سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک 14
#شەماڵ بارەوانی#
هەڵبەت دەوڵەتی سیوکراتی دەوڵەتێکە هەوڵدەدات و تێدەکۆشێت تاوەکو شەریعەت جێ بەجێ بکات و بیسەپێنێت، ئەمەش هیچ لەگەڵ بنەماکانی هاووڵاتی بوون و پنتەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و ئازادیەکانی تاک و، تۆلەرەنس(لێبوردەیی)، و پلورالیزم(فرەیی)، نایەتەوە دژی مرۆڤ بوون و پێچەوانەی ڕۆحی پێکەوە ژیان و ئەویتری جیاواز و قبوڵکردنی ئەوانیتر و پڕەنسیپەکانی دیموکراسی و سیکۆلاریزمە بە مانا ڕاستەقینەکەی.
لە دەوڵەتی سیوکراتی دا، حاکمیەت تەنها بۆ خوداوەندە، هەر شتێک ڕوو بدات، هەر پێشهاتێکی تازه و داهێنانێکی تازە، لە دایک بێت، دەبێت بۆ شەرع و ئەحکامەکانی ئایین و فەتوای پیاوانی ئایینی بگەڕێینەوە. لە دەوڵەتی سیوکراتیدا شتێک نییە بە ناوی دیموکراسیەت و بۆچونی خەڵک و ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی مەدەنی.
لە دەوڵەتی سیوکراتیدا شەرع و ئەحکامەکانی ئایین و قسە و فەتوای پیاوانی ئایینی(کە هەمیشە خۆیان وەکو دەم ڕاستی ئایین و وتەبێژی ئاسمان و سێبەر و نوێنەری خوداوەند) دەبینن، چی ئەوان بڵێن، ئەوە کۆتا بڕیارە.
حەڵاڵ، یان حەرام، تەواو، ئیتر کەس بۆی نییە دەمی بکاتەوە و دەنگ هەڵبڕێت و پڕۆتیستۆی بکات و ناڕەزایەتی دەببڕێت. گەرنا مۆرکی بێ دینی و دژایەتی کردنی خوداوەند و بێ ڕێزی کردن بە ئایین و مۆری کافربوون بە تەوێڵیەوە دەنرێت و خوێنی حەڵاڵ دەکرێت.
لە دەوڵەتی سیوکراتی و ئایینیدا مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێت. دەوڵەتی سیوکراتی دەوڵەتێکی پۆلیسی سەرکوتکاری تۆتالیتاری بێ ئاگایە بەرامبەر بە مافە ڕاستەقینەکانی مرۆڤ و پێوەرەکانی هاووڵاتی بوون و پرەنسیپەکانی مرۆڤ بوون.
دەوڵەتی سیوکراتی دەوڵەتێکە هەرگیز لەگەڵ پرەنسیپەکانی تۆلەرەنس و فرەیی یەکناگرێتەوە. دەوڵەتێکە ڕێگە بە جیاوازی بیرکردنەوە و دیدەنیگای جودا نادات و هەموو ڕەنگەکان لە بۆتەی تاقەڕەنگێکدا(ڕەنگی ئاینیی زاڵ و مەزهەبی دەسەڵاتدار)دەتوێنێتەوە و جگە لە ڕەنگی ئایینی زاڵ و دەسەڵاتدار و لە ناو ئایینەکەیش ئەو ئیدەلۆژیا و مەزهەبەی تێیدا کراوە بە تاقە ڕاستی و باشترین مەزهەب و کۆتا تەفسیر و بڕیار، هەموو ڕەنگەکانی تر و دیدو مەزهەب و ئایینەکانی تر، پەراوێز دەخرێن و دەسڕدرێنەوە.
هەموو دەنگە جیاواز و ئازادەکانی تر دەخنکێندرێن و کپ دەکرێنەوە. بەو چەشنە هەموو شتێک دەبێت لە سایە و لە ژێر کۆنتڕۆڵ و هەژموونی دەوڵەتە سیوکراتیەکەدا دەبێت و هەر ئازادییەک، پێچەوانەی دۆکترینی فەرمی دەوڵەت و دۆگم و ئیدۆلۆژیا و پێوەرە مەزهەبی و ئایینیەکان بێت، ئەوە دەوڵەتی سیوکراتی دەستی تێوەردەدات و قەدەغەی دەکات و ڕێگری لێدەکات و دنیایەک بت و پەرژین و تابووی لە بەردەمدا قوت دەکاتەوە، بە پاساوی حەرامێتی و لادان لە ئایینی فەرمی و سەتا ئەوەندەی خەڵک و داب و نەریتی گشتی و ئەخلاقی کۆمەڵ، بە کفر و هەرتەقە و زەندیک و بەڕەڵایی و بێ بڕوایی و فیسق و فجۆر لە قەڵەمی دەدات و هەموان ناچار دەکات تەنها ئەوە بکەن کە دینی دەوڵەت داوای دەکات و دەیسەپێنێت و دەیکات بە عەقیدەی فەرمی وڵات و دەستوری دەوڵەت.
بەو شێوەیە چیتر لە دەوڵەتی سیوکراتیدا، مانایەک بۆ ئەویتری جیاواز و جیاوازیەکان نامێنێتەوە و ماف و ئازادیەکانی تاک پێشێل دەکرێت و ژێر پێ دەخرێت.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!