ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین ڕاپۆڕتیدا، ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوەن، هەروەها هۆشداریش دەدات لەوەی، لانی کەم 109 خۆپیشاندەر مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کە بارەگاکەی لە نەرویجە، لە ڕاپۆڕتێکدا نوێترین ئامارەکانی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ماوەی نزیکەی چوار مانگە بەردەوامە، بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە، لەئێستادا لانی کەم 109 خۆپیشاندەر مەترسی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ئاماژەی بەوەش کراوە، زۆربەی ئەو کەسانەی، کە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە لە سێ پارێزگای خوزستان، سیستان و بەلوچستان و تارانن، ڕونیشیکردووەتەوە، لە پارێزگای خوزستان 24 خۆپیشاندەر، لە سیستان و بەلوچستان 22 خوپێشاندەر و لە تارانیش 20 خۆپیشاندەری دەستبەسەکراو مەترسی سەپاندن و جێبەجێکردنی ئەو سزایەیان لەسەرە.
ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران، نموونەی ئەشکەنجەی سێکسی خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراو باس کراوە و دەتوانین بڵێین، ئەو کارە پلان بۆ داڕێژراوە و مکانیزمێکی سیستماتیکی لە پشتەوەیە.
لە بەشێکی تری ڕاپۆڕتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دا هاتووە، لە ماوەی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان تا ئێستا لانی کەم 481 خۆپیشاندەر لە ئەنجامی توندوتیژی و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران گیانیان بەختکردووە، کە لەو ژمارەیە 64 کەسیان منداڵ و 35 کەسیشیان ژنن.
دەسەڵاتی دادی ئێران، بە تۆمەتەکانی (بڵاوکردنەوەی خراپەکاری لەسەر زەوی) و (شەڕ دژ بە خوا) سزای لە سێدارەدانی بەسەر ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرە دەستبەسەرکراوەکان دا سەپاندووە و هەر یەک لە موحسێن شکاری، مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد، #محەمەد مەهدی کەرەمی# و محەمەد حێسنی-شی بە بێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو و دادگاییکردنی دادپەرەوانە لەسەر بنەمای ئەو جۆرە تۆمەتانە لە سێدارە دا.
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو چوار خۆپیشاندەرە لە کاتێکدایە لەسەر ئاستی جیهانی کاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام سەرباری ئەوە هێشتا جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان بەردەوامە و کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامیش سوورن لەسەر درێژە پێدان بە جێبەجێکردنی ئەو سزایە لەسەر خۆپیشاندەران. [1]