ناو: ئیسماعیل
نازناو: سەید ئیسماعیل
ناوی باوک: سەید غەفور سەید حسێن
ساڵی لەدایکبوون: 1917
ڕۆژی کۆچی دوایی: 1985
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #ئیروان#
شوێنی کۆچی دوایی: گوندی #زێوە# ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
$ژیاننامە$
ئیسماعیل غەفور حسێن ساڵی 1917 لە گوندی ئیروان لە شارۆچکەی مێرگەسۆرى سەر بە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە. دوو جار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، پێش چوونی بۆ یەکێتی سۆڤیەت خێزاندار بووە و هاوسەرەکەی ناوی حەلیمە هەمزە بووە و چوار کچیان بە ناوەکانی مریەم کە لە ساڵى 1930 و سەبیحە 1932 و حەیات 1944 و حەسناء 1946 لەدایکبوون، هەبووە. هاوسەری دووەمی بە ناوی پیرۆز محەمەد بووە و دوو کچیان بە ناوەکانی کافیە و هیدایەت هەبووە. لە ساڵی 1985 لە کۆمەڵگای زێوە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش بە خاک سپێردراوە.
$خەباتنامە$
لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ #مستەفا بارزانی# کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
ساڵی 1961 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە. ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر ڕوویکردووەتە وڵاتی ئێران. ساڵی 1976 بەشداریی شۆڕشی گوڵانی کردووە و سەرپەل بووە. لە ئەنفالی بارزانیەکان ساڵی 1983 کورێکی تاقانەی بە ناوی (سەید زرار) لە ئۆردوگای قوشتەپە ئەنفال و بێ سەرو شوێن دەکرێ. لە ساڵی 1985 لە کۆمەڵگای زێوە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش بە خاک سپێردراوە.
[1]