کورد و ئەنفال
#بارام سوبحی#
هیچ کەس لە قوربانیانی ئەنفال تاوانبار نەبوو. خودایش دەزانێت کە لە کوردبوون بەولاوە هیچ تاوانێکیان نەبووە، بەڵکوو تاوانی مەزنی ئەوان هەر کورد بوونە کە دەبوو لەو چەرخەی بەعسی سەدامی چەپەڵدا کورد بە چەکی بەعس، بە کیمیایی بەعس بمرن، هەر لەبەر ئەوەیە خودا وەک کورد درووستی کردوون. نووسەر و توێژەر و دادوەری ناسراوی ئێراق (زوهێر کازم عەبود) وا دەڵێت. هەروەها ڕەخنە لە بێدەنگی جیهان و وڵاتانی عەرەبی لەئاست تاوانی ئەنفال دەگرێت و دەڵێت: نە پێنووسێکی عەرەب ئاماژەی پێکرد، نە فیلمی سینەمایی عەرەب و کۆمپانیاکانی هۆڵیوود سوودیان لێ بینی. نە ویژدانی عەرەبانی بۆ بزوا.. نە شکۆی عەرەب کڕنۆشی برد یان سەری نەوازشی نەوی کرد بۆ لەشی منداڵەکان و لێبوردنی خواست لێیان. پەڕتووکی دادگایی ئەنفال، لە نووسینی (زوهێر کازم عەبود) و وەرگێڕانی محەمەد گۆمەییە. ئەم پەڕتووکە (300) لاپەڕەیە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە. پەڕتووکەکە لە شەش بەش پێکهاتووە بەم ناونیشانانە: کوورتەیەک لەسەر ئەنفال، ئەنفال و یاسای نێونەتەوەیی، بەڵگە لەسەر پڕۆسەی ئەنفال، تاوانەکانی ئەنفال لەدیدی یاساوە، بڕیاری دادگا و پڕۆسەی تاوانبارکردن، تێڕوانین.
$کورد و ئەنفال و قورئان$
بەبڕوای نووسەر دیکتاتۆری ئێراق سەدام حسێن نیازی بووە لەسەرەتای هەشتاکاندا پڕۆسەی ئەنفال جێبەجێ بکات، بەڵام شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران پڕۆسەکەی دواخستوە، لەوبارەیەوە دەنووسێت: لەڕاستیدا سەدام و ڕژێمەکەی پێشتر نەخشەی کۆمەڵکوژیی نەتەوەی کوردیان کێشابوو، بەڵام هەڵگیرسانی جەنگی ئێراق ئێران بووە کۆسپ لەڕێی ئەنجامدانی. پاشان لەبارەی پێناسەی ئەنفالەوە، دەڵێت: ئارەزووی دیکتاتۆر ئەوە بوو هیچ جۆرە واتایەک بۆ ژیان لە و کوردستانەدا نەمێنێت، هیچ دیاردەیەک بۆ ئەو نەتەوەیە لەسەر زەوی و تەنانەت لەمێژویشدا نەهێڵێت، ئەوەیە تراژیدیای ئەنفال. لەبارەی هەڵبژاردنی ناوی ئەنفال کە سوورەتێکی قورئانی پیرۆزە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە، نووسەر دەڵێت: دیارە مەبەستی ڕاستەقینەی ئەو لەهەڵبژاردنی (الانفال) بۆ ئەوە بوو تاوانی کۆمەڵکوژییەکانی لە ئەستۆی خۆی لابدات و لەشێوەی خواستێکی خودایی، تا بتوانێت گشت جۆرە زیندەوەرانی ئەو دەڤەرەی چالاکییەکان دەیگرنەوە قەڵاچۆ بکات.
نووسەر هۆکاری زیندەبەچاڵکردنی کوردانی دەگێڕێتەوە بۆ ئارەزووی سەدام و دەڵێت: سەدام سووربوو لەسەر ئەوەی مرۆڤ بە گوللە یان لەسێدارەدان نەکوژرێت، چونکە خۆی و ئامۆزاکەی (عەلی حەسەن مەجید: عەلی کیمیایی) چێژیان لەوە وەردەگرت کە بە کۆمەڵ لە و گۆڕانەدا زیندەبەچاڵ بکرێن.. ئەوان پتر چێژیان لە گریان و هاواری ئەوانە وەردەگرت کە ئازار و فرمێسکیان تێکەڵ بە و خاکە بووە کە دەمی پڕکردوون و هەناسەی لێ بڕیون.
$قوربانییەکان و تاوانی کورد بوون$
نووسەر جەخت لە بێتاوانی قوربانیانی ئەنفال دەکاتەوە و دەڵێت: هیچ کەس لەوان تاوانبار نەبوو. خودایش دەزانێت کە لە کوردبوون بەولاوە هیچ تاوانێکیان نەبووە، بەڵکوو تاوانی مەزنی ئەوان هەر کورد بوونە کە دەبوو لەو چەرخەی بەعسی سەدامی چەپەڵدا کورد بە چەکی بەعس، بە کیمیایی بەعس بمرن، هەر لەبەر ئەوەیە خودا وەک کورد درووستی کردون. ئەوەی مایەی نیگەرانی نووسەرە تا ساتی نووسینی پەڕتووکەکەی، ئەنفال بارتەقای گەورەیی و مەزنی کارەساتە تەماشا نەکراوە، بۆیە بەپێویستی دەزانێت لێکۆڵینەوە لەبارەی پاڵنەرەکانی سەدام بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە بکرێت. لەوبارەیەوە دەنووسێت: ئەنفال کێشەیەکە نە بەگوێرەی قەوارەی شیاوی خۆی لێی ڕوانراوە، نە وەک تاوانێکی دزێوی مێژوویی ئەم سەردەمە، یانیش وەک کارەساتێکی مرۆڤانەیی کە مێژووی نزیک تۆماری کرد بێت، بەڵکوو قەیرانێکی مرۆڤانەیی زەق بووە و بەنێو بێدەنگیی نێونەتەوەییدا سووک و ئاسان خشکەی کرد و تراژیدیایەک بوو پشت ئەستوور بە گشت ئەو جۆرە کەرەستە یاسایی و پابەندێتییەی ڕێگەی ئەنجامدانیان بۆ تەخت کردبوو، بۆیە دەبێت ئێمە لە و هۆکارە ڕاستەقینانە بکۆڵینەوە کە پاڵی ناوە بە ڕژێمی سەدامەوە، ئەو تاوانە ئەنجام بدات و سوور بێت لەسەر تەواوکردنی قۆناغەکانی.
$ئەنفال شەرمە بۆ مرۆڤایەتی$
لە بەشێکی دیکەی پەڕتووکەکەیدا، نووسەر بەتووندی ڕەخنە لە بێدەنگی وڵاتانی جیهان و وڵاتانی عەرەبی دەگرێت. لەبارەی عەرەبەوە دەڵێت: نە پێنووسێکی عەرەب ئاماژەی پێکرد، نە فیلمی سینەمایی عەرەب و کۆمپانیاکانی هۆڵیوود سوودیان لێ بینی. نە ویژدانی عەرەبانی بۆ بزوا.. نە شکۆی عەرەب کڕنۆشی برد یان سەری نەوازشی نەوی کرد بۆ لەشی منداڵەکان و لێبوردنی خواست لێیان. سەبارەت بە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەبارەی ئەنفالەوە دەڵێت: جیهانێکی زۆر سەیرە، لەویش سەیرتر دۆشدامانییەکەیەتی. جیهانیان هەر بەو بێدەنگییە بەبەشدار دەژمێردرێن لەو تاوانانەی تەنانەت لە دەنگی کپکراوی مردوویش ناچێت و بەوەیش کە بوون بە ڕێگر لە بڵاوبوونەوەی پەیامی ئەو مردنە قەشەنگەی کورد و ڕەش بێت مرۆڤایەتی کە نەیکرد مافە نەتەوایەتی و مرۆیی و ئایینییە شایستەکانیشیان لەگەڵ بخەنە چاڵ و هەروا هێشتیانەوە. چەندیش شەرمە بۆ مرۆڤایەتی کە ئەوانیان نایەتەوە یاد.
$دادوەرێکی میسریی و دادگای تاوانەکان$
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی (2003) ، دادگای باڵای تاوانەکان پێکهات بۆ دادگایگردنی سەرانی بەعس لەهەمبەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلانی ئێراق ئەنجامیانداوە. نووسەر ئاشکرای دەکات ئەو یاسایەی تاوانبارانی پێ دادگایی کراوە، لە داڕشتنی پرۆفیسۆر (محەمەد شەریف بەسیونی) بووە، کە یاساناسێکی بە ڕەگەز عەرەبی میسر و بە پێناسە ئەمریکییە، ناوبراو پێشتر لە دادگای تاوانەکانی نێونەتەوەییدا دادوەر بووە، ئێستاش مامۆستای یاسایە لە زانکۆی دیپۆڵ و سەرۆکی پەیمانگای سزای نێونەتەوەیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە.
-عەبود ئاماژە بەوەدەکات دادگای باڵای تاوانەکان، بەرپرس بووە لە بەڕوخستنی ئەو تاوانکارییانەی لەنێوان (17-07-1968 و 01-05-2003) لە ئێراقدا ئەنجامدراون، دژ بەگەلی ئێراق و گەلانی هەرێم و ئەو کوشتارە دڕندانەی لێی کەوتونەتەوە. دادگای باڵای تاوانەکان لە 16-05-2007 بڕیاریدا بەگرتنەبەری کارایی یاسایی سەبارەت بە و کەسانەی ناویان لە بەڵگەنامە فەڕمییەکان و ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە و دادگادا هاتوون، ئەو کەسانەش ژمارەیان (423) داواکراوە، ناوەکانیش بە وەفیق عەجیل سامەڕایی دەست پێدەکات و بە حەمەسەعید ئەحمەد محەمەد هارونی کۆتایی دێت.
دەسەڵاتدارانی هەرێم هۆکاری ڕادەست نەکردنی جاش و موستەشارەکان دەگێڕنەوە بۆ ئەو لێبوردنەی لەسەروەختی ڕاپەڕینی ساڵی (1991) دا لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە بۆیان دەرچووە، بەڵام نووسەر هێما بۆ بڕگەیەکی یاسای دادگای باڵای تاوانەکان دەکات، کە تیایدا هاتووە: هەر فەرمانێکی لێبوردن لەپێش دەستبەکاربوونی ئەم یاسایەوە دەرچوو بێت، هیچ یەک لەو کەسانە ناگرێتەوە ئەگەر یەکێک لە و تاوانانەی ئەنجام دابێت کە لە دەقەکانیدا هاتوون. تاوانەکانیش بریتین لە: تاوانی جینۆساید، تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ، تاوانی پێشێلکردنی یاسا ئێراقییەکان.
$نۆ هەزار لاپەڕە و حەفتا شاهید$
لە دوا دانیشتنی دادگای کەیسی ئەنفالدا کە لە ڕۆژی 24-06-2007 بەسەرۆکایەتیی دادوەر (محەمەد عرێبی) بەڕێوەچوو، داواکاری گشتی (مونقیز ئال فیرعەون) وتارێکی پێشکەشکرد، ڕایگەیاند قەوارەی ئەو پڕۆسەیەی لەبەر دەستدایە بریتییە لە (9312) لاپەڕە، بەڵام (ئەوەی ئاشکرایە تەنانەت ئەو بەڵگەنامە تەسەلانەیەشی لەم پڕۆسەیەدا هەن، ناتوانن بەتەواوی دیمەنی ئەو دڕندەیی و بەربەرایەتییە دەرخەن کە قوربانیان چەشتویانە) . لە کۆی (1175) کەس کە ناویان وەکوو سکاڵاکار لە کەیسی ئەنفالدا تۆمارکرا بوو، تەنیا نزیکەی حەفتا کەس چونە هۆڵی دادگا، ئەو کەمکردنەوەیەش لەسەر بڕیاری دەستەی سەرۆکایەتی دادگاکە بوو. بۆیە نووسەر ڕەخنە لە و بڕیارەیان دەگرێت و دەڵێت: دەزگاکانی لێکۆڵینەوە ژمارەیەکی کەمیان لە دیدەران هێشتوەتەوە، بۆیە زۆر سەرکەوتوو نەبوون لە دەستنیشانکردنی خاوەن دیدنامەی پێکەر… زۆر دیدەر هەن لەدەرەوەی ئێراق دەژیین نەیانتوانی دیدنامە پێشکەش بکەن، هەروەها دادگا نە ئەوەی کرد لە ڕێگەی کەناڵەکانی میدیاوە چۆنییەتیی ئامادەبوونیان بڵاوبکاتەوە، نە کەسی دەنارد بۆ تۆمارکردنی دیدنامەیان. جگەلە شایەتحاڵەکان، نووسەر ڕەخنە لەوەش دەگرێت کە دەزگای لێکۆڵینەوە نەیتوانیوە شاهێدی تاوانباران لەدژی یەک بەکاربهێنێت و دەڵێت (دەزگای لێکۆڵینەوە لە و ئاستەدا نەبوو بتوانێت لە کەسێکیان (تاوانباران) دیدنامە دەرکێشێت دژی ئەوانی تر) . هەروەها دەڵێت: دیدنامەی هەندێک کەس تۆمار نەکراوە کە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بەشداربوون لە و تاوانە.. لەوانە کاری شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلە تایبەتانەی قوربانییەکانیان دەگواستەوە، شۆفێری شۆڤڵ و خاکدڕەکان کە لاشەی قوربانیانیان لەچاڵ دەنا، ئەو کەسانەی لەسوپادا بەشداری قڕکردن و ڕانینی قوربانییان بوون بەرەو چارەنووس، یان هەر کەسێکی تر لەوانەی دەتوانن تیشک بخەنە سەر ئەو ڕاستییانەی لەشوێنەوارەکاندا بینویەتی.
لەدرێژەی ڕەخنەکانی لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی شایەتەکان و بەشداربوانی ئەنفال، نووسەر دەڵێت: نەدەبوو ژمارەی بەشداربووانی ئەو تاوانکارییە بۆ ئەو ژمارە کەمە کەم بکرێنەوە.. پێویست بوو دەزگای لێکۆڵینەوە بە تێر و تەسەلی ڕۆڵی تاوانباران ڕوون بکاتەوە. ناکرێت ناوی زۆر لەو تاوانبارانە بشارنەوە… دەبوو دەزگای لێکۆڵینەوە ورد لەو تاوانکاریی و بەڵگە و دیاردانە بکۆڵێتەوە کە دژ بە و تاوانبارانە هاتنە پێش (مەبەستی لیستی 423 کەسیەکەیە) و کار ڕاییەکی یاساییان لەسەر ئەو ئاستە بکردایە، کێشەکە و تاوانبارانی کێشەکە، ئەگەر بەدەستگیرکردنی هەندێکیان بوبێت، یان ئازادکردنی هەندێک لەوانەی لەڕوی یاساییەوە بەشیاوی دەزانن سەربەست بکرێن.
$پارێزەری کورد و دادوەری بەعسی$
ڕەخنەیەکی دیکەی نووسەر ئەوەیە سەرجەمی تیمی پارێزەرانی قوربانیانی ئەنفال کورد بوون، کە بەبڕوای ئەو دەبوو پارێزەری نەتەوەکانی دیکەی ئێراقی تێدابوایە، لەوبارەیەوە دەنووسێت: تیمی بەرگری لە قوربانیان گشتیان پارێزەری کورد بوون، ئەوەیان لەبیرکرد کە پارێزەری ئێراقی بواری بەرگریی لە مافی کەسایەتی لەگەڵ خۆیان بەشداری پێ بکەن، تا کێشەکە بکەوێتە قاڵبێکی مرۆڤانەیی و ئێراقی، نەوەک تەسک بێتەوە بۆ بازنگەیەکی تەسکی نەتەوەیی. دواتر ڕەخنە لەشێوازی خستنەڕوی بەڵگەنامەکان لە دادگادا دەگرێت و دەڵێت: لەخستنەڕووی بەڵگەنامەکاندا تەنیا ئەو ئامۆژنامە و دەستنووسانە و فەرمانە لەشکری و ئاساییشیانەیان بەبەس زانی کە یارمەتیدان بۆ ئاشکراکردنی ڕۆڵی تاوانباران، دادگا ئەو قوربانیانەی نەخستەڕو کە منداڵی ساوا بوون و ئۆپەراسیۆن لەناوی بردن، هەروەها تیشک نەخرایە سەر ئەو لایەنە مرۆڤانەیەی چەپەڵی تاوانکارییەکان دەردەخات.
یەکێکی تر لە ڕەخنەکانی نووسەر، دانانی دادوەر (عەبدوڵڵا عەلی عەلوەش ئەلعامریی) ە بەسەرۆکی دادگا، کە بەوتەی نووسەر ئەو دادوەرە بەعسی بووە، ئەمە جگە لەوەی لە یەکێک لە دانیشتنەکانی دادگادا بە سەدامی وت (تۆ دیکتاتۆر نەبوویت) ، دواتریش لەژێر فشاری شەقامدا لابرا.
پاش لابردنی ئەلعامری، دادوەر (سەعید ئەلهاشمی) شوێنی گرتەوە، بەڵام دەستەی ڕیشەکێشکردنی بەعس تۆمەتی بەعسیبوونی خستەپاڵی و لە کارەکەی دوریخستەوە و لەبری ئەو دادوەر (محەمەد عرێبی) دانرا. کەچی دواتر دەستەی ڕیشەکێشکردنی بەعس داوای لێبووردنی لە هاشمی خواست گوایە هەڵە بوون، وەکوو نووسەر دەڵێت: ئەوە بووە هۆی لاوازیی باوەڕ بە دادگا و زۆر لە دوژمنانی ئێراقی نوێ ئەو کێشەیە وەک ڕەخنە لە کۆڕەکانی دادگایی بەکاردەهێنن.[1]
دادگای ئەنفال
ڕۆژی (21-08-2006) یەکەم دانیشتنی دادگای ئەنفال دەستی پێکرد.
ڕۆژی (24-06-2007) دوا دانیشتنی دادگا کە دانیشتنی ژمارە (61) بوو بەڕێوەچوو.
هەریەکە لە عەلی حەسەن مەجید، سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری، یاریدەدەری سوپاسالاری ئێراق حسێن ڕەشید تکریتی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.
هەریەکە لە بەرپرسی دەزگای زانیاری سەربازی سابیر دوری، فەرحان موتڵەگ جبوری بەرپرسی هەواڵگری سەربازی بەزیندانی هەتاهەتایی سزادران.
بڕیاری بێتاوانیش بۆ پارێزگاری موسڵ تاهیر تۆفیق ئەلعانی دەرچوو.
زوهێر کازم عەبود، لە شاری دیوانییە لەدایکبووە، دەرچوی کۆلێژی یاسای زانکۆی بەغدایە، وەکوو یاریدەدەری دادوەرو توێژەری یاسایی و پارێزەر لە دادگاکان کاریکردووە
دەرچووی خولی هەشتی پەیمانگای دادوەریی ئێراقیە لە ساڵی (1984/1985) .
دادوەر بووە لە دادگاکانی ئێراق، ئەندامی یەکێتی نووسەرانی سوید و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، وانەبێژە لەکۆلێژی یاسای ئەکادیمیی عەرەبی لە دانیمارک. خاوەنی بیست پەڕتووکە لەبارەی پرسی کورد و دەستووری ئێراق و پێکهاتەکانی وەکوو شەبەک و ئێزیدی و کوردی فەیلی.