$یورگەن هۆپە؛ مرۆڤە جوانەکەی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا$
#سیروان ڕەحیم#
#27-11-2019#
$کاک یورگەن$
لەسەر خواستی خۆی بەردەوام بە کاک یورگەن بانگمان دەکرد. کاک یورگەن دۆستێکی میهرەبان و هاوڕێیەکی گەورەی ئێمە بوو. لەنێوان ساڵانی 1961 1966 دیرۆک و زانستی سیاسی لە زانستگەی هایدلبێرگ لە ئەڵەمانیا خوێندبوو. تاکوو خانەنشین بوو کاری ڕۆژنامەوانی بۆ ڕادیۆ و بۆ تەلەڤزیۆن دەکرد. لەو کەسانە بوو کە دەیانەوێت دەرەوەی کولتوور، زمان و بیرکردنەوەی خۆیشیان بدۆزنەوە، شارەزای ببن و پێی ئاشنا بن.
کاک یورگەن منداڵی نێو شەڕ بوو، شەڕی جیهانیی دووەم. ئەو منداڵیی خۆی لە ڕۆژگارێکی پڕ کارەسات و تژی لە نەهامەتی و ستەمدا گوزەراندبوو. خۆی لە باسی منداڵیی خۆیدا دەیگوت:
بەردەوام لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر لە ڕاکردن و خۆشاردنەوەدا بووین. خراپترین شتیش گەیشتن بوو بەو وێستگە هەرە خەمگین و پڕ برک و ژانەی کە دایک و باب ئیتر نەیاندەتوانی تێرمان بکەن. بۆیە ناچاربووین لە کێڵگە و ماڵە جووتیارەکاندا وەکوو خزمەتکار و تەنیا بۆ تێربوون کار بکەین.
ئەو لەوبارەیەوە دەیگوت:
ئەوە خراپترین ڕۆژگاری ئێمە بوو. کارکردن بە منداڵان تاوانە و ئەوان لە ڕۆژگاری ئەو تاوانانەدا منداڵیی خۆیان بەسەربردووە.
پاش تەواوبوونی شەڕ یورگەن هۆپە بە پشتگیری و یارمەتیی مامێکی دەتوانێت لە شاری ئۆسنابروک دەست بە خوێندن بکات. لە شاری مانهایم قۆناغی ئامادەیی و لە شاری هایدلبێرگیش زانکۆ تەواو دەکات. پاش تەواوکردنی خوێندن، لە ڕۆژنامەی مانهایمەر مۆرگەن دەست دەکات بە کار و دواتریش بۆ ماوەی بیست ساڵ لە باشووری ئەڵەمانیا لە دەزگای میدیایی ئێس دی ئێر درێژە بە کاری ڕاگەیاندن دەدات.
$ناسینی کورد و کێشەکەی$
ساڵی 1985 لە سۆنگەی دامەزراندنی پڕۆژەیەکی نوێی ڕاگەیاندن، یورگەن هۆپە بەرەو شاری دۆرتموند هەواری خۆی دەگوازێتەوە. لەوێ دەبێت بە بەرپرسی پڕۆژەکە و ڕادیۆی نێونەتەوەیی دۆرتموند دادەمەزرێنن. وەکوو یورگەن دەیگوت، پاش لێکۆڵینەوە هەست بەوە دەکەن کە ژمارەیەکی زۆر کەسانی پەنابەر و بیانی لەو هەرێمەی ئەڵەمانیا دەژین و پێویستە بە زمانی خۆیان زانیارییان پێشکەش بکرێت و ئاگاداری ڕووداوەکان بن، چ لە بواری سیاسەت یان لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا. لەوێ هۆپە و هاوڕێکانی بڕیار دەدەن لە پڕۆژەی نوێیاندا بە هەشت زمان خزمەتگوزاریی میدیایی پێشکەش بکەن.
لە گفتوگۆیەکدا کە ساڵی 2012 لەگەڵ کاک یورگەن لە ماڵی خۆی سازمان دا، باس لەو ڕۆژگارە و ئاشنا بوون بە کێشەی کورد و ڕقی نەتەوەپەرستانی تورک بەرانبەر بە کورد دەکات. کاک یورگەن دەڵیت:
لە کۆبوونەوە و دیدارەکانماندا بۆم دەرکەوت بەشێکی زۆر و گرنگ لە تورکیا کوردن، بە کوردی دەدوێن و بە کوردی بیردەکەنەوە.
یورگەن هۆپە خۆی بە بزەیەکی شیرینەوە دەیگێڕایەوە و دەیگوت:
لە کۆبوونەوەیەکدا بە دڵێکی ساف و ساکارەوە پاش سەرەتایەک سەبارەت بە کورد و کوردستان وتم: کەواتە ئێمە دەبێت بە زمانی کوردییش بەرنامەمان هەبێت. کاتێک ئەم پێشنیازەم لە دەم دەرچوو، بوو بە هەرا. تورکە بەشدارەکانی کۆبوونەوەکە کە ڕۆژنامەوان و ڕۆشنبیر بوون، هەرهەموو هەستان، بەڕوومدا هەڵشاخان و وتیان: واتە تۆ دەتەوێت دوژمنایەتی تورکیا بکەیت. تۆ دەتەوێت وەڵاتەکەمان پارچەپارچە بکەیت و بە زمانێک کە (بوونی نییە) بەرنامە ساز بکەیت.
ئەو ڕۆژە کاتێک هۆپە دەگەڕێتەوە ماڵ، دەبینێت ماڵەکەیان بە هێزی پۆلیس دەورە دراوە و هاوژینەکەی لێیدەپرسێت: چ قەوماوە؟ چیت کردووە کە بەردەوام زەنگی تەلەفۆنەکەمان لێدەدات، بە تەلەفۆن سووکایەتیمان پێدەکەن و هەڕەشەی کوشتنمان لێدەکەن؟
یورگەن دەیگوت: پاش ئەو ڕووداوە زۆرتر و باشتر تێگەیشتم کە کورد لەگەڵ چ دژوارییەکی کوشندە ڕووبەڕوون و گیرۆدەی چ چارەنووسێکی تاڵن.
کاک یورگەن لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا بە درێژی باس لەو ڕووداوە دەکات، هەروەها باس لەوەیش دەکات کە جارێک هێزی ئاساییشی شاری دۆرتموند هێرشێکی تورکە توندڕەوەکانیان لە دژی خۆی و ماڵباتەکەی پووچەڵ کردووەتەوە. بەڵام سەرباری ئەو هێرش و مەترسیانە، ئەوان کۆڵیان نەدا و ساڵی 1987 بەشی کوردییان لە ڕادیۆی ڤێ دێ ئێر ی ئەڵەمانی کردەوە و تاکوو ئێستایش بەردەوامە.
پاش ئەوە ئیتر یورگەن هۆپە لەلای کوردەکان و لەلای تورکەکان دەبێت بە کەسێکی ناسراو، بەڵام کەسێک بە دوو وێنەی زۆر لێکجیاواز. کەسێک بۆ توندڕەوان، ڕەگەزپەرستان و پەڕگیران ئاژاوەگێڕ و نەیار، بۆ کورد و یارانی ئازادیش دەنگێک، نەوایەک و ئاوازێکی جوان لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا، وەکوو دەنگێک دەناسرێت و دەبیسترێت کە تەنیا بۆ خۆشەویستی، لێکتێگەیشتن و پێکەوەهەڵکردنی مرۆڤ و کولتوورەکان کار دەکات.
ساڵی 1996 بۆ یەکەمجار یورگەن هۆپە گەشتی کوردستان (باشوور) دەکات، ئیتر ئەو گەشت و پەیوەندییە بەردەوام دەبێت و نزیکەی شازدە جار سەردانی باشووری کوردستان دەکات. لە دیداری سەرکردەکانی کوردەوە تاکوو بەشداربوون لە کردنەوەی پەڕڵەمانی (یەکگرتووی) کوردستان لە ساڵی 2002دا چالاک و بەشدار دەبێت. بەشێوەیەکی بێلایەن و هاوکات پارێزەری ئازای مافی مافخوراوان بەردەوام دەنگ و دۆخی کورد دەگەیەنێت بە خەڵک و بە چەندین ناوەندی گرنگی ئەڵەمانیا.
یورگەنی ئازیز، خەمگینین بە مردنت. ماڵئاوا و ئۆغر بێت پیاوە ئازیز و میهرەبانەکە.
یورگەنی ئازیز، خۆشبەختە ئەو کەسەی وەکوو تۆ ئازایانە و پاکژانە دەژی و ئەو هەموو هاوڕێ و هۆگرەیش لە ئەڵەمانیاوە بۆ کوردستان بە مەرگی خەمگین دەبن.
لە دڵماندایت و بیرت دەکەین کاک یورگەن. [1]