ناونیشانی بابەت: هۆکار و چارەسەری کەمیی سپێرم
ناوی نووسەر: #ڤینوار زاهیر#
هۆکارەکانی کەمیی سپێرم و چارەسەرەکەی (بە ئینگلیزی: Low sperm count and it is treatment، oligozoospermia، بە عەرەبی: انخفاض عدد الحیوانات المنویة والعلاج) ، حاڵەتێکە لە پیاواندا ڕوودەدات کاتێک لە هەر میلیلیترێک لە تۆواو کەمتر لە 15 ملیۆن سپێرمی تێدایە. بە شێوەیەکی گشتی کەمی سپێرم بابەتێک نییە بەردەوام لە مێشکی مرۆڤدا بێت و بیری لێ بکاتەوە، بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر باسی درووستکردنی خێزان بێگومان بەشێکی زۆری سەرنجی کەسەکە داگیر دەکات. لە کاتێکدا بە تەنیا یەک سپێرم پێویستە بۆ ئەوەی بە هێلکە بگات و کرداری پیتاندن ڕووبدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک کەسدا دەکرێت ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە سەخت بێت. تاکوو ژمارەی سپێرمەکان زیاتر بێت، ئەگەری گەیشتنی سپێرم بە هێلکە و ڕوودانی کرداری پیتاندن زیاتر دەبێت. هەبوونی کێشە لە سپێرمدا لەڕووی ژمارە و کوالێتییەوە حاڵەتێکی باوە، یەک لەسەر سێی ئەو ژن و مێردانەی بەتەمای درووستکردنی منداڵن دووچاری ئەم حاڵەتە دەبنەوە.
$هۆکارەکانی کەمیی سپێرم$
کەمیی ژمارەی سپێرم بە یەکێک لە هۆکارەکانی نەزۆکی لە پیاواندا دادەنرێت. لە کاتێکدا ئەم بڕە بە کەم دادەنرێت ئەگەر لە هەر میلیلترێک لە تۆواودا کەمتر لە 15 ملیۆن سپێرم هەبوو، ئەم بڕە لە کەسێکی ئاساییدا کە هیچ کێشەیەکی نەبێت دەگاتە نزیکەی 75 ملیۆن سپێرم. ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون زیاد دەکەن بریتیین لە کێشی زیادەی لەش (قەڵەوی) ، ئەنجامدانی نەشتەرکاری گونەکان لە ڕابردوودا و بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی تایبەت. ئەو شتانەی تر کە ئەگەری تووشبوون زیاد دەکەن بریتییە لە بەرکەوتنی گونەکان بە پلەیەکی گەرمی بەرز یان هەبوونی کێشەیەکی پزیشکی وەک هەندێک نەخۆشی. بێجگە لەمانە چەند هۆکارێکی تریش بوونیان هەیە و بۆ سێ گرووپ پۆلێندەکرێن ئەوانیش بریتیین لە هۆکاری پزیشکی و ژینگەیی و شێوازی ژیان.
1. هۆکاری پزیشکی
هۆکارەکانی وەک هەبوونی ئەو نیشانانەی پەیوەندییان بە کۆئەندامی نێرینەی کەسەکەوە هەیە، زیانگەیاندن و نەشتەرکاری و هەروەها کۆنیشانەی کلاینفێلتەر (Klinefelter syndrome) ئەگەری تووشبوون بە کەمیی سپێرم زیاد دەکەن. چارەسەرە شێرپەنجەییەکانی وەک چارەسەری کیمیایی و چارەسەر بە تیشک و نەشتەرکاری دەکرێت کار لەسەر بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنەکان و سپێرم بکەن. ڕاستە و خۆ بەرکەوتنی گونەکان بە تیشک، زیان بەو خانانە دەگەیەنێت کە بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی سپێرم. لە کاتێکدا بەکارهێنانی تیشک یان نەشتەرکاری بۆ مێشک بە شێوازێکی تر دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی سپێرم ئەویش بە کارکردنە سەر ئەو هۆڕمۆنانەی لە چالاککردن و بەرهەمهێنانی سپێرم بەشدارن.
هۆکارەکانی تر بریتیین لە:
هەڵئاوسانی ئەو خوێنهێنەرانەی خوێن بۆ گونەکان دەگوازنەوە، حاڵەتێکە لە زانستی پزیشکیدا بە ڤاریکۆسڵ (varicocele) ناسراوە، هەروەها یەکێکە لە باوترین هۆکاری نەزۆکی لە پیاواندا.
تووشبوونە میکرۆبییەکان یان نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان (STD) یەکێکی ترن لە هۆکارەکانی تووشبوون، کە دەبێتە هۆی بلۆککردن و زیانگەیاندن بە کۆئەندامی زاوزێ.
لاوازی یان هەبوونی کێشە لە کۆئەندامی بەرگریدا.
تووشبوون بە حاڵەتی وەک بە ڕیشاڵبوونی چیکڵدانەیی، کە ڕێگە لە گواستنەوەی سپێرم دەکات.
هەندێک لەو دەرمان و چارەسەرانەی بۆ حاڵەتە جۆراوجۆرەکان بەکاردەهێنرێت وەکوو چارەسەری شێرپەنجە و دەرمانی دژەبەکتریا و دژەکەڕوو لەگەڵ دەرمانی چارەسەرکردنی برین.
نەشتەرکاری بۆ کۆئەندامی زاوزێ لە ڕابردوودا ئەنجامدرابێت، وەکوو نەشتەرکاری گونەکان، میزڵدان و هەندێک جۆری تر.
2. هۆکاری ژینگەیی
پلەی گەرمی سپێرمەکان لەچاو پلەی گەرمی جەستەدا کەمترە، بەرکەوتنی گونەکان بە گەرمییەکی زۆر کار لەسەر بەرهەمێنانی سپێرم دەکات، ئەمە واتای ئەوەیە تەنانەت دانانی لاپتۆپ لەسەر ڕانەکانیشت ئەگەری هەیە کار لەسەر بەرهەمێنانی سپێرم بکات و ببێتە هۆی کەمبوونەوەیان. هۆکارە ژینگەییەکانی تری وەک بەرکەوتن بە تیشکی ئێکس (X-ray) یان هەر سەرچاوەیەکی تری زیانبەخش کار دەکاتە سەر ژمارەی سپێرمەکان.
3. شێوازی ژیان
هەندێک شتی وەک بەکارهێنانی دەرمانی قوورس و ماددە کحولییەکان بە بەردەوامی، بە هەمان شێوە کار لەسەر سپێرمەکان دەکات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەیان. هەروەها ئەو دەرمانانەی بۆ زیادبوونی قەبارەی ماسوولکەکان بەکاردەهێنرێن، دەبنە هۆی گرژبوونەوەی گونەکان و کەمبوونەوەی سپێرم. دەکرێت هۆکارەکانی تر بریتیبن لە:
ئەو دەرمانانەی بۆ زیادبوونی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن بەکاردەهێنرێن، ڤیتامین و تەواوکەری خۆراکی پێش یاریکردن لە هۆڵی لەشجوانی.
ئەو ئیشانەی بۆ ماوەیەکی زۆر و درێژ پێویست بە دانیشتن دەکات، وەکوو شۆفێری.
کێشی لەش، بە تایبەتی ئەگەر کێشی زیادەت هەبێت واتە قەڵەو بیت، ئەوا لە ئەنجامدا کاریگەریی لەسەر هۆڕمۆنەکان درووست دەبێت.
نیشانەکانی کەمیی سپێرم
دەکرێت هەست بە هیچ جۆرە نیشانەیەکی ئەم حاڵەتە نەکەیت، تاکوو ئەو کاتەی هەوڵی درووستکردنی خێزانێک دەدەیت، لە ڕاستیدا سەرەکیترین نیشانەی کەمیی سپێرم بریتییە لە نەزۆکی. ئەگەر کەمیی سپێرم لە ئەنجامی حاڵەتەکانی وەک ناهاوسەنگی هۆڕمۆن و ناڕێکی کرۆمۆسۆمەکان و هەبوونی کێشە لە گونەکاندا ڕووبدات، ئەوا کەسەکە هەست بە چەند نیشانەیەک دەکات، وەکوو:
- کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی.
- هەبوونی ئازار یان هەڵئاوسانی گونەکان.
- کەمبوونەوەی مووی جەستە و ڕووخسار.
- دەستنیشانکردنی کەمیی سپێرم
لە کاتی هەستکردن بە نیشانەکان، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ ئەوەی دووچاری هەندێک کێشەی وەک نەزۆکی نەبیت. بە زۆری ئەم حاڵەتە لە ڕێگەی پشکنینی جەستەیی و وەرگرتنی زانیاری لە نەخۆشەکە و هەندێک جۆری شیکردنەوە دەستنیشان دەکرێت. هەروەها چەند پشکنینێکی تریش دەکرێت ئەنجام بدرێت وەکوو:
- پشکنینی خوێن بۆ دەستنیشانکردنی ئاستی هۆڕمۆن و کرۆمۆسۆم.
- ئەنجامدانی سۆنەر بۆ دەرخستنی پڕۆستات و گونەکان.
وەرگرتنی شانەیەک لە ناوچەی مەبەست بۆ ئەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی سپێرم هەڵبسەنگێنرێت.
$چارەسەر$
چارەسەری کەمیی سپێرم بەپێی هۆکارەکەی دەگۆڕێت، بە شێوەیەکی گشتی چارەسەرەکان بریتیین لە:
1. نەشتەرکاری
ئەنجامدانی نەشتەرکاری یەکێکە لە هەڵبژاردەکانی چارەسەری کەمیی سپێرم، بۆ نموونە ئەگەر کەسەکە لە ئەنجامی تووشبوون بە ڤاریکۆسڵ تووشی کەمیی سپێرم بووبێت، واتە لە ئەنجامی گەورەبوون یان فراوانبوونی ئەو بۆرییە خوێنانەی خوێن بۆ گونەکان دەگوازنەوە ئەوا دەکرێت لەم حاڵەتەدا نەشتەرکاری ئەنجام بدرێت.
2. بەکارهێنانی دەرمان
دەکرێت دەرمان بۆ چارەسەری تووشبوونی میکرۆبی کۆئەندامی زاوزێ بەکاربهێنرێت. زۆر گرنگە ئەو میکرۆبە بە تەواوەتی نەهێڵرێت. هەندێکجار سەرەڕای چارەسەرکردنی تووشبوونە میکرۆبییەکە، بەهۆی زیانگەیاندنێکی زۆر بە خانەکان، ژمارەی سپێرمەکان بۆ بارودۆخی ئاسایی ناگەڕێتەوە.
3. چارەسەرکردنی هۆڕمۆنەکان
لەبەرئەوەی بەرزی یان نزمی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن و هەندێک هۆڕمۆنی تر دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی سپێرم، چارەسەرکردنی ئاستی ئەم هۆڕمۆنانە لە ڕێگەی دەرمانەوە و گەڕانەوەیان بۆ ئاستی ئاسایی خۆیان لەوانەیە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە.
4. دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان
لە ساڵی 2016 پێداچوونەوەیەک لەسەر 20 لێکۆڵینەوە ئەنجامدرا، کە لەسەر کەسانی جگەرەکێش ئەنجامدرابوو بە بەشداربوونی نزیکەی شەش هەزار کەس. لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستبوو کە ئەو کەسانەی بە بەردەوامی جگەرەیان کێشاوە دووچاری کەمیی سپێرم بوونەتەوە.
5. بەپێی پێویست بخەوە و ڕاهێنان بکە
چەندین لێکۆڵینەوە ئەوەیان دەرخستووە، ئەو کەسانەی لە ئەنجامی زۆری کێش و قەڵەوی دووچاری کەمیی سپێرم دەبنەوە دەتوانن لە ڕێگەی دابەزاندنی کێش و ڕاهێنانکردن چارەسەری ئەم حاڵەتە بکەن.
6. سەرچاوەی چەورییە تەندرووستەکان زیاد بکە
چەورییە تەندرووستەکانی وەک ئۆمێگا سێ و شەش یارمەتیی بنیاتنانی سپێرمەکان دەدات. لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە ئەو پیاوانەی نەزۆکبوون و ئۆمێگا سێیان وەرگرتووە، لە ئەنجامدا ژمارەی سپێرمیان زیادیکردووە.
7. چەورییە ناتەندرووستەکان کەم بکەرەوە
لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2014 دەریخستووە ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 23 ساڵ بووە و بڕێکی زۆر لە چەورییە ناتەندرووستەکانیان بەکارهێناوە، لە ئەنجامدا دووچاری کەمیی سپێرم بوونەتەوە. [1]