ناو: داود
ناوی باوک: یوحەننا لاوکۆ
شوێنی لەدایکبوون: شاری #ورمێ#
شوێنی کۆچی دوایی: شاری کەرەج
$ژیاننامە$
لە ورمێ (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) لەدایکبووە، زمانی ڕووسی زانیوە، دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت دەگەڕێتەوە ئێران و لە کەرەج کۆچی دوایی کردووە.
$خەباتنامە$
ساڵی 1941 سەربازی یەکێتی سۆڤیەت بوو کە هاتنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دواى کشانەوەى لەشکرى سۆڤیەت و ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە #مەهاباد#، لە ڕێکەوتی 28ى ئایاری 1947 لە گوندی #بەردەسوور#ى ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری ڕێڕەوی بەرەو یەکێتی سۆڤێتی کردووە و لە شەڕەکانی ڕێڕە و بەشدار بووە، لە 16ى حوزەیرانی هەمان ساڵ کاتێک دەگەنە سەر ڕووبارى ئاراس، بە نوێنەرایەتی بارزانی نەمر لە ڕووبارەکە پەڕیوەتەوە بۆ ئەوەی بنکەی پۆلیس ئاگاداربکاتەوە کە مەلا #مستەفا بارزانی# گەیشتووەتە سەر ڕووباری ئاراس و ڕێگای بدرێت تاکو بپەڕێتەوە، دواى پەڕینەوەى هەڤاڵانى لە 18ی حوزەیران لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێودەوڵەتی ئێران لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت. ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان. [1]