ساڵان لەم فەسڵە سەیرانی و چەم بوو
ئاهەنگ و شایی عالەم بێ خەم بوو
کومپیالەمان تا هەزار چەم بوو
دەهەزار دینار لە لامان کەم بوو
چونکە ئەباری وەک تەرزە و باران
لیرەی ڕووسیا و قڕانی ئێران
ڕیاڵ بە دەستە وەک گەڵای داران
دینار بۆ کاوڕ تا شەک تا بەران
خسووسەن خوری و تا کەتیرە و موو
سەعلەب و گەز و دووبەرە و مازوو
ڕۆژی دە لۆری لێرە دەرئەچوو
ئەبوو بە دینار هەمووی زووبەزوو
ئیتر لە خۆشی دینار بە لێشاو
گاڵتە و یاری وەک تەیری سەر ئاو
خەیاڵمان ئەکرد وەک خەیاڵ پڵاو
ماڵ ئاوڕشێن کەین بە عەتر و گوڵاو
خانوو تەبدیل کەین بە مۆدەی تازە
لە خارج بێنن دەرگا و دەروازە
لەناویا دانێن سندووق ئاوازە
لێدا ئەو کەسەی ئوستادەی تازە
هەوای سووریا کەوتووە سەرمان
لیباسی ئەوان بکەین لەبەرمان
بڕۆین بۆ سەیران بۆ جەبەل لوبنان
بێ غەم سەر بنێین چەند ڕۆژ چەند زەمان
هەموومان مەستی شەرابی نەو بووین
عاشق بە ڕۆژ و بێزار لە شەو بووین
دۆست هۆشیاری دەرمەن بە خەو بووین
قاقای پێکەنین وەک نێرەکەو بووین
ئێستە ئەوانەی پەروەردەی نازن
بێ بازار پۆل پۆل خەریکی ڕازن
شەماڵی ڕەحمەت بێ بە هاوارمان
بەڵکوو نەلەخشێ چیغ و دەوارمان [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#