گمە گوندێکە، کەوتووەتە شارەدێی بەمۆ، شارۆچکەی هەڵەبجە، پارێزگای هەڵەبجە.
$جوگرافیا$
گوندی گمە یەکێکە لەگوندەکانی ناوچەی تاوگۆزی دەکەوێتە سنووری شارەدێی بەمۆ، هاوسنوورە لەگەڵ کوردستانی ڕۆژهەڵات دانیشتووانەکەی بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و کاری سنوورەوە خەریکن.
گمە لە باکوور هاوسنوورە لەگەڵ گوندی کانی ژەنان و لە باشوور لەگەڵ گوندی پشتە و لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ گوندی شێخ سێڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی قەڵپ.
$مێژوو$
گوندی گمە یەکێکە لە گوندەکانی ناوچەی تاوگۆزی، لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە شارەدێی بەمۆیە لە پارێزگای هەڵەبجە و هاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران. گوندی گمە هەر لەسەردەمانی زووە ئاوەدان بووە، هەروەها لە سەردەمی شۆڕشەکانی کوردا، هەمیشە شوێنی حەوانەوەی هێزی پێشمەرگە بووە، بۆیە بە بەردەوامی لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە خەڵکەکەی ڕوبەڕوی گرتن و لێدان و مەرگ بونەتەوە، هەر بۆیە لە ساڵی 1978 لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە گوندەکە وێرانکراوە و دانیشتووانەکەی ڕاگوێزراوە بۆ شارەدێی زەڕایەن.
لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991ەوە جارێکی تر ئاوەدان کراوەتەوە ئێستاش ژمارەیەک خێزان تێیدا نیشتەجێیە و دانیشتووانەکەی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و کاری سنورەوە خەریکن.
لەئێستادا 2022 لە گوندی گمە مزگەوت و قوتابخانەی تێدایە، هەروەها کارەبای نیشتیمانی گەیشتووەتە گوندەکە، بەڵام ڕێگاوبانەکەی وەکو پێویست نییە هەرچەندە تائێستا چەند جارێک لەسەر ئەرکی خەڵکی گوندەکە ڕێگاکە چاککراوەتەوە.
$کارگێڕی$
لەسەردەمی عوسمانییەکاندا گوندی گمە لەگەڵ گوندەکانی تری سنورەکە سەر بەشارۆچکەی هەڵەبجە بووه.
دوای دورستکردنی دەوڵەتی عێراق لەسەردەمی پاشایەتیدا لەڕووی کارگێڕییەوە گوندی گمە خرایە سەر شارۆچکەی هەڵەبجە.
لەساڵی 1960 گوندی گمە لەڕووی کارگێڕییەوه خرایە سەر شارەدێی سیروان سەر بەشارۆچکەی هەڵەبجە.
ڕۆژی 26-12-1978 بەبڕیاری حکومەتی ئەو کاتەی عێراق گوندی گمە و ژمارەیەک گوندی تری سنورەکە خرایە سەر شارەدێی دەربەندیخان.
لەمانگی هەشتی ساڵی 1978 گوندی گمە لەگەڵ گوندەکانی تری سنورەکە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دانیشتوانەکەی ڕاگوێزاران بۆ ئۆردووگای زۆرەملێی زەڕایەن لەسەر ڕێگای سلێمانی - دەربەندیخان
لەدوای ڕاپەڕینەوە گوندی گمە سەر بە شارۆچکەی خانەقین بووە لە ئیدارەی گەرمیان دواتر دوای پێکهێنانی شارەدێی بەمۆ گوندی گمە یەکێک بوو لەگوندەکانی شارەدێیەکە سەر بەپارێزگای هەڵەبجە.
$گوندی گمە لەسەر ژمێرییەکانی عێراق$
1- سەرژمێری ساڵی 1947
بەپێی سەرژمێری ساڵی 1947 ژمارەی دانیشتوانی گوندی گمە پێکهاتووە لە 207 کەس (78 نێر، 129 مێ).
2- سەرژمێری ساڵی 1957
بەپێی سەرژمێری ساڵی 1957 ژمارەی دانیشتوانی گوندی گمە 320 کەس بووە.
3- سەرژمێری ساڵی 1977
بەپێی سەرژمێری ساڵی 1977 ژماری دانیشتوانی گوندی گمە 206 کەس بووە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی بەمۆ لەساڵی 2019 ژمارەی ئەو خێزانانەی لە گوندی گمە دانیشتون بریتییەلە (13)خێزان و (90) کەس.
$قوتابخانەی گمە$
لەساڵانی حەفتاکان قوتابیانی گمە دەچوونە گوندی پشتە بۆ خوێندن، چونکە ئەو سەردەمە گوندی گمە قوتابخانەی تێدا نەبووە.
لە ساڵی 1995 بۆ یەکەمجار قوتابخانەی تێدا کراوەتەوە مامۆستا ئەنوەر عەلی دانیشتوی گوندەکە یەکەم مامۆستا بووە ئێستاش 2022 بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیە.
قوتابخانەی گمە تا پۆلی شەشەمی بنەڕەتی تێدایە. کردنەوەی قوتابخانە لەگوندی گمە ڕۆڵێکی گرنگی لەبەرەوپێشبردنی ڕەوتی خوێندندا هەبووە.[1]