بابەت: ڕەخنەی سیاسی
نووسین: محەمەد سالار (پاشا)
لەنێوان (حکومەتی کوردستان) و (حکومەتی هەرێمی کوردستان) دا
تێبینی: مەبەست لە حکومەتی کوردستان دەوارانی دوەمی حکومرانی شێخ مەحمودە.
$ناو$
- حکومەتەکەی شێخ مەحمود ناوی (حکومەتی کوردستان) بوو.
- حکومەتەکەی بارزانی ناوی (حکومەتی هەرێمی کوردستان) ە.
$دامەزراندن$
- حکومەتی کوردستان لە ڕێکەوتی (#10-10-1922# ) هاتە دامەزراندن.
- کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم لە ڕێکەوتی (#18-06-2014# ) دامەزرێنرا.
$شەرعیەت$
- حکومەتی کوردستان شەرعیەتی لە بەریتانیاوە وەرگرتبوو، چونکە بەپاڵپشتی و موبارەکەی بەریتانیا دامەزرا.
- کابینەی هەشتەم شەرعیەتی لە هەڵبژاردن و پەڕڵەمانەوە وەرگرتووە.
$وەزارەت$
- ژمارەی وەزارەتەکانی حکومەتی کوردستان (9) وەزارەت بوون.
- ژمارەی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم (19) وەزارەتن.
$وەزیرەکان$
- سەرجەم وەزیرەکانی حکومەتی کوردستان خەڵکی سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری بوون.
- لەکۆی (19) وەزیر (7) وەزیریان خەڵکی سلێمانین.
$سنوور$
- سنووری حکومەتی کوردستان بریتی بووە لە سلێمانی و دەوروبەری.
- سنووری کارگێڕی حکومەتی هەرێم بریتییە لە پارێزگاکانی (#هەولێر# ، #سلێمانی# ، #دهۆک# ، #هەڵەبجە# ) .
$ئێراق$
- لەگەڵ دامەزراندنی حکومەتی کوردستان، سلێمانی وەک ناوچەیەکی تایبەت تەماشا دەکرد.
- هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور بە بەشێک لە ئێراق ئەژمار دەکرێت.
$نازناو$
- نازناوی فەرمی #شێخ مەحمودی حەفید# (حوکمدار) بوو بەڵام دواتر نازناوی (مەلیکی کوردستان) ی لەخۆی نا.
- نازناوی فەرمی (#نێچیرڤان بارزانی# ) (سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران) ە، بەڵام لایەنگرانی پارتەکەی بە (ئەندازیاری ئاوەدانی) ناوزەندی دەکەن.
$پایتەخت$
- پایتەختی حکومەتی کوردستان شاری سلێمانی بوو.
- پایتەختی حکومەتی هەرێم شاری (هەولێر) ە.
$بنەماڵە$
- هەردوو حکومەت مۆرکی بنەماڵەی پێوەیە.
$باج$
- باجی حکومەتی کوردستان بریتی بوو لە بزنانە و مەڕانە.
- باجی حکومەتی هەرێم بریتییە لە (پارە) .
$زمانی فەرمی$
- زمانی فەرمی هەردوو حکومەتەکە زمانی کوردی بوو.
$سیستم$
- سیستمی حوکمڕانی حکومەتی کوردستان مەلەکی بوو.
- سستمی حکومرانی لەئێستادا نیمچە پەڕڵەمانییە.
$ئاڵا$
- ئاڵای حکومەتی کوردستان بریتیی بوو لە مانگێکی سوور لەسەر تەختەیەکی سەوز، لەگەڵ تاجیکی ڕەنگاوڕەنگ.
- ئاڵای کوردستان لەئێستادا بریتییە لە 4 ڕەنگ (سوور و سپی و سەوز) و ئەستێرەیەکی (21) پرشنگی تێدایە.
$دراو$
- دراوی سەردەمی شێخ مەحمود (روپیە) بوو، شیخ مەحمود لەهەوڵ دابوو دراوی تایبەت بەخۆی دەربکات بەڵام دەرفەت ڕێگەی نەدا.
- دراوی بەکارهاتوو لە ئێراق و ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بریتییە لە (دینار) .
$گۆرانکاری$
- بەهۆی فشارەکانی حکومەت و پێداگیری ئینگلیز، شێخ مەحمود شاری سلێمانی جێهێشت و دواتر هەر لەسەر داوای ئینگلیز گەڕایەوە و گۆڕانکاری لە چەند وەزارەتێک کرد.
- بەهۆی ڕێگری پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگە نەدرا بۆ ماوەی (2) ساڵ چوار وەزیر ئەدای کارەکانیان بکەن.
$هەوڵەکانی سەربەخۆیی$
- شێخ مەحمود لەگەڵ دەستپێکی حکومەتەکەیدا هەوڵەکانی خستە گەر بە مەبەستی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، بەم شێوەیە:-
أ- نازناوی خۆی لە (حکومدار) ەوە گۆری بۆ (مەلیکی کوردستان) .
ب- هەوڵی فراوانکردنی سنووری دەسەڵاتەکانی دا لە ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و چەمچەماڵ و ڕانییە. بۆ ناوچەکانی کەرکووک و ناوچە کوردنشینەکانی سەربە پارێزگای موسڵ.
ت- درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەمالییەکان کەئەمە پێچەوانەی ویستی بەریتانیا بوو.
س- پەروردەکردنی خوێندکاران لەسەر گیانی سەربەخۆیی، لەمبارەیەوە برایم ئەحمەد دەگێرێتەوە ئێمە منداڵ بوین لەدیواری مەکتەبەوە سەیرمان دەکرد قوتابییانی مەکتەبی مەحمودییە گۆرانیان دەوتەوە و دەیانوت وانابێ ئینگلیز وانابێ ئەم خاکە هەر بۆ تۆ نابێ.
ج- کۆکردنەوەی توانا دیبلۆماسییەکان بۆ دژایەتی کردنی ئینگلیز، لەمبارەیەوە شێخ مەحمود نامەی بۆ هەر یەک لە کونسوڵی سۆڤێت لە شاری تەورێز و شێخ مەهدی الخالسی گەورەی شیعەکان ناردووە.
ح- هەوڵدان بۆ لێدانی سکە و دەرکردنی دراوی تایبەت بەخۆی.
- لە (تەموزی 2017) مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاوەری چەند حیزبێک بڕیاریان دا لە (ئەیلولی هەمان ساڵ) ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت، لەوادەی خۆی ڕیفراندۆم ئەنجام درا، تیایدا تەنیا پرسیارێک لەهاووڵاتییان کرا ئەویش ئایا دەتەوێ هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییە.انی دەرەوەی هەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟ دەرەنجام (92٪) بەبەڵێ وەڵامیان دایەوە.
$دەرەنجامی سەربەخۆیی$
- پاش شکستهێنانی پڕۆژەی سەربەخۆیی شێخ مەحمود، دواجار:-
أ- هێزەکانی بەریتانیا لە (مایسی 1924) سلێمانیان بۆردومان کرد.
ب- کۆرەوی خەڵکی شار، بە جۆرێک لە (19300) ماڵ، تەنیا (700) ماڵ لە سلێمانی مانەوە و سەرجەمیان شاریان جێهێشت، و نزیک بە (4) مانگی پێ چوو تا گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ت- شێخ مەحمود سلێمانی بەجێهێشت.
س- لە (تەموزی 1924) هێزەکانی حکومەتی ئێراق و بەریتانیا هاتنە ناو شاری سلێمانی.
ج- سلێمانی بەشێوەیەکی فەرمی بوو بەبەشیک لە ئێراق.
ح- نائومێدی تەواوی ژیانی هاووڵاتییانی گرتەوە، بە جۆرێک پاش شکستی دەسەڵاتی کوردی، ڕۆشنبیران و هاووڵاتییان شێخ مەحمودیان بەبەرپرسیار دەزانی لەو دۆخەی ڕویداوە.
خ- دواجار لە (تشرینی یەکەمی 1926) شێخ مەحمود و بەریتانیا گەشتنە ڕێکەوتن لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
• نەشێخ مەحمود و نەهاوکارەکانى داخلى خاکى ئێراق نەبن بەئیزنى بەریتانیەکان نەبێت.
• شێخ مەحمود تەداخولى کارى حکوومەتى ئێراق نەکات.
• کورەکەى (بابە عەلى) بنێرێتە بەغدا بۆ خوێندن لەژێر سەرپەرشتى ئینگلیز.
• لێخۆشبوونى حکومەت لەشێخ مەحمود ماناى تەنازول کردنى خەڵکى نایەت لەشێخ مەحمود بەڵکوو لێخۆشبوونەکە تەنیا لایەنى سیاسى دەگرێتەوە.
• حکومەت سەرجەم سامانى شێخ مەحمود بۆ دەگەرێنێتەوە و لەلایەن بریکارێکىەوە بەڕێوە دەبرێت.
- دەرەنجامی هەوڵەکانی بارزانی بۆ سەبەخۆیی:-
أ- دادگای دەستووری ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی هەڵوەشاندەوە و حکومەتی هەرێمیش پەسەندی کرد.
ب- نزیک بە (51٪) خاکی هەرێم لەپێش ڕیفراندۆم بەدەستی کوردەوە بوو، لەدەستی دا.
ت- حکومەتی ئێراق و حەشدی شەعبی هاتنە ناو کەرکووک و ناوچە دابرێندراوەکانەوە.
س- سەرجەم ئیدارەی کوردی لەو ناوچانە کشانەوە.
ج- فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنووریەکان چونەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزی.
ح- کۆڕەوی خەڵکی ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ هەرێمی کوردستان.
خ- دەیان لێکەوتەی دیکە.
تێبینی:
هۆکاری نووسینی ئەم بابەتە بۆ دوو هۆکار دەگەرێتەوە:
یەکەم: لەئێستادا دەوترێت کە گوایە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراق هەلی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کورد هەبووە بەڵام کورد ئەو دەرفەتەی نەقۆستۆتەوە، دڵنیانم دوای (50) ساڵی دیکە دووبارە دەوترێتەوە کە لە دوای ڕوخانی داعش هەوڵی سەربەخۆیی فەراهەم بوو بەڵام کورد هەوڵی نەدا.
دووەم: هەموو ئەو هەڵانەی کە لە (100) ساڵی ڕابردوو کرا، دووبارە لە ڕیفراندۆمی (2017) ئەنجام درایەوە، هەر بۆیە لە کۆتاییدا یەک ئەنجامی هەبوو. [1]`