$رێساکانی گەمە$
#سیروان ڕەحیم#
#29-10-2019#
نەگبەتی و بەلەنگازیی کوشندە لە ڕۆژهەڵات ئەوەیە، گەلە دیکتاتۆرێکی دەبەنگ دەستیان لە دەسەڵات گیر کردووە. کۆمەڵێک چەوسێنەر کە نازانن، یان لە هەندێ ساتی بڕیاردەر و یەکلاکەرەوەدا خاڵە سەرەکی و ڕێسا گرنگەکەی گەمە لەبیر دەکەن. خاڵی سەرەکی و ڕێسایەک، کە دەبێت هەمووان بیزانن، ئەوەیە: لەو ناوچەیە چارەنووسی هیچ کەس و هیچ وەڵاتێک لە دەستی خۆیدا نییە و نابێت بێ مۆڵەتی فیلە گەورەکان هەموو هەنگاوێک بنێت.
ئەمە لە مێژە وەهایە، شای ئێران، سەدام حسێن، قەزافی، مورسی و هتد، لەو کەسانە بوون کە دەمێک لە دەمە هەستیار و ناسکەکاندا لێیان تێکەڵ دەبوو، ساتێک کە دەبوو بڕیارێکی تر بدەن، بەڵام بینینیان لێڵ دەبوو، هۆشیان لەکار دەکەوت، خۆیان لەو بڕگەی ڕێسایە نەبان دەکرد، هاوکات خۆیشیان لێدەبوو بە زلهێز یان خۆیان لێدەبوو بەو هێزەی دەتوانن گەمەی فیلە گەورەکان بشێوێنن.
ئایا ئەوان، هەر هەموویان ئاوەزیان بۆ ئەوە نەدەچوو و ناچێت کە دەستتێوەردان لە گەمەی فیلە گەورەکاندا باجی خۆی هەیە؟
هەندێ جار ئەو دیکتاتۆرانە بە ملشکاندن لەو گەمەیە دێنە دەرێ، هەندێ دیکتاتۆر کە ئەوەندە گەلانی خۆیان زەلیل کردووە، ئەوەندە لە دژی کەمینەی نەتەوەیی و ئایینین و هەرچەند پەلاماردەدەن و بەرسڤیان نەدراوەتەوە، ئیتر وەها حاڵی بوون دەتوانن زلهێزەکانیش ناچاری ویست و داخوازی خۆیان بکەن.
دوو شت وەهایان لە ئەردۆغان کرد خۆی بە گەمەکارێکی گەورە بێتە بەرچاو. قەبارەی خۆی وەکوو ئەوەی هەیە نەبینێت و زۆر زلتر لە ڕاستیی هێزی خۆی ببینێت و مەچەکی خۆی نمایش بکات. دوو شت هۆکار بوون ئەم دیکتاتۆرە وا بزانێت کە دەتوانێت گەمەی فیلەکان بشێوێنێت.
یەک: پەرتەوازەکردن و لەناودانی ڕکابەرانی خۆی لە ناوخۆی وەڵاتەکە، ڕکابەرانی بە هەموو ڕەنگ و دەنگەکانەوە.
دوو: ئەو وەهمەی لایەنگرانی، دەوروبەرە کۆیلەکەی خۆی و هەروەها مرۆڤی بەلەنگازی عەرەب پێیدەبەخشێت. وەهمێک کە ئەوان لەناویدا دەژین و باوەڕیان وایە ئەردۆغان فریادڕەسە و دەتوانێت بۆ نموونە ئیسرائیل بهێنێتە سەر چۆک و قودس ئازاد! بکات. هەمان ئەو مرۆڤە نەگبەتە، ئەم وەهمە تێیدا دەدرەوشێتەوە و دەیبەخشێتەوە بە ئەردۆغان و ئەردۆغانیش خۆی لێدەبێت بە سەرکردەیەکی گەورەی وەها کە لە مێژووی نزیکدا جیهانی ئیسلامی بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئیخوانەکانی کوردستانیش هەر ئەمە بڵاودەکەنەوە و هێڵکاریی ئەردۆغان بەو چەشنە پێشکەش دەکەن.
بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا بێ چەکی ڕۆژاوا و بێ چەک و تەکنەلۆژیای سەربازیی ئەمەریکا و ئیسرائیل تورکیا و لەشکرەکەی ئەو هێزەن کە سەنگیان هەبێت؟ با ڕۆژاوا و ئیسرائیل لەسەدا دەی ئەو هێز و پاڵپشتەی دەیدەن بە تورکیا بیاندابا بە کورد، ئایا ئەردۆغان دەیتوانی سەرکێشی ئەوە بکات پەلاماری کورد لە هیچ پارچەیەکی کوردستان بدات؟
بێگومان هەر لە سەرەتای هێرشی ناڕەوای ئەردۆغان و دەستدرێژی ئەو دیکتاتۆرە بۆ سەر ڕۆژاوا، هەر لەگەڵ یەکەمین جریوەکانی ترامپدا، لە پەیام و قسەکانی ترامپدا سەنگی ئەو پیاوە دەرکەوت، پیاوێک لەناوخۆدا ڕێگەی هەناسەی لەبەر هەموو دەنگ و ڕەنگێکی جودا بڕیوە، پیاوێک بەئاگر و ئاسن و بەپاڵپشتی تیرۆریستانی #داعش# و نووسرە دەیەوێت خەونی کورد لەباربەرێت، پیاوێک خۆی لێبووە بە ڕکابەری زلهێزەکان و فریادڕەسی ئیسلام، کەچی ترامپ زۆر بە سانایی و زۆریش بەڕوونی بەردەوام هەڕەشەی لێدەکات و بەردەوام سووکایەتی پێدەکات.
بەکوورتی ترامپ بەردەوام پێیدەگوت و بەبیری دەهێنایەوە: هەر کاتێک لاساری بکات و ڕێساکانی گەمەکە تێکبدات ئابووریی تورکیا وێران دەکات.
باشە هەڵگری ئەم ئاوەزانە کەی هەست دەکەن ئەوە نین بەرەوڕووی فیلە گەورەکان بوەستنەوە؟
ئەمانە کەی لە ڕێساکانی گەمەکە حاڵی دەبەن، تاکوو ئاوەها زەلیلانە جڵەوگیریان نەکەن و ناچاری بەچۆکداهاتنیان نەکەن؟ دیارە لە دۆخی ئەردۆغاندا هەوڵی کوێرکردنی خەونی کورد، هەوڵی لەناوبردنی کورد و هیواکانی کورد وایان لێکردووە هەموو شتێک لە بیر بکات و هەموو لێکدانەوەیەکی ئاوەژوو بێت. دەنا دەبوو لەگەڵ کورددا وتووێژ بکات و ماڵی شووشەئاسای خۆی نەکاتە ئامانج بۆ مووشەکی ترەمپ.
گەورەترین مووشەکێک لەم شەڕەدا بەر ئەردۆغان کەوتبێت، دوا قسەی نامەکەی ترامپ بوو کە ڕۆژی 9ی ئۆکتۆبەر ئاڕاستەی کرد، نامەیەک کە وای کرد ئەردۆغان زووتر فەرمانی هێرشکردن بە لەشکرەکەی بدات.
(Dont be a fool!)
تۆ چۆنی وەردەگێڕیت کێشە نییە، بەڵام ئەوە گەورەترین مووشەکێکە کە سەرۆکی ئەمریکا نای بە ئەردۆغانەوە و جەرگی پێکا.
ئەوان دەزانن سایکۆلۆژیای بەرانبەر بە چی تێکدەشکێت، ئەوان دەزانن لەگەڵ کێ و چۆن قسە دەکەن، دەزانن دەبێت کەرەستەی قسە و داڕشتن چ بێت.
ئەوان دەزانن پیاوێکی ڕۆژهەڵاتی کە بەردەوام بە چوارپەنجەی دەستی سڵاو لە جەماوەری ئیخوان دەکات، پیاوێک خۆی لێبووە بە فریادڕەسی موسوڵمانانی ناوچەکە، بەوە وێران نابێت هەزاران سەربازی لەشکرەکەی بکوژرێن، دەزانن بەوە تێکدەشکێت لوتبەرزی و غروری بۆشی هەلاهەلا بکرێت. پیاوێک لە هێرشی خۆیدا بۆ سەر کوردی بێ پشت و پەنا، تیشکی سەوز لە ئەمەریکا وەردەگرێت، کەچی سەرۆکی ئەو وەڵاتە پێی دەڵێت:کەر مەبە!
بۆ ئەردۆغان ئەو ساتە، ساتێک ئەو قسەیەی بۆ دەکەن بە تورکی تێکدەشکێت و بەر لە دەستپێکردنی شەڕ دەیدۆڕێنێت.
گەلۆ چ هەڵبژاردەیەک باشتر و بەسوودتر بوو بۆ هەمووان و بۆ ناوچەکەیش؟ وتووێژ و ڕێککەوتن لەگەڵ کورد یان خۆکردنە ئامانجی ئەو مووشەکانەی ترامپ؟
بەرەو نۆ ساڵ دەچێت تورکیا بە زۆر شێوە و شێواز ئاڵاوەتە کێشەی سووریاوە. لە ناوەندە گرنگەکانی بڕیاردان باس لەو بەڵگانە دەکرێت کە پەیوەندیی نێوان ئەردۆغان و تیرۆریستانی داعش و نووسرە دەسەلمێنن. هەر لە ناردنی چەکەوە بۆ سووریا، کە ڕۆژنامەوانانی وەکوو جان دوندار تێیدا بوونە قوربانی و ناچار کران بەرەو تاراوگە سەری خۆیان ڕزگار بکەن، هەر لە ئازادکردنی هەموو کارمەندانی کونسوڵخانەی تورکیا لە مووسڵ 2014، ئازادکردنی هەر هەموویان لەسەردەستی داعش، داعشێک کە ئەودەم لە ترۆپکی دڕندەبوونیدا بوو، تاکوو خەباتی شانبەشانی تورکیا و گرووپە تیرۆریستەکان لە سووریا لە دژی کورد، هەموو ئەو کارە بێهوودانە چ دەستکەوت و چ بەرهەمێکیان بۆ تورکیا دەستەبەر کرد؟ ئەو خۆلەوتاندن و ماڵی خۆوێرانکردنە تەنیا لەپای کوێرکردنی خەونی کورد؟
ئێستایش کە شەڕ بەرەو کۆتایی دەچێت و ئەردۆغان بەڵێنی لەناودانی کورد و گەڕانەوەی مووسڵ و #کەرکووک#ی بۆ باوەشی وەتەن نەبردە سەر، بەڵێنێک کە بە دەوروبەر و جەماوەرە توندڕەوەکەی خۆی دابوو، شەڕ نەما و ئیتر کەس بیانووی نەما لە گۆڕەپان و لە هیچ شوێنێک سەڵاوی سەربازی بکات، شەڕ نەما و بەدەستی خاڵییەوە هاتنە دەرێ و ئابووریی وەڵاتیش لەو دۆخە داوەشاوەدایە، گەلۆ ئەمە دەبێت بەسەرەتایەک بۆ گلۆربوونەوەی یەکجارەکی دەسەڵات و ترس لە ئەردۆغان؟ گلۆربوونەوەیەک وەها ملی بشکێت جارێکی تر ئیسلامی سیاسی نەتوانێت لەم ڕێگەیەشەوە بگات بە دەسەڵات، ڕێگەی خاپاندن و چاوبەستکردنی هەمووان کە ئیسلامێکی سیاسی میانڕەو هەیە. [1]