بەڕێوبەری گشتی دژەتیرۆر پەیامێکی بۆ یادی 35 ساڵەی کارەساتی کیمیابارانی #هەڵەبجە# بڵاوکردەوە
$دەقی پەیامەکە$
35 ساڵ بەسەر یەکێکی دیکە لەو کارەساتانەدا تێدەپەڕێت، کە دژبەرانی مرۆڤایەتی و کورد، بەرانبەر شاری هەڵەبجە ئەنجامیاندا، ئەم ڕووداوە ئەڵقەی ناو زنجیرەیەک ڕووداو و کارەساتگەلێکی درێژ و بێ ئەنجامبوو، بۆ دەستەمۆکردن و قڕکردنی گەلی کورد.
کارەساتی کیمیبارانکردنی هەڵەبجە هێندە بێبەزەییانە ئەنجامدرا، کە لە کوورتمەودادا 5 هەزار ڕۆڵەی بێ تاوانی ئەم نیشتمانەی شەهید کرد و لە درێژمەوداشدا بووە هۆی سەرگەردانکردن و لێکدابڕانی هەزاران خێزان لە یەکدی، کە بەشێکیان هەتا ئێستاش بەردەوام سەرقاڵی گەڕانن بەدوای کەسوکاریاندا.
ئەوەی لێرەدا گرنگە بوترێت، بەڵێنە بێ کردارەکانە کە هەموو ساڵ لەگەڵ نزیکبوونەوە لەم ساڵیادەدا، لەلایەن حکومەتی هەرێم و دامەزراوە فەرمییەکانی ناوەندەوە بە گوێی خەڵکی شارەکەمدا دەدرێت، هەتا ئێستا نەتوانراوە بەپێی پێویست خزمەت شاری شەهیدان و بریندارەکانی کارەساتی کیمیاباران و منداڵە ونبووەکانی شارەکە بکرێت، بە ناچاری پەنا دەبرێنە دەرەوەی کوردستان و ئێراق بۆ چارەسەکردنی بەشێک لە ئازارەکانی جەستەیان.
لێرەوە وەک ڕۆڵەیەکی شاری شەهیدان دەمەوێت ئەوە بڵێم، حکومەتی هەرێم بە ئاشکرا و لە سەرەوەی هەرەمی دەسەڵاتی حکومەتەکە، بڕیاری دووبارە خنکاندنەوەی هەڵەبجەی داوە، لە ڕێگەی ئابڵوقە خستنەسەر و گرتنەوەی پڕۆژەی ستراتیژی و ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکان، کە ئەم کارەی دەکرێت، هیچی کەمتر نییە لەوەی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس دەیکرد بەرانبەر شارەکەمان.
شەهیدانی هەڵەبجە لەپاڵ شەهیدانی دیکەی ڕێی ئازادی کوردستان، بوونەتە سومبولێک بۆ ڕەوایەتی دۆزی کورد لە جیهاندا و بەشێکە لە پێناسەی کورد لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بۆیە ئەرکە کار بۆ بەرزڕاگرتن و خزمەتکردنی ئەو سمبولە بکرێت.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەلامەتی و سەرفرازی بۆ برینداران و قوربانیانی ئەو کارەساتە.
براتان:
وەهاب هەڵەبجەیی
[1]