ناو: دەروێش
ناوی باوک: عومەر عەزیز
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #ئەرگوش#
شوێنی کۆچی دوایی: شاری #تاران# ی پایتەختی وڵاتی ئێران
ساڵی لەدایکبوون: 1926
ڕێکەوتی کۆچی دوایی: #29-01-1990#
$ژیاننامە$
ساڵی 1926 لە گوندی ئەرگۆشى سەربە شارەدێی #شێروانی مەزن# لە شارۆچکەی #مێرگەسۆر# لە پارێزگای #هەولێر# لەدایکبووە، پێش چوونی بۆ یەکێتی سۆڤیەت خێزاندار بووە و خێزانەکەی ناوی سافیە عەلی ئەحمەد بووە و کوڕێکیان هەبووە بەناوی عومەر کە لەساڵى 1946 لەدایکبووە.
دەروێش عومەر پاش ئەوەى دەچێتە یەکێتى سۆڤیەت، لەوێ لە بەشی کشتوکاڵی پەیمانگای کشتوکاڵ لە شاری مۆسکۆ خوێندوویەتی، هەر لە یەکێتی سۆڤیەت بۆ دووەمجار ژیانی هاوسەری لەگەڵ شەفیقا موراد عەلی پێکهێناوە، کوڕێک و دوو کچیان هەبووە بەناوەکانی سەبری کە لە ساڵى 1954 و فاتیمە لە ساڵى 1956 و فەوزیە لە ساڵى 1959 لەدایکبوون. شەفیقاى خێزانى لە نەتەوەی تاتارەکانی نیمچە دورگەی کرمیایە.
دەروێش عومەر زمانەکانى کوردی، فارسی، تورکی و ڕووسی زانیوە، لە ڕێکەوتی 29ى کانوونی دووەمی 1990 لە شاری تاران کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی مەلاباسک لە کۆمەڵگای زێوەى بە خاک سپێردراوە.
$خەباتنامە$
لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى کوردستان لە #مەهاباد# پێشمەرگە بووە، بەشداریى شۆڕشى ئەیلوولى کردووە، لە شۆڕشى گوڵان پێشمەرگە بووە، لە پێشمەرگایەتیدا فەرماندەى بەتالیۆن بووە و چەندجارێک برینداربووە.
ساڵی 1945 پەیوەندیی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە و لە شەڕەکان بەشدار بووە، بەم هۆیەوە لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە.
لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ #مستەفا بارزانی# و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، لە 31ی ئاداری 1946 لە چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە کۆمار کردووە.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان بەشداریی شەڕی نەغەدە و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
دەروێش عومەر بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە و فەرماندەى بەتالیۆن بووە و لە شەڕەکان بەشدار بووە، چەندین جار بە سوکی بریندار بووە، ساڵی 1974 لە شەڕی خانزاد-ى چیای ماکۆک بە سەختی بریندار بووە و بەهۆی سەختی برینەکەی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە، ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول بە پەنابەرى ڕوودەکاتە شانشینی ئێران، بەشداریی شەڕی حزبی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە، هەروەها لە شۆڕشی گوڵانیش بەشداربووە، ساڵی 1988 بەشداریی داستانی خواکوڕکى کردووە.[1]