کورد دوای 99ساڵ لەواژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان...
ساڵی 1918 لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی وڵاتانی براوەی جەنگ بەریتانیا و ئیتالیا و فەڕەنسا و ژاپۆن و یۆنان و یابان و ژمارەیەک دەوڵەتی تر، پەیماننامەی سیڤەریان لەشاری سیڤەری نزیک پاریس لەبەرواری10-08-1920 واژۆ کرد و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کە بە پیاوە نەخۆشەکە ناسرابوو هەڵوەشێنرایەوە، شەریف پاشای خەندانیش وەک نوێنەری کورد لەو کۆبونەوەیەدا ئامادە بوە و وەک ئەوانیتر ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕەوشی نەتەوەی کورد پێشکەشکردوە، بەپێی سیڤەر کوردستان هەر بە دو پارچەیی بەسەر ئێران و عوسمانیدا مابویەوە، بۆ یەکەمجاریش کوردستان بە گوێرەی پەیماننامەی قەسری شیرینی ساڵی1639 لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆریەتی داگیرکاری سەفەوی و عوسمانیدا بۆ دوو پارچە بەسەر خۆیاندا دابەشیانکردوە و ئەو سەردەمە شەڕی چاڵدێران لەئارادا بوە.
لەبەشێک لەبەند و بڕگەی پەیمانەی سیڤەردا باسی گەلی کورد کراوە، کە یەکەمجارە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی بەو جۆرە باسی کردوە و ددانی پێداناوە، پەڕتوکی شەرەفنامە تەواوی بەندەکانی پەیماننامەی سیڤەری بە باشی ڕونکردۆتەوە، گەلی کورد لەسیڤەردا پێگەیەکی گرنگی پێدرا و تورکیایش ناچاری دەستبەرداربوون لەچەند خواستێکی وەک مژاری نەتەوەی ئەڕمەنی و وڵاتانی عەرەبی و دەریای ئیجە و چەند دورگەیەکی یۆنان کرا، وەلێ ڕێککەوتننامەی سیڤەر لەلایەن تورکیاوە پەسند نەکرا و ڕەتکرایەوە و دەرەنجامەکەیشی بە واژۆکردنی پەیماننامەیەکی نوێ بە ناوی لۆزانەوە کۆتایی هات.
پەیماننامەی لۆزان لەڕێکەوتی 24-07-1923 لە قەڵای ئۆشی میترۆپۆلی لۆزانی پایتەختی سویسرا واژۆ کراو ئەو بەندانەی لەسود و کەڵکی گەلی کورد لەپەیماننامەی سیڤەردا واژۆ کرابوون، لێی پاشگەزبونەوە و کورد بەپێی لۆزان لەتەواوی مافەکانی بێبەش و پەرتەوازە کرا و تورکیایش بەشێکی زۆر لەو خواستانەی پێشویی گەڕاندەوە و دەستبەرداری چەند بەشێک لەداواکانیشی بوو لەوانە دەستهەڵگرتن لە ویلایەتی موسڵ بە فشار، لەڕێککەوتننامەی لۆزاندا چارەسەرکردنی دۆزی موسڵ بە کۆمەڵەی گەلان سپێردرا، ئەویش لەساڵی1926 بڕیاریدا لەلایەن عێراقەوە بەڕێوەببرێت و ئیتر تورکیا لەو خواستەی نائومێد بوو، بەڵام وەک دەوڵەتێکی نوێ ددانی پێدانرا و سنوری وڵاتەکەی دیاریکرا و باکوری کوردستان خرایە سەر تورکیا، ڕێککەوتنی سیڤەر لەقازانجی بەریتانیا بە پلەی یەکەم لەبەر گرنگی ویلایەتی موسڵ نوسراوە، کە هەموو باشوری کوردستانی گرتۆتەوە.
پاش واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی داگیرکاری عێراق و تورکیا و ئێران و سوریا دابەشکرا، ئیتر سیاسەتی جینۆسایدکردن و کۆمەڵکوژی و تواندنەوەی ناسنامە و زمانی کوردی لەهەر چوار پارچە و باشوری کوردستان بە تایبەتی بەردەوام و درێژەی کێشا، چونکە لە پێش واژۆکردنی لۆزانیشەوە کورد دابەشکراو و چەوساوە بووە و ڕێککەوتنامەی سایکس بیکۆ لەساڵی1916 جارێکی تر ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستی لەنێوان وڵاتانی براوەی جەنگ و زلهێزدا دابەشکردەوە و کورد بە یەکجاری لەخەونی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی نائومێد کرا، مۆرکردنی پەیماننامەی لۆزانیش جارێکی تر نەخشەکێشان و دابەشکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر میراتی عوسمانی و لە بەرژەوەندی وڵاتانی تەماعکاری جیهانی و هەرێمیدا بوو، سیاسەتی نکۆڵیکردن و تواندنەوە و قڕکردنی گەلی کورد لە دوای لۆزانەوە لەلایەن هەر چوار وڵاتی داگیرکارەوە بە ڕێکخراوەیی تا ئەمڕۆیش بەردەوامە.
پەیمانی نێوان تورکیا و عێراق:-
لەساڵی1983 وە پەیمانێک لەنێوان تورکیا و عێراق لە بارەی بەزاندنی سنوری یەکتری واژۆ کراوە و بەپێی پەیمانەکە هەر یەکێک لەو دوو دەوڵەتە بۆیان هەیە، دە(10)کیلۆمەتر لەسنوری یەکتری ببەزێنن، لەو کاتەوە تا ئێستا تورکیا بە بەردەوامی خاکی عێراق و باشوری کوردستانی بەزاندووە و هاتۆتە ناوەوە و چەندین بنکە و سەربازگەی دروستکردووە، کە ئەمە یەکێکە لەو پەیماننامانەی دەبوایە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتاران و بەرپرسانی کورد لە#بەغدا#کاریان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بکردایە، کە تا ئێستا زۆرینەیان لە ڕێککەوتنەکە و مەترسییەکانی بۆ کورد بێئاگان.
لەساڵی 1976 وە تورکیا و سوریا و عێراق چەندین جار لە بارەی چارەسەرکردنی گرفتی سەرچاوەکانی ئاوەوە کۆبونەتەوە، ئاوی دیجلە و فورات و سەرچاوە ئاوییەکانی تریان وەک کارتی فشار دژی کورد بەکارهێناوە، ڕێککەوتننامەی 29-03-1947 لە نێوان تورکیا و عێراقدا سەبارەت بە ئاوی هەردوو ڕوباری دیجلە و فورات هەیە، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هیچ یەکێکیان مافی زیانگەیاندن بە دەوڵەتەکەی تریان نییە، بەڵام ئەم بڕیارە کورد ناگرێتەوە و بگرە دژی کورد بەکارهاتوون، تا هەنوکە ئەو ڕێککەوتنانەی زیانی کوردی تێدایە بەرکارن و هەڵنەوەشاونەتەوە و ئەم دوو وڵاتە لە زیانگەیاندن بە دۆزی کورد هاوڕاو و هاوبەشن، لەساڵی1957 یشەوە تورکیا ئامانجی دروستکردنی بەنداوی لەسەر ئەو دوو ڕوبارە هەبووە و بەردەوامە، کە عێراق دەیتوانی لەدادگا نێودەوڵەتیەکان سکاڵای لەسەر تۆمار بکات، بەڵام نەیکردوە و نایشیکات، ئایا کورد دەتوانێت لەم مەترسییە بە وەڵام بێت و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەیان بدات؟.
دوای سەدساڵ دەتوانین چی بکەین؟.
دوای 99 ساڵ لە داگیرکاری تا ئێستا عێراقی دوای سەدامیش لەسیاسەتی تەعریبکردنی باشوری کوردستان و هێنانی بە لێشاویی ملیۆنان عەرەب بە بیانوی شەڕی داعش و خراپی کەش و هەوا و ئاسایشەوە بەردەوامە، سەرەڕای ئاسایی بونەوەی ڕەوشی ناوچەکانیشیان نایەوێت بیانگەڕێنێتەوە، تا ئێستا بە پلە دوو تەماشای کورد دەکات و سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا و تواندنەوەی کورد پەیڕەو دەکات، تورکیا چەند بنکەی سەربازی لەباشوری کوردستاندا هەیە و ڕۆژانە بۆردومان و جینۆسایدمان دەکات و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هەوڵی بە دەستهێنانەوەی ویلایەتی موسڵ واتە هەموو باشوری کوردستان دەدات و نەوە لەدوای نەوەی تورکی بە هێنانەدی ئەو خەونە گۆش دەکات، لەباکور و ڕۆژئاوایی کوردستانیش بە هەمان جۆر سیاسەتی تورک ستەمکارانە بەردەوامە.
تورکیا لەساڵی 2014 وە بە پاساوی شەڕی داعش هێزێکی زۆری سەربازی لەشارۆچکەی بەعشیقەی #موسڵ# جێگیرکردوە و تا ئێستا ئامادەی کشانەوە نین، هەر لەو ساڵەوە عێراق زیاتر لەسێ ملیۆن عەرەبی بە بیانوی جەنگی داعشەوە هێناوەتە هەرێمی کوردستان#سلێمانی# و #هەولێر#و ئامادەی گەڕانەوە نین، هەرچەندە جەنگی داعش و مەترسی ناوچەکانیان نەماوە و تا هەنوکە نوێنەرانی کورد لە هەرێمی کوردستان و عێراق شەرمن و بێئاگان و بوێری کار لەسەرکردن و پرسیاری لۆژیکیان لەو بارەیەوە لەکاربەدەستانی عێراق و هەرێمی کوردستان نیە.
بە وتەی توێژەران تا ئێستا پەیماننامەی سیڤەر و لۆزان هەڵنەوەشاونەتەوە و هیچ بڕیارێکیان لەو بارەیەوە لەسەر نەدراوە و ماوەیان دیارینەکراوە، هەرچەندە دوای سیڤەر پەیمانی لۆزانیش واژۆ کراوە، ئەمە لەکاتێکدایە تورکیا ڕۆژانە پڕوپاگەندەی ئەوە دەکات، کە پەیماننامەی لۆزان دوای سەدساڵ بە هەڵوەشاوە ژمێرە دەکرێت و کۆتایی دێت.
دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتییدا کورد کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان بکەن و سنور بۆ ستەمکاری و جینۆسایدی تورکیا و عێراق و ئێران لەدژی کورد دابنرێت و داوا لەوڵاتانی بەشداری پەیماننامەی لۆزان بکرێت، قەرەبویی کورد وەک نەتەوە و ئەو ناحەقیانەی لە لۆزاندا بەرامبەریان کراوە بکرێتەوە و ستەمی لۆزان بە فەرمی بناسێنرێت.
تورک لەپەیماننامەی لۆزان ناڕازیین و پەیمانەکە بە ناحەقی بەرامبەر بە خۆیان دەناسێنن و پیلانیانە ساڵی 2023 ویلایەتی موسڵ و #حەلەبی# بۆ پێواژۆی پێش مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی لۆزان بگەڕێننەوە، ئایا کورد لە هەر چوار پارچە و ئەوروپایش تا چەند ئامادەیی ڕوبەڕوبونەوەی ئەو پیلانەن و کار و خەباتی شیاوی بۆ دەکەن؟، پێویستە لەئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیشدا کورد دژی ئەو پیلانگێڕییەی تورکیا بجوڵێن و ڕای گشتی لەسەر دروست بکەن[1].