا تەمەنێکی وای نەبوو کە بەداخەوە کارەساتی هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان ولە سێدارەدانی #پێشەوا قازی محەمەد# و هاوڕێیانی بەسەردا هات و ئەو کارەساتانە کاریگەریی وای لە سەر ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی دانا کە ئاسەواری بەڕوونی بە ژیان و ڕەوانییەوە دیار بوو.
کوڕی ڕەش هەردەم خۆی بە وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی باوکی مەزنی، پێشەوا قازی محەممەد دەزانی و هەمیشە لە خەمی دۆزی ڕەوای گەلەکەی بوو. بەردەوام داوای یەکگرتوویی و یەکڕیزی خەڵک و هێزە سیاسیەکانی کوردستانی دەکرد و لەو باوەڕەدا بوو کە کورد بە یەکگرتوویی دەتوانێ بە ئاوات و ئامانجەکانی بگات.بەڵام بەداخەوە مەرگ دەرفەتی ئەوەی نەدا کە کاک عەلی ڕزگاری کوردستان و وەدیهاتنی ئەو ئاواتانەی کە پێشەوای مەزن و هەزاران کادر و پێشمەرگە و ڕۆڵەی کورد سەری خۆیان لە پێناودا دانا، بە چاوی خۆی ببینێ و سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە 19ی پووشپەڕ بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە گەلەکەی و ئەویندارانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان کرد.
#ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران# بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە گەلی کورد و بنەماڵەی گەورەی قازیەکان و هەموو ئەویندارانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەکا و لە خەم و پەژارەیاندا خۆی بە بەشدار دەزانێ.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
19ی پووشپەڕی 1401ی هەتاوی بەرانبەر بە #10-07-2022#
[1]