بابەت: هزر
نووسین: کاروان بازیان
ناونیشانی بابەت: $مینیمالیزم (سادەگەرایی) چۆن دەتوانێت ژیانمان بگۆڕێت$
مینیمالیزم بزاوتێکی هونەرییە، لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەریهەڵدا. لە هەناوی قوتابخانەی ئەپستراکتەوە هەتووەتە دەرەوە. تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە کە کەمترین ڕەنگ و فۆڕم لەم بوارەی هونەردا بەکاردەهێنرێت. واتا پێشکەشکردنی کارێکی هونەری بەکەمترین وردەکاری. دەوترێت وەک کاردانەوەیەک لەبەرانبەر قوتابخانەی تەعبیری سەریهەڵداوە. ئەوەی گرنگە باسی لێبکەین، لە ئەمڕۆدا مینیمالیزم لە چەندین بواردا سوودی لێوەردەگیرێت، کە دەتوانێت ژیانمان بگۆڕێت.
$بنەچەی زاراوەی مینیمالیزم$
زاراوەی minimalism بە ئیگلیزی و بە فەڕەنسی minimalisme، لە وشەی minimum ی لاتینییەوە هاتووە، کە بەواتای کەمترین دێت و پاشگری ismیش بۆ ئایدیۆلۆژیا یان بزاوت بەکاردێت. لەبەرانبەر ئەم زاراوەیە (سادەگەرایی) م بەکارهێناوە لە زمانی کوردی.
تا ئێستا بابەتگەلێکی ئەتۆی لەسەر نەنووسراوە. بابەتێکە کەمترین بایەخی پێدراوە لە ناو دنیای ڕۆشنبیریی و هونەریی کوردیدا. لە ژیانی ڕۆژانەیشدا هیچ بایەخێکی پێنەدراوە، ئەمە لە کاتێکدا کە زۆر گرنگە بۆ دنیای کورد لە بوارە جیاجیاکاندا.
$مینیمالیزم لە بوارە جیاجیاکاندا$
$وێنەکێشان$:
لەم بوارەدا هونەرمەند کار لەسەر ئەوە دەکات کە کەمترین فۆڕم و ڕەنگ بەکاربهێنێت بۆ وێنەکێشان. هونەرمەندانی لەم بوارەدا بریتین لە:
Malevitch و Ad Reinhardt
$پەیکەرتاشی$:
بەکارهێنانی مادەی خاو و پێکهاتە و فۆرمی ئەندازەیی سادە و سەرەتایی. هونەرمەندانی ئەم بوارەدا بریتین لە:
Carl Andre و Richard Serra
$مۆسیقا$:
تایبەتمەندییەکەی بریتییە لە دووبارەکردنەوەی شێوەی دەنگەکان و بەکارهێنانی ئامێری کەم. زۆرجاریش پێیدەوترێت دووبارە، چونکە بەشێوەیەکی نیوەبەش لەسەر بنەمای دووبارە بونیاد نراوە. هونەرمەندانی ئەم بوارە بریتین لە:
Steve Reich، Michael Nyman، John Adams، Philip Glass، Terry Riley، La Monte Young، Arvo Pärt
$تەلارسازی$:
لە بواری تەلارسازی بریتییە لە کەم بەکارهێنانی تەنیا ئەو مادانەی کە پێویستن و هەروەها فۆکۆسکردنە سەر جوانیی ڕووناکی و دابینکردنی بۆشایی پێویست. ئەوانەی کە لەم بوارە کاری گرنگیان کردووە برتین لە:
Kazuyo Sejima، John Pawson، Eduardo Souto de Moura، Álvaro Siza Vieira.
The reconstruction of Ludwig Mies van der Rohe’s German Pavilion in Barcelona
$دیزاین$:
لە بواری دیزاینیش دەتوانین بڵێىن کورسییە زیگزاگەکەی Gerrit Rietveld یەکێکە لە نموونەکانی مینیمالیزمی دیزاین. چەندین کەس لەم مەیدانەدا دەرکەوتوون لەوانە:
Marteen van Severen، Jasper Morrison، Jean-Marie Massaud، Ronan & Erwan Bouroullec
designed by Gerrit Rietveld
$کۆمیکس$:
(بە ئینگلیزی: Comics و بە فەڕەنسی bande dessinée) یاخود “پەرتوکی وێنەدار”، شێوازێکە بۆ دەربڕینی چیڕۆکێک بەشێوەی وێنەیی، کۆمیک لە زۆربەی جیھاندا بڵاوە. مەبەست ڕوونکردنەوەیە بە وێنەی سادە.
$سەما$:
پەیوەستە بە سەمای هاوچەرخەوە. لە کۆریگرافیدا choreography پراکتیکە دەکرێت.
$فیلم$:
ئەو فیلمانەن کە باس لە چیرۆکێکی سادە دەکەن. ئەوانەی کە لەم مەیدانە دیارن بریتین لە:
Robert Bresson، Carl Theodor Dreyer، Yasujirō Ozu
دیزانی بەرنامەی کۆمپیوتەر و سایتی ئینتەرنێت:
ئەمەیش دەچێتە قاڵبی دیزانی بەرنامەی کۆمپیوتەر و سایتەوە. ئەگەر سەیربکەین دیزاینی سایتەکان تا دێت بەرەو سادەیی دەڕۆن. تەنانەت لۆگۆکان تادێت سادە دەکرێنەوە. نموونەی ئەمەیش سایتی ترانسکولتوورە.
$مینیمالیزم لە ژیانی ڕۆژانەدا$
مینیمالیزم بریتییە لە فەلسەفە و ستایلێکی ژیان کە تێیدا مادەکان تەنیا دەبێت بۆ ئەوە بن ژیانێکی خۆشمان، بەبێ زیادەڕەویی، بۆ فەراهەم بکەن.
بۆ ئەوەی مینیمالیست بین لە ژیانی ڕۆژانەمەندا، هەندێ خو یان داب و نەریتی هەیە پێویستە وازیان لێ بهێنین:
ڕەنگە هیچکام لە ئێمە پێوستی بەوە نەبێت 10 تی-شێرت، شەش قات، یان دە جوت پێلاوی هەبێت، کەچی بە دەیانمان هەیە کە هەرگیز بەکاریشیان ناهێنین.
لەجیاتی دوو سێ ئۆتۆمبیل با یەک دانەت هەبێت.
بوونی چەندین هاندی تەلەفۆن و هەندێ ئامیێری کارەبایی ناپێوست و دووبارە جگە لە داگیرکردنی شوێن هیچ سوودێکیان نییە لای خۆت قەتیسیان بکەی.
بوونی دەیان قەڵەمی جۆراوجۆر، کە دواجار تەنیا بە دوو یان سێ ڕەنگ دەنووسین، جگە لە زیادە مەسرەفی هیچیتر نییە.
لە نانخواردندا، دانانی دەیان جۆری خواردن و میوە لەسەر مێزەکەت، ئەمە لەکاتێکدا بەشێکی کەمی لێ دەخۆی و ئەو دواکەی فڕێدەدەی.
کڕینی پەڕتووک بەبەرکاری، بوونی پەڕتووکخانەیەکی گەورە، بەبێ خوێندنەوە دەچێتە قاڵبی زیادە مەسرەفییەوە.
گۆڕین یان تازەکردنەوەی پێداویستییەکانی ناو ماڵ و وەلانانی کۆنەکان جگە لە زیادەڕەوی هیچی تر نییە.
$فەڕەنسییەکان و مینیمالیزم$
فەڕەنسییەکان یەکێکن لەو میللەتە دەگمەنانەی کە زۆر ڕێز لە شت دەگرن. کەمیان هەن کە بە دەیان دەست جلوبەرگی هەبێت و بەکارینەهێنێت. ئەوان بەپێی پێویستی شت دەکڕن. جلەکانیان تا نەدڕێت فڕێی نادەن. منداڵەکانیان جلی منداڵی هاوڕێ یان کەسوکاریان لەبەردەکەن.
ئەوکاتەی لە زانکۆ بووم لە کوردستان، بیرمە هاوپۆلە کچەکانم هەر ڕۆژە و جلێکیان لەبەردەکرد، بۆ ئەوەش دەیان دەس جلیان لەماڵەوە هەبووە، بەڵام کاتێک هاتم بۆ فەڕەنسا هاوڕێ کچە هاوپۆلەکانم ڕۆژانە هەمان جلی ڕۆژەکانی تریان لەبەرئەکرد و کالایەکی سادەیان لەپێ بوو کە هەرگیز نەیاندەگۆڕی. مەکیاجێکی تابڵێی کاڵیان دەکرد.
لە خواردندا تەنیا ئەوە لەسەر مێزەکەیان دادەنێن کە دەیخۆن، بۆ نموونە هەرگیز سێ جۆر گۆشت دانانەن، تەنیا یەک جۆر و تەواو. فەڕەنسییەکان قاپەکەیان خواردنی تێدا نامێنێتەوە و تا بیکاتە ناو تەنەکەی زبڵەکەوە. تەنانەت منداڵێکی چوار ساڵیش ئەوە ناکات، چونکە هەر لە منداڵییەوە فێردەکرێن.
لە فەڕەنسا هیچ خێزانێک نییە ناوماڵەکەی لەبەر خاتری مۆدێکی تازە بگۆڕێت. ئەو کورسی و مێز و قەنەفەیەی کە هەیەتی، دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ. ئەگەر خۆیشیان پێویستیان نەبێت دەیدەن بە کەسێکی تر یان دەیفرۆشنەوە.
هیچ فەڕەنسییەک نییە بەبێ هۆکار ئۆتۆمبیلەکەی بگۆڕێت. هەمیشە حەزیان لە ئۆتۆمبیلی بچووکە. بە کورتی ئۆتۆمبیل ئامرازێکە بۆ بەکارهێنانی لە ژیانی ڕۆژانەدا نەک خۆدەرخستن.
لە خانوو درووستکردنیشدا، ئەگەر دوو سەد مەتر زەویان لەبەردەستدا بێت، تەنیا سەد مەتری دەکەن بەبینا ئەوەبەشەکەی تری ئەبێت بکرێت بە باخچە. ژوورەکانیش بە پێی پێداوستیی درووست دەکەن.
تەنانەت لە بواری دەوڵەتداریشدا، هیچ داموودەزگایەکی فەڕەنسی نییە قاوەیەک بەخۆڕایی بدات بە کارمەندەکانی. ئۆتۆمبیل و خانوو و شوقە بۆ هیچ لێپرسراوێکی فەڕەنسی ناکڕدرێت. ئەو کەسەی لێپرسراوێتییەک وەردەگرێت تەواوی پێداویستییەکانی ژیانی لەسەر موچەکەی خۆیەتی.
$کورد و مینیمالیزم$
ئەگەر لە خواردنەوە دەسپێبکەین، دنیای کورد زۆر تایبەتە، تەنانەت خێزانێکی کورد لە خێزانێکی عەرەب ناچێت، بە تایبەت لە ڕووی بەفیڕۆدانەوە، بە تایبەتییش لەو بیست ساڵەی ڕابردوو. عەرەب لای کوردەکانی کەرکووک بەوە بەناوبانگن کە خواردن بەفیڕۆنادەن. من چەندین ساڵ لە کەرکووک تێکەڵاوێتیم لەگەڵ عەرەب هەبووە. پێمان سەیر بوو کاتێک کە چەندین کەس پێکەوە نانیاندەخوارد، یان بەرماوەی ئەوەکانی تریان دەخوارد، ئەم حاڵەتەیش لای کوردەکان دەگمەنە، بەڵام لای عەرەب کولتوورە.
لەسەر جلوبەرگیش، کچە ڕۆژنامەنووسێکی هاوڕێم چەند ڕۆژێک لە کوردستان بۆ ئەنجامدانی کاری ڕۆژنامەنووسی مایەوە. لەسەر ئافرەتی کورد وتی ئەو مەکیاجکردن و جلانەی کە زۆربەی ئافرەتی کورد لەبەریدەکەن کاتێک لە ماڵ دەردەچن، بەوانەیشەوە کە لەچکیان لەسەرە، ڕێک وەک جلی لەشفرۆشەکانە لە ئەوروپا. بێگومان قسەکەی تەواو بوو چونکە بۆخۆم لە کوردستان و ئەوروپایش دەژیم.
هاوڕێیەکی کچم هەیە، جارێکیان وێنەی بەشێک لەو جلوبەرگ و ئێکسەسوارانەی کە بڵاویکردنەوە ڕەنگە سۆپەرمارکێتێکی گەورەیش هەر ئەوەندەی تێدابێت، ئەمە لە کاتێکدا بە وتەی خۆی ئەوە بەشێکە لەوەی کە هەیەتی نەک هەمووی. پیاوی کورد وەها دەناسم بایى دەهەزار دۆلار کاتژمێرى هەیە. هەر خەریکى گوڕینى ئۆتۆمبێلە، بەوهۆیەشەوە بە دەیان هەزار دولار زەرەر دەکات، جا ئەوە هەر وازبێنە لە دەمانچە، چەقۆ و تەزبیح کڕین بە نرخی خەیاڵی. بەکورتی، کورد میللەتێکی دەگمەنە لە بەفیڕۆدان و زیادەرەویی. بۆ چارەسەری ئەوەش پێوستی بە بەرنامەیەکی پەروەردەیی گەورە هەیە تا ئاسایی بکرێتەوە.
$مینیمالیزم سوودی چییە$؟
Image: Mizianitka
مینیمالیزم تەنانەت سوودی بۆ لایەنی نەتەوەییش هەیە. بۆ نموونە لە کاتی ناخۆشی و کارەساتەکاندا بوونی سەچاوەی دارایی پێویست چەندین دەرگا دەکاتەوە، چونکە دواجار جیهان مادە بەڕێوەی دەبات. هەروەها بە پەیڕەوکردنی مینیمالیزم دەتوانین پاشەکەوتی باش بکەین، کورد وتەنی ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش.
سوودەکانی مینیمالیزم
$بە فیڕۆنەدانی پارە$:
بە پەیڕەوکردنی مینیمالیزم ڕۆژانە بڕێکی زۆر قازانجی مادیمان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەش وا دەکات لە ساتە سەختەکاندا بتوانین خۆمان دەربازبکەین.
$فەراهەمبوونی بۆشایی$:
کاتێک دەستنابەین بۆ کڕینی هەندێ شتی ناپێویست بۆشاییەکی زۆرمان بۆ دەمێنێتەوە کە دەکرێت لە کاتی پێویستدا بەکاریبهێنین.
$پاراستنی ژینگە$:
بەشێکی زۆری ئەو شمەکانەی کە دەیکڕین ڕەنگە لە پلاستیک یان نەوت درووستکرابن، ئەوەش زیانێکی گەورەی بۆ ژینگە هەیە. هەر ئێوە سەیرکەن ئەو خەڵکانەی کە لە کوردستان دەچن بۆ سەیران چەندە ژینگە پیس دەکەن.
$بەرگەگرتن لە ساتە سەختەکاندا$:
مینیمالیزم مرۆڤ والێدەکات کە قەناعەتی هەبێ بەوەی کە هەیەتی، بەوەش مرۆڤگەلێکی سادە بەرهەم دێت کە دەتوانێت بەرگەی نەهامەتییەکان و ساتە سەختەنکان بگرێت. [1]