ناو: ساڵح
نازناو: ساکۆ کانیەلنجی
ناوی باوک: عەلی محەمەد
ڕۆژی لەدایکبوون: #1910#
ڕۆژی کۆچی دوایی: #08-12-2002#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی#کانیە لنج#
شوێنی کۆچی دوایی: شاری #هەولێر#
$ژیاننامە$
ساڵح عەلی محەمەد، ناسراو بە (ساکۆ عەلی)، یان (ساکۆ کانیەلنجی)، پێشمەرگە و هەڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت. ساڵی 1910 لە گوندی کانیەلنج لەدایکبووە، لە شۆڕشى دووەمى بارزاندا سەرلق بووە، لە کۆمارى کوردستان فەرماندەى سریە بووە، نوێنەرى #شێخ ئەحمەدى بارزان#ى بووە بۆ ڕاییکردنى کاروبارى ناوچەى بارزان، لە شۆڕشى گوڵان فەرماندەى هێز بووە، بە درێژایى خەباتى 27 جار بریندار بووه، هەڵگرى میدالیاى بارزانییە، ساڵی 2002 کۆچی دوایی کردووە.
ساڵی 1910 لە گوندی کانیەلنجى سەربە شارەدێی گۆڕەتوو لە شارۆچکەی #مێرگەسۆر# لە پارێزگای #هەولێر# لەدایکبووە، پێش چوونی بۆ یەکێتی سۆڤیەت خێزاندار بووە و خێزانەکەی ناوی فاتیمە حەدۆ کەریم بووە، دوو کوڕ و کچێکیان هەبووە بە ناوەکانی هەمین و بەیاز کە لە ساڵى 1942 لەدایک بوون و کوڕەکەیتریان ناوى مووسا بووە. هەروەها لە یەکێتی سۆڤیەت دووبارە ژیانی هاوسەری لەگەڵ نینا پێکهێناوە، هەر لە یەکێتى سۆڤیەت لەبەر زۆری تەمەنی نەیتوانیوە بچێت بۆ زانکۆ و لە کارکردن بەردەوام بووە. هەردوو زمانی کوردی و ڕووسی زانیوە.
$خەباتنامە$
ساڵی 1932 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی یەکەمی بارزان کردووە و لە شەڕەکان بەشدار بووە، دوای نسکۆی شۆڕشی یەکەمی بارزان لەگەڵ خەلیل خۆشەوی، ئەحمەد نادر و عەبدوڵڵا کرکەمویی لە شاخەکانی نزیک گوندی تاتکێ ماوەتەوە. لەگەڵ چەکدارەکانی لە کۆماری تورکیا یارمەتی مەلا #مستەفا بارزانی# داوە.
ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە و سەر لق بووە. لە 2ی تشرینی یەکەمی 1943 بەشداری گرتنی بنکەی پۆلیسی شانەدەر و لە 12ی تشرینی یەکەمی 1943 بەشداری گرتنی بنکەی پۆلیسی خێرەزۆک و لە 20ی تشرینی یەکەمی 1943 بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی شێروان مەزن و لە 10ی تشرینی دووەمی 1943 بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی مەزنێى کردووە، بەم هۆیەوە لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە. لە 5ی ئەیلوولی 1945 بەشداری گرتنی بنکەی پۆلیسی مەیدان مۆریک-ی کردووە، لە 14ی ئەیلوولی 1945 لە کاتی کشانەوەیان بۆ چیای پیرس، بریندار بووە.
لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، لە 31ی ئاداری 1946 لە چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە کۆمار کردووە و فەرماندەی سریە بووە. لە 29ی نیسانی 1946 بەشداری شەڕی قاراواى کردووە لە ناوچەی #سەقز#ى ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرقۆڵ بووە.
لە ساڵی 1947 بەشداریی شەڕی سۆفیان، حەرب و کوێکانى کردووە، دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە 3ی ئاداری هەمان ساڵدا بەشداریی شەڕی نەلۆسی کردووە و فەرماندەیی گرتنی یەک فەوجی چەندرمە بووە و لە 19ی ئاداریش بەشداریی شەڕی شنۆ و نەغەدەی کردووە.
لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان. دواى گەڕانەوەى، هەمان ساڵ نوێنەری شێخ ئەحمەد بارزانی بووە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵایەتی لە ناوچەی بارزان.
ساڵی 1961 بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی کردووە و بەرپرسی میحوەری پیرس بووە. ساڵی 1963 بەشداری شەڕەکانی پیرس و سەری بوک وزاوای کردووە، لە 14ی لەسەر 15ی حوزەیرانی 1963 بەشداری شەڕی سەری ئاکرێی کردووە.
لە دوای ڕێکەوتنی 11 ئازاری 1970 دەبێتە پاسەوانی سنوور لە ناوچەی مێرگەسۆر. ساڵی 1974 فەرماندەی چیای گوڕەز بووە. ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە گوندی کانیەلنج نیشتەجێ بووە و ساڵێک دواتر وەک پەنابەر ڕوودەکاتە ناوچەی گەردییان لە باکوورى کوردستان. ساڵی 1979 بەشداری شۆڕشی گوڵانی کردووە و فەرماندەى هێز بووە. ساڵی 1980 چووەتە کۆماری ئیسلامی ئێران و بە مەفرەزە بەشداریی شەڕەکانی سیدەکان، لۆلان، خرینە و خواکوڕکی کردووە.
ساڵی 1991 گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان، لە 6ی تشرینی یەکەمی 1999 لە کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەر خەبات و بەرخودانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان، یاوەرى بارزانى بەرەو یەکێتی سۆڤێت، شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری پێبەخشراوه. بە درێژایى خەباتى 27 جار بریندار بووە. لە 8ی کانوونی یەکەمی 2002 لە گوندی خێرەزۆک کۆچی دوایی کردووە و لە گوندی کانیەلنج بەخاک سپێردراوە. [1]