خۆزگە بەو ڕۆژەی حەربی ئەڵمان بوو
لە ئەرز و ئاسمان ئاگرباران بوو
شەکر و چا و کووتاڵ زۆرتر هەرزان بوو
نە کەس بێ بەرگ و نە کەس بێ نان بوو
حەفتا و پێنج غەرام چایی بێ لاجان
یەک کیلۆ شەکر بۆ یەک سەرخێزان
لە سەری مانگا حازر بوو لامان
تێر و تۆخ حاجی و بەگ و گەدامان
ئەو ڕۆژەی کە دیم گیرابوو بەرلین
کەوتینە شەوق و بەزم و هەڵپەڕین
بۆ ئەوەی وتمان بە خۆشی ئەژین
شەڕ و شۆڕ نەما لەڕووی سەر زەمین
کەچی وا ئێستا خۆزگە بە پارین
هەموو سەرگەردان بێ ئیش و کارین
هەتا تەنانەت بێ سووخت و دارین
بێ کەس و بێ دەر بەبێ خەمخوارین
نۆ مانگە چامان بۆتە چای لاجان
کە بۆمان دێنن لە خاکی ئێران
دەرد و نەخۆشی خستۆتە ناومان
وەختە کوێر ببین نەبینێ چاومان
خۆ من بیستوومە لەپاش تەنگانە
نۆبەی دڵخۆشی و شادیی ئینسانە
بۆ ئێمە گەڕا بە پێچەوانە
شکور بە جاران نەک بەم زەمانە
ئیتر ئەوانەی وان لەسەر کورسی
تێرن ناپرسن لە حاڵی برسی
تا کەی هەر بۆ خۆو هەر نەفسی نەفسی
کوژراوی هیچ نین غەیری بێکەسی
خۆ هەر قەومێکیش پەنا بە خوایە
سەرگەردان و کز دایم لە دوایە
دوچاری زوڵم و دەرد و بەڵایە
نەویستی بەشەر خڵتەی دنیایە
دەردی زەلزەلەیش سەرباری گران
خانووی ڕووخاندین خۆمان سەرگەردان
دڵخۆشیان کردین بۆ یاریدەدان
بە پارەی خانووی زستان و دووکان
هەمووی هاتە سەر بەنگەڵەی تەیمان
جێگەی دوو نەفەر بەدتر لە زیندان
بێ پارە و بەرگ، بێ ڕێگە و بێ نان
تێیدا بگەوزین پەنا بە یەزدان
هەتا جووت نەکەی گەنم نەڕوێنی
یا بە دەستی خۆت سەرت نەخورێنی
نە سک تێر ئەبێ نە ئاڵۆش ئەمرێ
نە یاریدەی کەس کەڵکت بۆ ئەگرێ [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#