$کوردستان و ململانێ گەورەکەی جیهان$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#07-12-2022#
$بەرایی$
سەردانی شی جین پینگ بۆ سعودیە، ئەویش تەنیا 5 مانگ دوای سەردانێکی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕیاز، ئاماژەیەکی دیکەی ململانێ گەورەکەی جیهانە؛ ڕکابەریی هێزداری نێوان چین و ئەمریکا، کە دەتوانێت ڕووخساری جیهان بگۆڕێت.
لەکاتیکدا کە سیاسەت لە کوردستان، بەشێوەیەکی سەرەکی لە بازنەیەکی بەرتەسک و دووبارەی ململانێی حیزبیدا دەسووڕێتەوە، ململانێ گەورەکەی جیهان خەریکە پێکهاتەی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە دەگۆڕێت و، بێشک ئەمە، کاریگەریی لەسەر هەر چوار بەشەکەی کوردستانیش دادەنێت.
$وزە و ئەولای وزە$
چین یەکێکە لە گەورەترین کڕیارانی نەوتی جیهان بەتایبەتیش سعودیە، بە گشتی نزیکەی چارەکی تەواوی بەرهەمی نەوتی سعودیە دەکڕێت. بێشک بۆ ئابوورییەکی وەکوو چین کە داهاتی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە 1.34 تریلیۆن دۆلار لە ساڵی 2001وە گەیاندووەتە 17.7 تریلیۆن دۆلار لە ساڵی 2021، دەسکەوتنی وزەی هەرزان و بەردەوام بایەخی خۆی هەیە. ڕەنگە لەم بابەتەشدا لەگەڵ ئیدارەی بایدن تەبا بێت سەبارەت بە هەوڵدان بۆ دابەزینی نرخی وزە. ڕۆژی 4ی دیسەمبەر، ئۆپێک پڵەس بڕیاریدابوو سیاسەتی کەمکردنەوەی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە بازاڕەکانی جیهان درێژە پێبدات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ڕێککەوتنی لەسەرکرابوو. ڕەنگە ئەمە بۆ ئەمریکا و ئەوروپاش هەواڵێکی دڵخۆشکەر نەبێت بەتایبەتی کە ئەوان بڕیاریانداوە گوشارێکی زیاتر بخەنەسەر کەرتی وزەی ڕووسیا. گەڕانەوەی بەهێزی بایەخی نەوت بۆ سیاسەتی جیهانی وایکردووە کە سەرکردەی وڵاتان زیاتر ڕوو لە کەنداو بکەنەوە. ئەمساڵ بێجگە لە بایدن و پینگ، سێرگی لاڤرۆرڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش چووبووە کەنداو. هەروەها، ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپاش ڕۆژی 18ی نۆڤەمبەر لە مەنامەی پایتەختی بەحرەینەوە ئەو پەیامەی دا کە ڕووسیا گەورەترین مشتەری خۆی لە کیس داوە کە ئەوروپایە، کۆتایی بە گرێدراوی خۆی بەو وڵاتە دەهێنێت.
لەڕاستیدا فاکتەری وزە بەشێکی گرنگی بایەخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە بەتایبەتی خەلیج بۆ هێزە گەورەکانی جیهان، بەڵام ئەوە هەموو شتێک نییە. چونکە ڕێک لەو کاتانەدا کە لە ئەمریکا باس لە پێویستیی بایەخدانی زیاتر بە ناوچەی ئیندۆپاسیڤیک دەکرا و گرنگی بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەمتر بوو، وڵاتێکی وەک چین خەریکی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەم ناوچەیە بوو. کارەکانی کۆڕبەندی چین و وڵاتانی عەرەبی کە لە 2004وە دامەزراوە زیاتر بووە و چین قەرزی بە هەندیک لەو وڵاتانە داوە. ئەمە بێجگە لە ڕێککەوتنی 25 ساڵە لەگەڵ ئێران وپەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا وتەنانەت ئیسرائیلیش. بێشک ئەمە بەشێکە لەو ڕکابەرییە هێزدارییەی کە ئەمڕۆ خەریکی شێوەی جیهان دەگۆڕێت.
$ڕکابەرییە هێزدارییە گەورەکەی جیهان$
زیاتر لە یەک دەیە دوای تێزە بەناوبانگەکەی فۆکۆیاما لەسەر کۆتایی مێژوو لە سەرەتای نەوەدەکان، کە ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی ئەمریکا و لیبراڵیزم بوو لە جیهان، بەشێوەیەکی پێچەوانە باسێکی دیکە دنیای سیاسەتی گرتەوە ئەویش کۆتایی سەردەمی تاکجەمسەری بوو لە جیهان! کار گەیشتە ئەوەی کە ئیدارەی بایدن لە بەڵگەی ستراتیژی ئاساییشی نەتەوەیی خۆیدا بە ڕاشکاوی باس لەوە بکات کە چین ڕکابەرێکی ڕاستەقینەیە. ناتۆش لە لوتکەی ئەمساڵیدا جەختی لەوە کردووە کە چین پڕۆژەیەکی هێزداری لە جیهان هەیە.
لەڕووی ئابوورییەوە، هەرچەند ئەمریکا هێشتا گەورەترین ئابووری جیهانە بەڵام خێرایی گەشەکردنی ئابووری ئەمریکا وەک ئەوەی چین نییە. بەپێی داتاکانی بانکی جیهانی، لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا، داهاتی گەشەی بەرهەمی نیوخۆیی ئەمریکا لە 10.58 تریلیۆنی ساڵی 2001وە بووەتە 23 تریلیۆن دۆلار لە ساڵی 2021، بەوەش دوو هێندە گەورەتر بووە، لەکاتێکدا کە ئەوەی چین زیاتر لە 15 جار گەورەتر بووە. لەڕووی سەربازییەوە چین خەرجییە سەربازییەکانی خۆی لە 50 ملیار دۆلارەوە لە ساڵی 2001 گەیاندووەتە 270 ملیار دۆلار لە ساڵی 2021. ئەمریکا لە 493 ملیار دۆلار لە ساڵی 2001 وە، خەرجییە سەربازییەکانی خۆی گەیاندووەتە 768 ملیار دۆلار لە ساڵی 2021. بە واتایەکی دیکە، چین زیاتر لە 5 هێندە خەرجییە سەربازییەکانی خۆی بەرز کردووەتەوە و ئەمریکاش نزیکەی دوو هێندەی کردووە. بە پێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگەی نێودەوڵەتی ستۆکۆڵم بۆ لێکۆڵینەوەی ئاشتی ( (SIPRI، لە ساڵی 2021دا خەرجییە سەربازییەکانی جیهان بۆ جاری یەکەم گەیشتووەتە 2.1 تریلیۆن دۆلار. هەر بە پێی ڕاپۆرتەکە، سێ هێزی ئاسیایی ( چین، ڕووسیا و هیندستان) لەنێو ئەو پێنج وڵاتەی جیهاندان کە زۆرترین خەرجیی سەربازییان کردووە و 52%ی هەموو خەرجییەکانیش لەلایەن چین و ئەمریکاوە کراون.
هاوشانی، ڕەهەندە ئابووری و سەربازییەکانی ڕکابەرییە هێزدارییەکەی ئەمریکا و چین، کێبڕکێی هەردوولا لەسەر درووستکردنی هاوپەیمانی و پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵی و چەند قۆڵییەکانیش زیادیکردووە. ناکۆکییەکان لەسەر باڵادەستی تەکنەلۆژی، کاریگەریی لە ناوچەی پاسڤیک لە گرنگترین ڕەهەندەکانی ئەو ململانێیە بوون کە ئێستا خەریکە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش شۆڕ دەبێتەوە.
$کوردستان و ڕکابەری زلهێزەکانی جیهان$
گرنگترین لێکەوتەی سەرقاڵبوونی هێزە گەورەکانی جیهان بە ڕکابەریی یەکتر، درووستبوونی بۆشاییەکی هێزە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمەش دەوڵەتانی خستووەتە جووڵە و گەمەیەکی نوێی هاوپەیمانی و ڕکابەری، بۆ ئەوەی باڵانسێکی هێز درووستبکەن.
هەرچەند هێشتا بۆشاییەکی هێز بە تەواوی درووست نەبووە، بەڵام ئەو دوودڵییەی کە ئەمریکا لە 2011 (وەرچەرخانی دیدی ئەمریکا بەرەو پاسیڤیک) بەدواوە لەم ناوچەیە نیشانیدا و بەتایبەتی لە 2019شدا گەیشتە لووتکە، خواستی دەوڵەتانی ناوچەکەی بۆ سیاسەتێکی تووندتر لە جاران بەرانبەر بە کورد زیاد کردووە. تورکیا و ئێران کردەوە سەربازییەکانی خۆیان لە ناوچەکە زیادکردووە و ئەمەش بیرهێنەرەوەی دۆخی کوردە لە قۆناخی دوو جەمسەریی جیهان، بە تایبەت لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کە سیاسەتی سەرکوتکاری کورد تەنانەت تاوەکوو ئاستی جینۆسایدیش ڕۆیشت. لە 2015 بەدواوە تاوەکوو 10ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ زیاتر لە 6000 کەس لە شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیادا گیانیان لە دەستداوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند ساڵێک پێش ئەوە، باس لە پڕۆسەی چارەسەری (ئیمرالی) لەنێوان تورکیا و پەکەکە دەکرا، وەک ئەوەی کە تورگوت ئۆزال لە پاش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤییەت دەیویست بیکات و سەرینەگرت. ئەمەش خۆی باشترین نموونەیەکە لەسەر ئەوەی کە چۆن گۆڕان لە هاوسەنگییە هێزدارییەکانی جیهان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر پرسی کورد دابنێت.
باڵادەستی ئەمریکا لە جیهان و هەردوو جەنگی ئێراق و جەنگی داعش کە هەردووکیشی بە سەرکردایەتی ئەو وڵاتە کران، ڕێگەیان بۆ دوو دەسەڵاتی دی ژۆر (De Jure) و دیفاکتۆی (De Facto) کوردی لە ناوچەکە خۆش کرد، بەڵام هەر لەو کاتەی کە دوودڵیی ئەمریکا و سیاسەتی ململانێی هێزە گەورەکان لە سەردەمی ئۆباماوە دەستیپێکرد، هەوڵە ناوچەییەکانیش بۆ سنووردارکردنی کورد زیادیان کرد. تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی زەوینی بەرفراوانی لە ڕۆژاوای کوردستان کرد و ئێستاش باسی چوارەم دانەی دەکات. سنووری دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە 2017 بەدواوە بەرەو کەمبوونەوەیەکی زیاتر ڕۆیشتووە و ئێرانیش تەنیا لە چەند مانگی ڕابردوودا لانی کەم سێ جار هێرشی فراوانی ئاسمانی کردووەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و، کاردانەوەیشی بەرانبەر ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش خوێناوی بوو. ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر لە دوای نێوەڕاستەکانی ساڵانی نەوەدەکانەوە، وازی لە هێرشەکانی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێنابوو، هەروەها هەوڵی برەودانی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدا.
بێشک دەرکەوتنەوەی شەپۆلێکی دیکەی ململانێی نێوان حیزبەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا بابەتێکی نێوخۆیی نییە بەڵکوو دەرهاوێشتەیەکی ئەو نەزمە گشتییەیە کە بەرەو گۆڕان دەچێت. دەرفەتی دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ بەگژدادانی کورد و سەرقاڵکردنیان بە یارییەکی سنوورداری خۆجێی زیاتر بووە، لە کاتێکدا کە بۆ نموونە خواستی ئەمریکا و ڕۆژاوا بۆ یەکخستنی پێشمەرگە بەخاوی دەچێتە پێشەوە.
$کۆتایی$
جیهان بەرەو گۆڕانێک دەچێت و کوردستانیش لە قۆناخێکی هەستیاردایە. سەردانەکەی شی جین پینگ نیشانەیەکی ئاشکرای ئەو گۆڕانەیە کە خەریکە ڕوودەدات. ئەکتەرە گرنگەکانی جیهان و ناوچەکە خەریکن خۆیان بەگوێرەی ڕکابەرییە هێزدارییەکەی چین و ئەمریکا ڕێکدەخەنەوە. بێگومان لەم قۆناخە ڕاگوزەرەشدا، شەپۆلێکی سیاسەتی دژەکوردی لە ناوچەکە هەڵیکردووەتەوە. هەڵبەت ئێستا ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو نییە و ئەگەر سیاسەتی کورد لە بازنە داخراوە ناوخۆییەکەدا گۆڕانی تێدا درووست بێت، نەک مەترسی بەڵکوو دەتوانێ دەرفەتێکیش بێت. وا مەزندە دەکرێت کە ژمارەی کورد بە بەراورد بە هەشتاکان لانی کەم سێ هێندە زیاتر بووبێت و توانا سیاسی و سەربازییەکەشی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، تێگەیشتن و جیهانبینی مرۆڤەکانیش گۆڕاوە، لەمانەش گرنگتر، دەوڵەتانی دەوربەری کورد هەم کێشەی ناوخۆییان زۆرتر بووە و هەم سرووشتی سیاسەت و دەسەڵاتدارییەکەیشیان وەک ڕابردوو نییە. دواجار هەموو گۆڕانێک دەتوانێت دەرفەت، یان مەترسی لەگەڵ خۆی بێنیت، هەڵبەت براوە ئەوەیە کە هەڵەکانی ڕابردووی دووبارە نەکاتەوە! [1]